هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی نوێی میسر لە هەولێر دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر فەهمی كونسوڵی نوێی وڵاتی میسر لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی نوێی میسر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە وەك كونسوڵی تازەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی گەل و حكوومەتی میسری بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ هەوڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بە ڕێزەوە سەیری خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان دەكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی كونسوڵی تازەی میسری كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەی لەسەر كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێو هەرێمی كوردستان و میسر كرایەوە.

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبۆیەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد. دواتر كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركووك ئیدانه‌ ده‌كات

 

 

 

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ توندی ته‌قینه‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانی‌ دوێنێ و ئه‌نجامده‌رانیان له‌ شاری خۆشه‌ویستی كه‌ركووك، ئیدانه‌ و ڕیسوا ده‌كات و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌ركووك و ته‌واوی كوردستان ده‌كات، هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازێت.

تیرۆرستان و دوژمنانی ژیان و ئازادی و مرۆڤایه‌تی، كه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی جه‌نگدا ڕۆژ به‌ ڕۆژ گورزی كوشنده‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك پیشه‌ی قێزه‌وه‌نی خۆیان هه‌میشه‌ له‌ كاتی شكست و كه‌وتندا، په‌نا بۆ كاری ترسنۆكانه‌ی تیرۆر و شه‌هیدكردنی خه‌ڵكی سڤیل و به‌ئامانجگرتنی شوێنه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تیرۆر هه‌رگیز كۆڵمان پێنادات و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان، تا كۆتایی و تا له‌ناوبردنی تیرۆرستان، له‌ خه‌بات و تێكۆشان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاریكیی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بن و وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رده‌كه‌ون.

نه‌مری بۆ شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتن بۆ پێشمه‌رگه‌، بژی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2014/12/5

 

 

 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێكی پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی كۆبووەوە

ئەمڕۆ شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ شاندێكی USIP (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) بەسەرۆكایەتی د. ایلی ابو عون بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و سەرهەنگ حەمەسعید بەرپرسی پێشكەوتوو لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان باسیان لە كردنەوەی ئۆفیسێكی تایبەت بە USIP لە هەولێر كرد كە ئامانج تێیدا پتەوكردنی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و USIP یە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكان و باروودۆخی ئەمڕۆی ئاوارەكان و دوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

هەروا باس لە دوایین پێشووەچوونەكانی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرا هەروەها باروودۆخی ئاوارە یەزیدیەكان و كریستیانەكان و چۆنێتی یارمەتیدانیان.

فەلاح مستەفا بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو هیوای خواست ئەم دیدارە سەرەتایەك بێت بۆ پەیوەندیەكی بەردەوام و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروا گووتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزیران دووچاری هێرشێكی بەرفراوانی تیرۆرستان هات. بەڵام پێشمەرگەو گەلی كوردستان قارەمانانە توانیان بەرگری بكەن و رێگری لە پێشڕەوی كردنی تیرۆرستان بگرن، دواتر پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گورزی ئاسمانی و یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە هاوكێشەی جەنگی گۆڕی و توانرا زۆر ناوچە لە تیرۆرستان پاك بكرێنەوە. 

سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەكان و ژمارەیان ، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی بە داخەوە ئێستا ئاوارەكان لە بارودۆخێكی دژواردان و بەهۆی زۆری ژمارەیان حكومەتی هەرێم ناتوانێ‌ وەك پێویست تەواوی پێداویستیەكانیان بۆ مسۆگەر بكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازیەكان رۆلی بەرچاویان هەبووە لە پێشكەش كردنی یارمەتیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین كۆمەك و یارمەتی زیاتر بگاتە هەرێم چونكە ئاوارەكان پێویستیان بە جێگەو شوێنی حەوانەوەو خوێندن و تەندروستی زیاتر هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا فەلاح مستەفا گووتی ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا ئەرێنی بوو، كێشە گرنگەكان تاوتۆێ كران و ڕێگە چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە. پێویستە هەموو پێكهاتەكانی عیراق لەم پرۆسە سیاسیە بەشداربن و بەغدا ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە گۆڕینی باری سیاسی ئێستا بۆ بارێكی گوونجاوتر.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دەستخۆشی لەم هەنگاوەی (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) كرد بۆ كردنەوەی نووسینگەیان لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی بۆ پێشكەشكردنی هەمووجۆرە ئاسانكاری و هاوكاریەك بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان .
 

 

 

 

 

 

 

 

دارا جەلیل خەیات: سەرەڕای گرفتەکان، هەرێمی کوردستان پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی پاراستووە

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرەڕای ئەو گرفتانەی لەم دواییەدا روویاندا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی بپارێزیت. بەهۆی ئەو سەقامگیریەی لەڕووی ئاسایشەوە لەشار وشارۆچکەکانیدا هەیە توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەعیراق وناوچەکەدا."

لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشەی تیرۆریستی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە، "دوو تەحەددای زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم هەرێمی کوردستان کە بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەرێم بیر لە پەیڕەوکردنی شێوازی دیکە وپلانی دیکە بکات بۆ پاراستنی باری ئابووری. ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەسەقامگیری ئەمنی وسیاسی وگرنگیدان بەکەرتی تایبەت".

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ وەبەرهێنان "باشترین وەڵام بوو لەو بارودۆخەدا. هەبوونی وەبەرهێنەری خۆماڵی لە کەرتە چالاکەکان، بەڕێژەی دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70 لەسەد وایکرد سستیێکی زۆر نەکەوێتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە وزەرەرەکە بەڕێژەیەکی گەورە نەبێت بەبەراورد لەگەڵ شوێن وناوچەکانی دیکەی عیراق".

بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق وهەرێمی کوردستان لەئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستانی رێکخراوی ناسراو بە داعش، هەروەها بەهۆی بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عیراق وپێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی هات کە بەهۆیەوە زۆر لەپرۆژەکان وەستان.

دارا جەلیل خەیات، رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وبەغدای بەپێشڤەچوونێکی گرنگ لەقەڵەمدا ودووپاتیکردەوە کە ئەم رێککەوتنە زەمینە خۆشدەکات بۆ بەجمووجۆلکردنەوەی چالاکی ئابووری؛ هەروەها عیراق وکوردستانیش پێگەیەکی بەهێزتریان لەبازاڕی نەوتی جیهاندا دەبێت، ئەگەرچی ئێستا نرخی نەوت دابەزیووە. گوتیشی کە "بەپێی پێشبینیەکان لەماوەی پێنج تا شەش ساڵی داهاتوودا داهاتی نەوتی عیراق رەنگە بگاتە زیاتر لە300  ملیار دۆلار."

دارا جەلیل خەیات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە "گرنگی بەئەنجامدانی کۆمبوون ودیداری بازرگانی وئابووری بدرێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان لەبواری بازرگانی ووەبەرهێناندا هەیە." هاوکات ئاماژەی بەو رێککەوتن وکۆبوونەوانە کرد کە هەرێمی کوردستان وبێللاروسیا وهەنگاریای لەم دوواییەدا کۆکردەوە کە "بوونە دەستپێکی گرنگ بۆ هەنگاوی گرنگتر لەئایندەدا".

دیداری ئابووری ژووری بازرگانی دوبەی هەر لەم بارەیەوە، لقی هەولێری ژووی بازرگانی دوبەی دیدارێکی ئابووری لە 18ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو ئەنجامدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ئابووری کوردستان وبەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی، بەتایبەتی ئیماراتی. پارێزگاری هەولێر وسەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم وکۆنسوڵی گشتی ئیمارات وکۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان ونوێنەری ژووری بازرگانی ئەڵمانیا وژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی بواری ئابووری ووەبەرهێنان ئامادەی بوون.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر گەڕانەوەی چالاکیە بازرگانیەکان کردەوە وئاماژەی بە دەوری حکومەتی هەرێم دا لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان وبەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری هەرێم.
لەم دیدارەدا، دارا جەلیل خەیات وتی "بەگرنگدان بە بواری پیشەسازی دەکرێ خودی کوردستان وشارەکانی عیراق وووڵاتانی دەوروبەر سوود لە بەرهەمە پیشەسازیەکان وەربگرن وەکو ئاسن وچیمەنتۆ".

لەبواری گەشتوگوزاریشیدا، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم ئەوەی دووپاتکردەوە، "بەسوود وەرگرتن لەم کەرتە دەکرێ ساڵانە کوردستان پێشوازی لە چوار تا پێنج ملیۆن گەشتیار بکات بەجێبەجێکردنی پرۆژەی تازە وپێشکەوتوو".

لەلای خۆشیەوە کارمیلیۆ فیکارا، کۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان، گوتی "بەهۆی ئەو بارودۆخەی عیراق وهەرێم وناوچەکە بەگشتی پێیدا تێپەڕی، دوو پیشانگای زۆر گرنگی ئیتاڵی لەهەرێمی کوردستان دواخرا بەڵام لەئایندەیەکی نزیکدا چالاکیەکانمان لەهەرێمی کوردستاندا دەستپێدەکاتەوە". فیکارا ئەوەی دووپاتکردەوە کە کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی بەپەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیە ئابووری وبازرگانیەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لەهەمان دیداردا، راشد ئەلمەنسوری، کۆنسوڵی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە وتەیەکدا دووپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیر وئارامە وخاوەنی پێگەی ئابوری خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وڵاتەکەی بیر لە پرۆژەی گەورە وسوود بەخش دەکات کە لە کوردستان جێبەجێی بکات" .

راشد ئەلمەنسوری دووپاتیکردەوە "بوونی پێشمەرگە، باشترین زامنکاریە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لەهەرێمی کوردستان، چونکە پێشمەرگە بەپاراستنی سەقامگیری ئاسایشی ئەم هەرێمە، وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجامبدەن، داواشیکرد هەرچی زووە وڵاتان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن وباشترین پرۆژەی خۆیان بهێننە کوردستان".
 



 

 

 

سودان كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 6/12/2014 محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق  سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردوو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی باڵیۆزی سودانی كرد بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی سودان لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە كەناڵێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سودان  لە بوارە جیاوازەكان و هاوكاردەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون، بە تایبەتی لە كاتی ئێستادا كە ژمارەیەكی بەرچاو قوتابی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتە درێژە بە خوێندن دەدەن و بوونی كونسوڵگەری ئەو ووڵاتە ئاسانكاریە بۆ ئەم جۆرە هاوكاریە.

لە بەرامبەردا محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق  سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی كرد و سڵاوی گەل و سەركردایەتی سودانی گەیاند بە گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و باسی لە مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان سودان و عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و گووتی بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكە بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا و هاوكات جەختی كردەوە كە بەرنامەیان هەیە كە پەیوەندیەكان لە بواری پەروەردە و بازرگانی و ئابوری بەرەوپێش ببەن.

هەروەها باڵیۆزی كۆماری سودان سەرسامی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ڕووبەرووبوونەوە و ئاستەنگانە.

لە تەوەرێكی تر دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە كرا.
 

 

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 246 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی