هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدیان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خۆشحاڵم كە لە بۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدییاندا سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە دیاری پێشكەشی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەین و، ئەمە شیاوترین پیرۆزباییە لەوان دەكەین.

دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان و گەییشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال لە 18ـی 12ـی 2014 مانای خۆی هەیە. با هەموو دوژمنان و ناحەزان بزانن ئەگەر جارێك بۆیان بڕەخسێت كینی خۆیان بەرانبەر كورد و كوردستان دەربكەن، لە كۆتاییدا باجی تاوانەكانیان دەدەن و ئەبێ تیرۆریستانی داعش ببنە پەند بۆ هەموو دوژمنان.

هیوادارم بەیەكگەییشتنی ئەم سەركەوتنە مەزنە و جەژنی ڕۆژووی خوشك و برایانی ئێزیدی ببێتە هۆی ساڕێژبوونی برینی ئێمە و ئەو ئازیزانە و گەلی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەین كە سەری دوژمنان دەكەوێتە ژێر پێیان.

هەزارن سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی هەمیشە زیندوو. دوعای چاكبوونەوەی بە پەلەش بۆ بریندارەكان و دەست و چاوی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان ماچ دەكەم كە من دەزانم چ قارەمانییەكی مەزنیان تۆمار كردووە.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 12ـی 2014

 

 

 

 

بەبۆنەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 19ـی 12ـی 2014 بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زووممار و شەنگال و شكاندنی ئابڵۆقەی تیرۆریستانی داعش لەسەر چیای شنگال. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانەی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەدەستیان هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پشتگیری و پشتیوانی حكوومەتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان دووپات كردەوە و جەختی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە.

سەرۆك بارزانی سەردانی مەزاری شەرفەدین لە چیای شنگال كرد

ئێوەارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی 12ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ چیای شنگال سەردانی مەزاری شەرفەدینی لە چیای شنگال كرد كە بە یەكێك لە شوێنە پیرۆزەكانی كوردانی ئێزیدی هەژمار دەكرێت.

لەم سەردانەیدا سەرۆك بارزانی لە لایەن ژمارەیەك كەسایەتیی ئایینی و كۆمەڵایەتیی دەڤەری شنگال و ئێزیدی پێشوازیی لێكرا و ئامادەبووانی مەزاری شەرفەدین ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی دەڤەری شنگال. سەرۆك بارزانیش پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنەی لە خوشك و برایانی ئێزیدی و خەڵكی ناوچەكە كرد و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو و سڵاوی خۆیشی بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كە گیانی خۆیان لەپێناو بەرگریكردن لە خاك و كەرامەتی كوردستان فیدا كردووە.

 

 

 

 

سه‌رۆك بارزانی گه‌یشته‌ سه‌ر چیای شنگال

دوای سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنەكانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە هەردوو میحوەری ڕەبیعە بۆ چیای شنگال و زوومار بۆ چیای شنگال و ئازادكردنی ناوچەیەكی بەرفراوان لە ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە و دەڤەری ڕەبیعە و زوومار و شنگال ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21/12/2014 به‌ڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گه‌یشته‌ سەر چیای شنگال.

سەرۆك بارزانی پاش گەییشتنی بە چیای شنگال لە یەكێك لە بارەگاكانی پێشمەرگە لە چیای شنگال له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال بۆ تاوتوكردنی دوا بارودۆخی مه‌یدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ و چۆنیه‌تی هاوكاری كردنی ئه‌و خێزانانه‌ی له‌سه‌ر چیا ماونه‌ته‌وه‌ كۆبۆیەوە.

لەدوای كۆبوونەوەكە لە پڕێسكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی كە لە چیای شنگال بەڕێوەچوو پەیامی سەركەوتنی بە گەلی كوردستان راگه‌یاند و گوتی سوپاسى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م كه‌ توانیان داستانێكی مێژوویی تۆمار بكەن و له‌ میانه‌ى 24 سه‌عاتدا دوو رێگاى سه‌ره‌كى ڕەبیعە و زوومار بۆ چیای شنگال بكەنەوە‌.
سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی ئێزدی كرد بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانیان لەلایەن پێشمەرگەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئاواتێكى ئه‌وه‌ بوو كه‌ بێته‌ سه‌ر چیاى شنگال و پیرۆزبایى سەركەوتن له‌ خوشك و برایانى خۆی بكات. هەروەها دەستخۆشیی لە پێشمەرگە كرد و گوتی: "پێشمەرگە داستانێكی مێژوویی تۆماركرد،

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سڵاوی بۆ شەهیدانی پێشمەرگەش نارد و گوتی " ئه‌و سەركەوتنە به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه، له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ ئێستا گیانى پاكى شه‌هیدان بەو سەركەوتنە خۆشحاڵن". لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ستاییشی خۆڕاگری ئەو خەڵكە قارەمانەی كرد كە لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆشدا لە چیا ماونەتەوە و بوونەتە پەندی خۆڕاگری بۆ هەموو جیهان.

دوای وتەكەی، سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

بۆ بینینی دەقی وتاری سەرۆك بارزانی كلیكی ئەم نووسینە بكە.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شێخی هۆزی شەمەر دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی 12ـی 2014 لە شاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شێخ عەبدوڵڵا حمێدی عەجیل ئەلیاوەر شێخی هۆزی شەمەر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شێخی هۆزی شەمەر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەستیانهێناوە و هەروەها ئازادبوونی ناوچەیەكی بەرفراوانی دەڤەری شنگال و ڕەبیعە و زووممار. سوپاسی قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد لە تێكشكاندن و دەرپەڕاندنی تیرۆریستانی داعش لەم ناوچانە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شێخی هۆزی شەمەری كرد و جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەو عەرەبانەی بەشداری تاوانەكانی داعش بوونە و هاوكارییان كردوون و تاوانیان لەدژی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە لەو تاوانانەدا بەرپرسیارن و شەریكی زوڵم و تاوانی تیرۆریستانی داعشن.

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ سیناتۆرێكى ئه‌مه‌ریكى ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ى دیسه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى پێشوازى له‌ به‌ڕێز سیناتۆر "پات ڕۆبه‌رتس"، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز سیناتۆر ڕۆبه‌رتس خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى كوردستان ده‌ربڕى، به‌ تایبه‌تى كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وى و سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و خۆى بووه‌ته‌ شاهیدى سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كه‌ كورد له‌ مێژوودا هه‌میشه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام توانیویانه‌ خۆیان ڕزگار بكه‌ن و وه‌ك جه‌نگاوه‌رى به‌رگریكار له‌ مافه‌كانیان ناسروان. سوپاس و پێزانینى خۆیشى بۆ قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى و هیواى خواست پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامى كۆتایى، به‌رده‌وام بن.

به‌ڕێز سیناتۆرى میوان ڕوونى كرده‌وه‌ تیرۆرستانى داعش كه‌ به‌ تیرۆركارى و دڕه‌نده‌یى و تۆقاندن، مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى دروست كردووه‌، به‌ ته‌نیا دوژمنێكى سه‌رسه‌ختى عیراق و سووریا نین، به‌ڵكوو دوژمنى ته‌واوى مرۆڤایه‌تین و ده‌بێ به‌ یه‌كجارى بنه‌بڕ بكرێن و نه‌مێنن. هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى باشتر ببن و هاوكاریى زیاتر پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه‌ و سه‌ربكه‌وێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى بۆچوون و تێبینییه‌كانى كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهات و پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌، به‌ تایبه‌تى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م ڕۆژانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال و داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنى باشى به‌ ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى، پێویستى به‌ هاوكارى و چه‌كى قورس و و مه‌شق و ڕاهێنان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى كرد كه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆ سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه،‌ هاوكار بوون.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها باسى له‌ ڕه‌وش و بارودۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرد، به‌ تایبه‌تیش ئاواره‌ ئێزدى و مه‌سیحییه‌كان كه‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان،  هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌هانایانه‌وه‌ بچن و هاوكارییان بكه‌ن و ئارامى و سه‌قامگیرییان بۆ دابین بكه‌ن. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تا له‌ ئاواره‌ییدان، ئه‌وه‌ى له‌ توانادا بێت هاوكارییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌وان پێویستییان به‌ هاوكاریى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌.

 

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 241 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی