هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی کوشتنی بارمتە ژاپۆنییەکە دەکات

به‌ توندی سەرکۆنەی کوشتنی هاووڵاتیی ژاپۆنی "هارونا یۆکاوا" بە دەستی تیرۆریستانی داعش دەکەین کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە لە سووریا، لە لایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیەوە ڕفێنرابوو.

ئەم ڕەفتارە وەحشیگەری و نامرۆڤانەیەی داعش هێندەی دی دەیسەلمێنێ کە مەترسیی ئەم تیرۆریستانە هیچ سنوور  و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و وڵاتێک نابوێرێ و دوژمنێکی گەورەی جیهان و شارستانی و مرۆڤایەتییە، هەر بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جددیتر و یەکدەست لە هەموو ڕووەیەکەوە، پێکەوە کار بکەن بۆ بنەبڕکردن و لەناوبردنی ئەم مەترسییە گەورەیه‌.
                                                    
بە ناوی حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی "هارونا یۆکاوا" و حکوومەت و گەلی ژاپۆن دەکەین، هاوکات داواکار و هیوادارین هاووڵاتیی ژاپۆنی"کینجی گۆتۆ" کە ئەویش بارمتەیەکی دیكەی دەست تیرۆریستانی داعشە، بە زووترین کات ئازاد بکرێ و لە هەڕەشەی کوشتن ڕزگاری بێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

2015/1/25

 

نێچیرڤان بارزانى گه‌یشته‌ ڕیاز

بۆ به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شا عه‌بدوڵڵا، شاى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 2015/1/25، به‌ نوێنه‌رایه‌تیى  جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى ىسه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و حكوومەتی هەرێمى كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێك گه‌یشته‌ ڕیازى پایته‌ختى سعوودیه‌ و له‌ لایه‌ن به‌ڕێز میر تركى بن عه‌بدوڵڵا بن عه‌بدولعه‌زیز، میرى ڕیازه‌وه، پێشوازى لێ كرا.

نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/1/25، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و شا و ڕێبه‌رانى جیهان، له‌ كۆشكى یه‌مامه‌ى شاهانه‌ له‌ ڕیازى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شا عه‌بدوڵڵا بن عه‌بدولعه‌زیز شاى كۆچكردووى سعوودیه‌ كرد و به‌ ناوى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ شاى تازه‌ى سعوودیه‌ جه‌نابى شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز و جێنشینى شا و ئه‌ندامانى خانه‌واده‌ى شاهانه‌ كرد.

 


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌ نوێنه‌رایه‌تیى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و حكوومەتی هەرێمى كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێك بۆ به‌شداریكردن له‌ پرسه‌كه‌، گه‌یشتبووه‌ ڕیازى پایته‌ختى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز میر تركى بن عه‌بدوڵڵا بن عه‌بدولعه‌زیز، میرى ڕیازه‌وه، پێشوازییان لێ كرا. 

 



 

 

 

 

 

 

 

 

وتەبێژی فەرمی حكومەت سەردانی یەشار كەمال دەكات

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی ئەمڕۆ لە ئستەنبول سەردانی نووسەری  ناسراوی تورکیا کە بە رەگەز کوردە، یەشار كەمال، كرد لەنەخۆشخانە ولەلایەن خاتوو عایشە بابانی خێزانی نووسەرەوە پێشوازی لێكرا.

لەم سەردانەدا وتەبێژی حكومەت رێز وسڵاوی سەرۆك وەزیران وحكومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە نووسەری گەورە وخانەوادەكەی وهیوای چاكبوونەوەی بەپەلەی بۆ خواست.

شایانی باسە نووسەری گەورە یەشار كەمال کە لە ساڵی 1923 لە دایکبووە، یەكێكە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی تورکیا کە لەرێگەی رۆمان وچیرۆكەكانیەوە هەوڵی داوە مەزڵوومیەتی گەلی کورد لە کوردستانی تورکیا نیشانی جیهان بدات. نووسینەكانی بۆ چەندین زمانانی جیهان وەرگێردراوە ولەهەشتاكانی سەدەی بیستەمیش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل پاڵێوراوبووە.

سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، پشتگیرى له‌ وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ده‌كه‌ن

وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تدا، كاژێر هه‌شتی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/1/19، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌وامی ئاساییی خۆیان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورى ده‌ست پێكرد و سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌زاره‌تیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان وه‌زیر و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌ت كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سه‌ردانى به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى، به‌ پاڵپشتى و هاندانێكى گه‌وره‌ و بره‌ودانێكى زیاتر بۆ ئه‌و چاكسازییه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا، كه‌ له‌ وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى داموده‌زگاكان و ڕێكخستنه‌وه‌ى داهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ زیاده‌كان و ڕۆتینى كارگێڕى و پلاندانان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى هێزى كار و ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى و بره‌ودان به‌ ئابووریى كوردستان و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م بارودۆخه‌، به‌ هاوكاریى ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و ستافى وه‌زاره‌‌ت، ده‌ستى پێكردووه‌.

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌و پێیه‌ى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كابینه‌ى بنكه‌فراوانه‌، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى به‌شدار له‌ حكوومه‌تدا، به‌شدارییان له‌ سه‌ركه‌وتن و كه‌موكوڕییه‌كانى حكوومه‌تدا هه‌یه‌. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى گرنگیى وه‌زا‌ره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه‌، هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تدا، كاریگه‌ریى خێرا له‌سه‌ر ته‌واوى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك و به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى حكوومه‌ت هه‌یه‌.  باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ ئامانجى وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ى له‌ ڕابردوودا كه‌ڵه‌كه‌ بوون، بۆ كه‌مترین ڕاده‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌ و سیسته‌مێكى سه‌رده‌میانه‌ى سه‌ركه‌وتوو بێنێته‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى خۆڕاگریى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و به‌ڵێنده‌رانى كرد كه‌ به‌رگه‌ى قه‌یرانى داراییان گرتووه‌.

لاى خۆه‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وته‌یه‌كدا ته‌واوى پشتگریى خۆى و به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بۆ به‌ڕێز وه‌زیر و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى بۆ چاكسازی و ڕێكوپێككردنی وه‌زاره‌ت ده‌ستیان پێكردووه‌، ده‌ربڕى. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ دوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یه‌كه‌م گرنگترین وه‌زاره‌تى حكوومه‌ت، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییه و هه‌ر كێشه‌ و گرفت و كه‌موكوڕییه‌كیش هه‌بێت، هه‌موو حكوومه‌ت و له‌ سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و خودى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش لێى به‌رپرسیارن، نه‌ك ته‌نیا وه‌زیرێك، یان حزبه‌كه‌ى.

هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌ هه‌نگاوه‌كانى به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى كرد و ڕایگه‌یاند "ناكرێ پێشبینیی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وه‌زیرێك ده‌توانێ له‌ ماوه‌ی ته‌نیا شه‌ش مانگدا، هه‌موو شته‌كان ڕێكبخاته‌وه‌، به‌ڵام دڵنیاین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌ڕێز وه‌زیری دارایى و ئابوورى ده‌ستی پێ كردووه‌، ڕاستن، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى و ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، هه‌موو پشتگیرییه‌كی ده‌كه‌ین و كه‌موكوڕییه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانیش، په‌یوه‌ندییان به‌ به‌ڕێز وه‌زیره‌وه‌ نییه،‌ كه‌ له‌م‌ كابینه‌یه‌دا پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرتووه". تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ماوه‌ی ڕابردوو هه‌ڵمه‌تێكی دژوار دژی به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى له‌ ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ گوتى: "پشتگیری ده‌كه‌ین و دڵنیاین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ناویه‌تی، به‌ره‌و چاكسازی ده‌ڕوات.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "قه‌یرانی دارایی وانه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و چاكسازى بكه‌ین و بزانین كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانمان له‌ كوێین". هه‌روه‌ها له‌پێناوى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى كاروباره‌كانى وه‌زاره‌تدا، داواى له‌ هه‌موو ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى و به‌رپرسان و داموده‌زگاكانى وه‌زاره‌ت كرد به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ببنه‌ هاوكار و پشتگیری له‌ هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بكه‌ن. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و كات و بڕیارى قورسى ده‌وێت و به‌ڕێز وه‌زیریش پێویستی به‌ ژینگه‌یه‌كه‌ بتوانێت كاری تیادا بكات، بۆیه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی ده‌كه‌ین. ده‌رباره‌ى بانگهێشتكردنى وه‌زیرانیش بۆ په‌رله‌مان، داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ى‌ ڕێسا یاساییه‌كانه‌وه‌ و به‌ ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش، له‌ وته‌یه‌كدا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى پشتگیری له‌ وته‌كانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ به‌ڕێز وه‌زیر و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌كات. تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ ئاسان نییه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ وه‌زاره‌ت ده‌گیرێت و هه‌وڵی دروستكردنی كێشه‌ى بۆ ده‌درێت. هه‌روه‌ها داواى كرد هه‌مووان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازیدا هاوكار و یارمه‌تیده‌رى به‌ڕێز وه‌زیر بن و بۆ ئه‌مه‌ش سوود له‌ شاره‌زاییى پسپۆڕانى بیانى وه‌ربگرن، بودجه‌ی 2015یشى به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ چاكسازی له‌ قه‌ڵه‌م دا.

پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى و به‌رپرسانى داموده‌زگاكانى وه‌زاره‌ت، كۆمه‌ڵێك دید و سه‌ره‌نجى خۆیان بۆ چۆنیه‌تیى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و نوێكردنه‌وه‌ى سیتسه‌مى كار و به‌ڕێوه‌بردن خسته‌ ڕوو. له‌ كۆتاییشدا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سوپاسى پشتگریى به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌ وه‌زاره‌ت و هه‌نگاوه‌كانى بۆ چاكسازى، دووپات كرده‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ڤاتیكان كرد

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جۆرجیۆ لینگۆ، باڵیۆزى ڤاتیكان له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز باڵیۆزى ڤاتیكان له‌ عیراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ڤاتیكان زۆر له‌ نزیك و به‌ بایه‌خه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و عیراق ده‌كات و سوپاس و پێزانینى ڤاتیكانى بۆ سیاسه‌تى كرانه‌وه‌ و پێشوازیكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و به‌تایبه‌تیش پێكهاته‌ى مه‌سیحى و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ ئه‌وان، ده‌ربڕى.

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى بارودۆخى ئێستایان و پێداویستییه‌كانیان له‌ ڕووى په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستى و نیشته‌جێكردن‌ و لایه‌نه‌كانى دیكه‌‌ و ئه‌و كار و خزمه‌تگوزارییانه‌ى تا ئێستا پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان كراوه‌، پوخته‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرا و بۆ ئه‌مه‌ش سوپاس و پێزانینیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. بۆ قۆناغى ئێستاش جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى مانه‌وه‌ى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌.

لاى خۆه‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى حكوومه‌ت و پابه‌ندیى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كوردستان به‌ بنه‌ماكانى پێكه‌وه‌ژیان و كه‌لتوورى لێبورده‌یى و پێشكه‌شكردنى كۆمه‌ك و هاوكارى بۆ ته‌واوى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بێ جیاوازى كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا كه‌ ڕووبه‌ڕووى ڕێكخراوێكى دڕه‌نده‌ى تیرۆرستى ده‌بینه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌یامى ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌نێرین و خوازیارى ئه‌و ڕۆژه‌ین كه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان. داوایشى له‌ ئاواره‌كان كرد خۆڕاگر بن تا ئه‌م قۆناغه‌ كاتیه‌ ده‌ڕوا و ئارامى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنه‌كانیان. هه‌روه‌ها وێڕاى ناردنى سڵاو و ڕێز، پێزانینى خۆى بۆ قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا‌ سوپاس و پێزانین پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرا بۆ به‌شداریكردنى له‌ ڕێوڕه‌سمى جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیحدا و ئه‌و وتاره‌ى له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پێشكه‌شى كرد كه‌ بووه‌ هۆى هاندانى هه‌موو لایه‌ك بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ى گیانى پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى و ته‌بایى و سوپاسى خه‌ڵك و حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیران كرا، بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان كراوه‌.

 

 

 

 

 

پەڕەى 229 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی