هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكا كۆبۆوە

ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ژۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا فەرماندەیئۆپڕاسیۆنەتایبەتەكانیسوپایئەمەریكاسوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پێزانینی هەبوو بۆ ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئاماژەیشی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە كرد كە ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و بە بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە لە ئاییندەیشدا بەیەكەوە هەنگاوی باش دەنێن. فەرماندەیئۆپڕاسیۆنەتایبەتەكانیسوپایئەمەریكالە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەو بارە قورسەی لە شەڕی تیرۆردا لەسەر شانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانە ئەوەی دووپات كردەوە كە سوپای ئەمەریكا ئەوەی لە توانای دابێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە دەیكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگە كە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێكبشكێنێت، سوپاسی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و، پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانی بە كاریگەر وەسف كرد. سەرۆك بارزانی هێمای بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستە ڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەم شەڕە لەخۆی دوور بكاتەوە و لە مەترسییەكانی بەدوور بێت. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە تەك چارەسەری سەربازی شەڕی فكری داعش بكرێت و سەرچاوەی داهاتیان وشك بكرێت و ڕێگەی هاتوچوویان بگیرێت و ئازادیی هاتوچووی تیرۆریستان لە نێوان وڵاتان نابێ لەسەر حیسابی ئاساییشی جیهانی بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەرێم و بەغدا لە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەماهەنگیی هێزە عێراقییەكان لە شەڕی داعش باسی لەسەر كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئازادكردنی كۆبانێ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و شاندی میوان ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی هێز كوردییەكانی كۆبانێی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دووپاتكردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

سه‌رۆك بارزانی گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/2/2015 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌ورووپا هێنا و له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر گه‌یشته‌وه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.


جێگەی ئاماژەپێكردنە سه‌رۆك بارزانی لەسەر‌ بانگهێشتێكی فەرمی بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی له‌ میونیخ سه‌ردانی ئه‌ورووپای كرد و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەیش چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی و سیاسەتەمەداری وڵاتانی جیهان كەوت و دوای ته‌واوبوونی كۆنفرانسه‌كه‌یش سه‌ردانی وڵاتی فه‌ڕه‌نسای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و گه‌وره‌ به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسا كۆبۆوه‌. هەروەها وڵاتی نەمسا دوایین وێستگەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو و لەوێ لەگەڵ سه‌رۆكی نه‌مسا كۆبۆوه‌.

 

 

 

 

سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند لە كۆشكی ئەلیزە لە شاری پاریس پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە سەرەتای دانیشتنێكی گەرم و دۆستانەدا سەرۆكی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كوردستان و هەروەها سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان لە كۆبانێ و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە یارمەتیدانی سەربازی و پاڵپشتیی ئاسمانیی پێشمەرگە جەختی لەوە كردەوە كە فەڕەنسا لە بواری مرۆیی و سیاسی و سەربازیدا لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەروەها لە مەسەلەی یارمەتیدانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییش لە هەماهەنگییدا دەبن. سەرۆك هۆڵاند ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییدا هەموو تواناكانیان دەخەنە گەڕ بۆ پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی و دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فەڕەنسا جەختی لەو گرنگیی ئازادكردنی موسڵ و نەهێشتنی تیرۆریستان لە شوێنەكانی دیكە كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسای كرد بۆ پاڵپشتیكردنیان و هەروەها سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسای بۆ هەولێر بەرز نرخاند كە لە كاتێكی زۆر قەیراناوی بوو و كوردستان كەوتبوو بەر هێرشی تیرۆریستان و ئەو سەردانە كاریگەرە خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە كوردستان دۆستی زۆر گەورەی هەیە. سەرۆك بارزانی سەرەخۆیشیشی لە سەرۆكی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆی كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و بایەخی ئازادكردنی كۆبانێ و هەماهەنگیی نێوان هێزە كوردییەكان خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسای كرد كە پێشوازی لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی كۆبانێ كردووە و پێزانینی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆك هۆڵاند هەبوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئامادەكارییەكانی سوپای عێراق و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش و كورتەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ خستەڕوو.

لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێرا لە شاری میونیخ جەخت لە هەماهەنگی و هاوكاریی هەرێم و بەغدا كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان و تیرۆریستان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و كێشە و دۆخی نێوخۆیی تیرۆریستانی داعش قسەی لەسەر كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی فەڕەنسا كۆبوونەوە

ڕۆژی دووشەممە 9ـی 2ـی 2015 لە شاری پاریس و لە وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا جۆن ئێف لۆدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشوهەوایەكی دۆستانە بەڕێوەچوو بە تێروتەسەلی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادبوونی ناوچەیەكی بەرفراوان لە دەست تیرۆریستانی داعش و ئازادبوونی كۆبانێ لە لایەن هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان خرایە بەر باس. هەروەها وەزیری بەرگریی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی باسكرد كە ئەو ڕاپۆرتانەی هێزە فەڕەنساییەكان لە هەرێمی كوردستان دەنێرن ئاماژە بەوە دەدەن كە مەشق و ڕاهێنانەكان زۆر سەركەوتوون و باس لە لێهاتوویی و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن. هەروەها بەردەوامیی وڵاتەكەیشی لە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی هنووكەیی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا كۆبۆیەوە

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 فەرید یاسین باڵیۆزی عێراق لە فەڕەنسا لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی ئێوارەخوانێكی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە پاریس ساز كرد كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و سیاسەتمەداری فەڕەنسایی و بیانی بانگهێشت كرابوون.

هەر لە هەمان شوێن و بەر لە دەستپێكی ئێوارەخوانەكە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خاتوو ئێلیزابێت گویگۆ سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا كۆبۆیەوە.

لەم دانیشتنەدا سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد. هەروەها ستاییشی ڕۆڵی ئافرەتانی كوردی كرد لە جەنگی دژی تیرۆریستان بە تایبەت لە كۆبانێ و سەرسامیی خۆی بە خەباتگێڕی و ئازایەتیی ئافرەتانی كورد نیشاندا.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ڕۆڵی كورد لە هاوكێشەكانی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی نەمسا كۆبۆوە

ڕۆژی هەینی 13ـی 2ـی 2015 لە شاری ڤیەننا بەڕێز هانز فیشەر سەرۆكی نەمسا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشوهەوایەكی دۆستانەدا بەڕێوەچوو هەڕەشەكانی تیرۆریستان و بارودۆخی ئێستای كوردستان و هەروەها داهاتووی كوردستان و ناوچەكە و ڕۆڵی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها سەرۆك بارزانی لە قسەكانیدا تیشكی خستەسەر سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی نەمسا جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی كردەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا ڕابۆچوونی خۆیان لەبارەی ئاییندەی سوویا و ڕۆڵی كورد لە ئاییندەی سووریا گۆڕییەوە.

بەر لە دەستپێكی ئەم دیدارە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان هەر دوو سەرۆكدا، سەرۆكی نەمسا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و هەروەها باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی نەمسا و گەلی كوردستان و دۆستایەتیی دێرینی خۆی لەگەڵ جەنابی مام جەلال و سەرۆك بارزانی كرد.

هەر لەم پڕێسكۆنفڕانسەدا سەرۆكی نەمسا باسی لە بایەخی سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لە دوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی بۆ خوانی نیوەڕۆ میوانی سەرۆكی نەمسا بوو.

بۆ بینینی پڕێسكۆنفڕانسەكە ئێرە دابگرە

پەڕەى 220 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی