هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر كرد

دوێنێ، یەكشەممە، 1/2/2015، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەگای خۆی لە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، پێشوازی كرد لە فەخری كەریم سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر.

لە دیدارەكەدا، سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر سەرۆك بارزانی، لە هەموو ئەو پێشهاتانە ئاگادار كردەوە كە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی نێو حكوومەتدا بەڕێوەدەچن لەگەڵ دەستبەكاربوونی بەڕێز حەیدەر عبادی بەسەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، یان ئەو ڕێوشوێنانەی لایەنە جیاجیاكان و هێزە میللییەكان چاوەڕێیانن لە پێناو هێنانەئارای كەشێك بۆ كاری نیشتیمانیی هاوبەش و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم ئەو گۆڕانكارییانەی ئامانجیان چاكبوونەوەی ژیانی سیاسی و هەنگاونانە بەرەو چەسپاندنی دیموكراسی.

لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی، تەئكیدی لەسەر كارلێكی ئیجابیانەی هەرێم كردەوە بەرانبەر حكوومەتی عبادی و پشتیوانی ئەو هەنگاوانەی بۆ پتەوكردنی یەكێتیی نیشتیمانی و كۆكردنەوەی هەموو تواناكان لەپێناو شكاندنی تیرۆر و داعشدا دەنرێت.

لە دیدارەكەدا، تەئكید كرایەوە لەسەر سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕاوەدونانی داعش و كۆكردنەوە هەرچی لە توانادایە بۆ بنبڕكردنیان لەسەر خاكی كوردستان، هەروەها كاركردنی هاوبەش لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی عێراقدا، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزە. فەخری كەریم، بەپێزانینەوە باسی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە ئامادەكردنی هێزەكان و سەركردایەتیكردنیاندا.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: جه‌نگی دژ به‌ داعش به‌ ته‌واوكه‌ری شۆڕشه‌كانی ترمان ده‌زانین بۆ رزگاری یه‌كجاری و پاراستنی خاك و سنوورمان

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/2/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كرد، كه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و لێپرسراوانی میحوه‌ره‌كان ئاماده‌ی بوون.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ شاری كه‌ركووك سازكرا، هه‌ریه‌ك "محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود- لێپرسراوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركووك ، د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم- پارێزگاری كه‌ركووك، شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا- فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 و كه‌مال كه‌ركووكی- لێپرسراوی میحوه‌ری كه‌ركووك- دبس و ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی "ی.ن.ك" له‌ كه‌ركووك و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "ی.ن.ك") و به‌كر مسته‌فا راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێی كوردستان ئاماده‌یبوون.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرا به‌ ناردنی دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی رزگاری كوردستان و شه‌هیدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان خوازرا.

له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سه‌ربازی ناوچه‌كه‌و به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سنووره‌كه‌ تاوتوێ كران و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان جه‌ختی له‌ گرنگی و بایه‌خی ناوچه‌كه‌ بۆ كورد كرده‌وه‌و رایگه‌یاند"ده‌بێ هه‌موو دوژمنان بزانن كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر لای ئێمه‌ هێڵی سوورن و ئاماده‌ین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قوربانی له‌ پێناویان بده‌ین و ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌ به‌ ته‌واوكه‌ری شۆڕشه‌كانی ترمان ده‌زانین بۆ رزگاری یه‌كجاری و پاراستنی خاك و سنوورمان".

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قسه‌كردن و گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر پلان و به‌رنامه‌كانی داهاتووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌م ناوچه‌یه‌و چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستان و پاراستنی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ توندترین شێواز، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ تاوتوێی سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی كردو بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ درا.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"با هاووڵاتیان دڵنیا بن كه‌ ئێمه‌ لێره‌ین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێڵین تیرۆرستان بستێك بێنه‌ پێشه‌وه‌و خاكی پیرۆزی كوردستان داگیر بكه‌ن و بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی له‌م شێوه‌یه‌ش ئاماده‌ین و به‌ توندترین شێوه‌ به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌ینه‌وه‌".

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: به‌ پلان و ستراتیژی نوێوه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5/2/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان به‌ یاوه‌ری "د. كه‌مال كه‌ركووكی" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "پ.د.ك" و "سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "ی.ن.ك" و "رێباز بێركۆتی" سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر سه‌ردانی شاری كه‌ركووكیان كردو له‌لایه‌ن د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك و رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

له‌ دیدارێكد گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی شاری كه‌ركووك و چۆنیه‌تی توندوتۆڵ كردنی رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ رێگری كردن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد كه‌ وردتر له‌ جاران كار بكه‌ن".

لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری كه‌ركووك سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فدی میوانی كردو گوتی"دانیشوانی كه‌ركووك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ به‌رگریان لێده‌كه‌ین و ده‌یانپارێزین".

هه‌ر ئه‌مڕۆ و له‌ شاری كه‌ركووك، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان وسه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كرد، كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ "د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم- پارێزگاری كه‌ركووك، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا- فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 و فه‌رمانده‌ سه‌ربازی و لێپرسراوی میحوه‌ره‌كان ئاماده‌ی بوون.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ وردی تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ پێویستی زانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌رده‌وام بن له‌ به‌رگری كردن له‌م ناوچانه‌و به‌ توندترین شێوه‌ به‌رپه‌رچی هه‌ر هێرشێكی تیرۆرستان بده‌نه‌وه‌و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی"بۆ له‌مه‌ودوا به‌ پلان و به‌رنامه‌و ستراتیژی نوێوه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كان به‌رگری له‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌ین".
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هاوكاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ گرنگی زانی كه‌ باشترین هاوكاری سه‌ربازی و مرۆیی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێ".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"راسته‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر جه‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌ین رووبه‌ڕوو ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌كه‌ین و كۆڵ ناده‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك باش بزانن و تێبگه‌ن له‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كورد گه‌لێكی ئازادیخوازه‌و دژی تیرۆر و تیرۆرستانه‌".

په‌یامی پیرۆزبایی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

خه‌ڵكی قاره‌مان و تێكۆشه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌...
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌...

به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی بڕیاری به‌ پارێزگابوونی شاره‌ قوربانیده‌ره‌كه‌تان گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ی قوربانیده‌ر شایانی زیاترن.

گه‌لی كوردمان له‌ مێژووی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری خۆی ده‌یان داستان و قاره‌مانیه‌تی نه‌به‌ردانه‌ی نواندووه‌و جۆره‌ها قوربانی داوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانمان، له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان هه‌میشه‌ سه‌ری رمی قوربانیدان و به‌رگری كردن بوونه‌ له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد رژێمی فاشیستی به‌عس به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ كیمیابارانیان بكات و له‌ چه‌ند ساتێكدا پێنج هه‌زار كه‌سی شه‌هید كرد، ئه‌مڕۆش كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ به‌ پارێزگا جێگای دڵخۆشی هه‌موومانه‌و ده‌بێ هه‌موومان هه‌مان هه‌ستی خۆشی و شادی خه‌ڵكی قاره‌مان و خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌بێ و ئه‌م دیارییه‌ بچووكه‌ش پێشكه‌شی شه‌هیدانی شاره‌كه‌ بكه‌ین.

له‌ كات و ساتی ده‌ركردنی ئه‌م بڕیاره‌دا له‌ پاڵ دڵخۆشی به‌ پێویستی ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م و له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌ڵێم ئێوه‌ شایانی له‌وه‌ زیاترن و دوای به‌ پارێزگابوونی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌تان، ده‌بێ هه‌موومان هه‌وڵده‌ین هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌ نموونه‌ی پارێزگاكانی ناوچه‌كه‌ له‌ رووی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و پێشكه‌وتنه‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

 

 

 

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی بیستویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

برای بەڕێزم مامۆستا محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی

بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی

بەبۆنەی بیستویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان دەكەم.

لەو بارودۆخە هەستیارەی كە شەڕێكی زاڵمانە لە لایەن تیرۆریستان بەسەر گەلەكەماندا سەپێندراوە ئەولەویەتی سەرەكی هەموومان بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتیمانییە. سوپاس بۆ خودا لە سایەی خۆڕاگریی گەلەكەمان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون.

لایەنێكی گرنگی ئەم شەڕە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی تیرۆریستانە. داوا لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە لەڕووی فكرییەوە بە هەموو توانەیەك شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكەن و ڕێگە نەدەن بە هیچ شێوەیەك هزری نامرۆڤانەی تیرۆر لە كوردستان جێگە بكاتەوە.

جارێكی دی پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەكەم و هیوادارم لە ئەرك و كارەكانتاندا سەركەوتوو بن و ئومێدی پێشكەوتنتان بۆ دەخوازم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

6ـی 2ـی 2015

لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخ سەرۆك بارزانی چەندین دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجام دا

ئەمڕۆ هەینی 6ـی 2ـی 2015 و لە یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخی ئەڵمانیا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوە و بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسەكە كرد.

هەر ئەمڕۆ لە یەكەمین ڕۆژی دەستپێكردنی چالاكییەكانی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی میۆنیخ و لە میانی كۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو مادڵین ئۆڵبڕایت وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

هەروەها لە پەراوێزی یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێباستیان كورز وەزیری دەرەوەی نەمسا و ڤێزنا پۆسیچ وەزیری دەرەوەی كرواتیا كۆبوونەوە و لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان و هەروەها پەیوەندیی دوو قوڵی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا و كرواتیا تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی دیكەی چالاكییەكانی یەكەم ڕۆژی كۆنفڕانسی میۆنیخ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پارلەمان و كەسایەتیی سیاسی و ئەمنیی ئەوروپا و ئەمەریكا بەشداری مێزگردێكی تایبەت بوون و تێیدا بارودۆخی مەیدانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

شایانی ئاماژەپێكردنە لەم دیدار و كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

پەڕەى 223 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی