هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات

درەنگانێکی شەوی چوارشەممە 18ـی 6ـی 2014، بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و شکستی سوپای عێراق و گرتنی شاری موسڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تاوتوێ كرا. هەروەها ڕەوشی ئێستای بەغدا و کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەم قۆناغەدا خرایە بەرباس.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر، بەڵام ڕەفتاری هەندێ لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشە لەنێو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا و لە ئەنجامیشدا ئەو کێشانە بوونە قەیرانی گەورە، بۆیە ئێستا عێراق لە قۆناغێکی دیکەدایە و ڕەوشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش چۆتە قۆناغێکێ دیکەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەڵوێستی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی کوردیش ئەوەیە کە بەرەنگاری تیرۆر و هەموو هێزە تیرۆریستییەکان دەبێتەوە و ئەو هێزە تیرۆریستییانە بە هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر هەموو لایەک.

سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو کێشەکانی عێراق بە ڕێگەی سیاسییانە چارەسەر بکرێن و نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی عیراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەشدار بن.

هەر لەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە پەیوەندییەکە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان و عێراق خواست.

هەر لەبارەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە، کۆشکی سپی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و بەڕێز جۆ بایدن باسی لە مەترسیی هاوبەشی تیرۆر کردووە و تەئکیدی لەسەر ڕۆڵی گرینگی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کردتەوە.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانیی موتەحیدون دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 6ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی هاوپەیمانیی موتەحیدون و شاندێکی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئەو قەیرانە گەورەیەی کە ئێستا عێراقی گرتۆتەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ڕەوشی نالەباری ئەمنیی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە سەرجەم کێشەکانی عێراق بە ڕێگەی سیاسییانە چارەسەر بکرێن و هەموو لایەنەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوکار بن.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە پێویستە جیاوازیی لەنێوان کاری تیرۆریستی و داخوازییە ڕەواكانی برایانی سووننە بکرێت و هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەگەڵ برایانی شیعە و سووننە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بێتەوە، بەڵام هەرگیز ناكەوینە شەڕێك كە لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆردا شەڕی تاییفەیەك بكرێت.

سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەم قەیرانەی ئێستا تەنیا بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت بەڵکو دەبێ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن و پڕۆسەی سیاسی ڕاست بکرێتەوە.

هەر لە دیدارەکەدا ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە بەرباس و تەئکیدیش کرایەوە کە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی عێراق گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن.

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌ردۆغان پیرۆزبایى له‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌كات

به‌ بۆنه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا؛ نامه‌یه‌كى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانی عیراق،

ڕێزدار سه‌رۆك وه‌زیران، برای به‌رێزم،

به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌واڵی به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و به‌رده‌وامبوونتان له‌ ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیریم پێگه‌یشت. خوازیار و هیوادارم كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ببێته‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ هه‌موو گه‌لی عیراق و هه‌رێم.

گومانم له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ چۆن پێشتر ئه‌م ئه‌ركه‌تان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه ‌بردووه‌، ئه‌م جاره‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ شایسته‌یى به‌جێى ده‌گه‌یه‌نن. ئێمه‌ به‌ پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێشكه‌وتووانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانیی ئابووریدا ناویه‌تى‌. دڵنیام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نیه‌ی نێوانمان كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی به‌رز، له‌ سه‌رده‌می حكوومه‌تی نوێش له‌ هه‌موو بوارێكدا زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و فراوانتر ده‌بێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وڵاته‌كه‌مان له‌ بواری ئاسایشیشدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پابه‌ندبوونی به‌و به‌ڵێنانه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقى داون.

له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ى كه‌ عێراقى پێدا تێپه‌ر ده‌بێت، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌  ڕێبه‌رایه‌تیی لێهاتوو و زیره‌كانه‌ی ئێوه‌ ده‌بێت. سه‌باره‌ت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بهاوێژرێن بۆ ده‌ربازبوونی عێراق له‌م كێشانه‌ی كه‌ تا ئێستا به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ هاوكاریی دوولایه‌نه‌یه‌.

زۆر به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ هه‌وڵ و كۆششتان له‌پێناو دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و ژیانێكی گونجاو بۆ ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی پارێزگای مووسڵ و شاری ته‌له‌عفه‌ر كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری توركمانى هاوڕه‌چه‌له‌كمان لێى ده‌ژین. له‌و بڕوایه‌دام ئه‌مه‌ ته‌نها پرۆسه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت و ئه‌م ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ درێژه‌ ناكێشن. بێگومان ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ برایه‌تیی توركمان و كورد پته‌وتر ده‌كات و له‌وه‌ش دڵنیام كه‌ له‌ سه‌رده‌می  حكوومه‌تی نوێدا به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ئێوه‌، ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و توركمانانه‌ پارێزراو ده‌بن كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ژین.

به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌ركاربوونتان وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران؛ دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هه‌ر به‌م بونه‌یه‌شه‌وه‌ تكایه‌ سڵاو و پێزانینی گه‌رمم به‌‌ جه‌نابى سه‌رۆك و برای به‌ڕێزم مه‌سعوود بارزانی بگه‌یه‌نه‌.

ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان          
سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماری توركیا
19ى حوزه‌یرانى 2014
ئه‌نقه‌ره‌

 

 

 

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی سه‌ردانی كه‌ركووكی كرد و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/6/2014 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ری "جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا- وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، به‌كر مسته‌فا- راوێژكاری سه‌ربازی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، جه‌لال شێخ كه‌ریم- بریكاری وه‌زیری ناوخۆ ، عوسمان بانیمارانی، رێباز بێركۆتی" سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كردو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاری كه‌ركووك و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی كۆبۆوه‌و سه‌ردانی مه‌یدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد.

كه‌ركووك سه‌ری كوردستانه‌و هێڵی سووره‌
له‌ سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدی هاوڕێی سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی 2ی رێكخستنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند و وه‌ستا ره‌سول و خالید شوانی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی پێشوازی لێكرا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"كه‌ركووك و ناوچه‌ كورردستانییه‌كانی تر به‌لای ئێمه‌وه‌ هێڵی سوورن و هه‌موو هێرشێك و مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هێڵی سوور ده‌زانین و به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ به‌رگری لێ ده‌كه‌ین".

لای خۆیه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند به‌خێرهاتنی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و وه‌فدی هاوڕێی كردو رایگه‌یاند"جه‌نابی كاك كۆسره‌ت هه‌میشه‌و به‌ به‌رده‌وامی به‌ده‌م كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كانه‌وه‌ بووه‌و له‌ كاته‌ خۆش و ناخۆشه‌كاندا له‌گه‌ڵیان بووه‌".

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم گوتی"له‌ سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری كردنن له‌ خاكی كوردستان و پاراستنی هاووڵاتیان به‌ سه‌رجه‌م و نه‌ته‌وه‌و چین و توێژه‌ جیاكانه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین".

پشتیوانی ئیداره‌ی شاره‌كه‌ین
له‌ به‌شێكی تری سه‌ردانه‌كه‌یداو له‌دوا نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و وه‌فدی هاوڕێی سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركووكی كردو له‌لایه‌ن د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووكه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی پشتیوانی و پاڵپشتی به‌رده‌وامی خۆی بۆ ئیداره‌ی كه‌ركووك ده‌ربڕی و رایگه‌یاند"به‌هیواین بتوانین به‌ هه‌موومان زیاتر خزمه‌تی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بكه‌ین و ئارامی و ئاسایشی زیاتر به‌رقه‌رار بكه‌ین".

لای خۆیه‌وه‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدی هاوڕێی كردو رایگه‌یاند به‌ پشتیوانی و پاڵپشتی ئێوه‌ ده‌توانین زیاتر خزمه‌تی شاره‌كه‌مان بكه‌ین و ئه‌وپه‌ڕی خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایش پێشكه‌شی دانیشتوانی شاره‌كه‌مان بكه‌ین".

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شیر و مه‌لا عه‌بدوڵڵا به‌سه‌ركرانه‌وه‌
له‌كۆتا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و وه‌فدی هاوڕێی به‌ یاوه‌ری ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووك و خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سه‌ردانی مه‌یدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌ گوندی مه‌لا عه‌بدوڵڵا و به‌شیر.

له‌میانی سه‌ردانه‌ مه‌یدانیه‌كه‌یدا بۆ لای پێشمه‌رگه‌كان، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی ده‌ستخۆشی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردو رایگه‌یاند كه‌ ئێوه‌ توانیویاته‌ رووی گه‌شی پێشمه‌رگه‌ نیشانی هه‌موو لایه‌ك بده‌ن و به‌ وره‌یه‌كی به‌رز و پۆڵاینه‌وه‌ به‌رگریتان له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان كرد".

له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا بۆ پێشمه‌رگه‌كان جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان گوتی"پێویسته‌ هه‌موومان له‌ بایه‌خ و گرنگی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان تێبگه‌ین و وه‌ك هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ كه‌ركووكی سه‌ری كوردستانه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئێوه‌ له‌ پیرۆزترین سه‌نگه‌ردان و به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كه‌ن".

لای خۆیانه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌ی كۆسره‌ت ره‌سولیان كردو رایانگه‌یاند، به‌م سه‌ردانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وره‌یان زیاتر و به‌تینتر ده‌بێ و گه‌رموگوڕتر له‌ جاران به‌رگری ده‌كه‌ین".

 

 

 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

پیرۆزبایی لە خۆتان و هەموو ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەم بەبۆنەی بەدەستھێنانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونتان لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان. هیوادارم لەم ئەرکە گرینگ و هەستیارەدا سەرکەوتوو بن و تواناکانتان بۆ خزمەتی گەل و وڵات بخەنەگەڕ.

ئێستا وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی تازەدا تێدەپەڕێت و ئەرکی ئێوەش گرانترە، داواکارم هەموولایەک هاوکار بن و لە ئاست راپەڕاندنی ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییە گرینگەدا بن کە ئەو قۆناغە نوێیە لێمان دەخوازێت. پێویستە بە یەک تیم و ڕۆحی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر گەل و نیشتیمانەکەمان کار بکەن و لەکاتێکدا بەردەوامیی بە هەنگاوەکانی کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێم دەدەن، هاوکات بۆ زیاتر پێشخستنی وڵاتەکەمان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەربەرزانە بۆ هاووڵاتییان، بە بەرنامەیەکی هاوبەش هەنگاوی مەزن بنێن.

هەر لێرەوە دەستخۆشی لە کابینەی حەوتی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان دەکەم و سپاسی ماندووبوونیان دەکەم، ئەرکی زۆریان کێشا و جێدەستیان دیارە.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

مسعود بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

19/6/2014

 

 

 

 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان


لەم ماوەیەدا لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بووین لەگەڵ زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەربارەی ئەم ڕووداوانەی لەم دواییەدا بەسەر عێراقدا هات. زۆر كەس و لایەن شاهیدن كە لەمێژە هۆشداریم دەدا كە بارودۆخی عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەچێت بەهۆی سیاسەتی چەوت و تاكڕۆیی ئەوانەی دەسەڵاتیان لە بەغدا قۆرخ كردووە. ئێستاكەیش هەر ئەوانە بەرپرسی ڕاستەوخۆن لە پێشهاتنی ئەم دۆخە نالەبارە.

زۆر هەوڵماندا چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزینەوە و زۆر پێشنیارمان پێشكەش كردن، بەڵام وەڵام و ڕەفتاری كاربەدەستان لەدژ یانیش پشتگوێخستن بوو. هەر لەدوای ساڵی 2003 ئێمە وەك كوردستانی دژی شەڕی تاییفی و مەزهەبی وەستاین، نەبووینە هۆكاری سلبی لەم ململانێیەدا، بەڵكو ڕۆڵی خێرمان بینی تا ئەو ڕاددەیەی پێمان كرا. ئێمە لەگەڵ شیعە وەستاین كاتێك لێیان قەوما و زوڵمیان لێكرا و لەدوای 2003 دژی پەراوێزخستنی سووننەیش وەستاین. ڕەوشتی كورد بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە كە پشتی مەزڵوومی گرتووە.

هەوڵەكانی ئێستا لە لایەن ئەوانەی باجی هەڵەكانی خۆیان دەدەن و شكستیان خواردووە و دەیانەوێ بیكەنە خەتای كورد، بوختانێكی گەورەیە. خەریكن كەلێنێكی وا لەنێوان كورد و شیعە دروست بكەن كە بێگومان بە زیانی گەورەی هەردوولا تەواو دەبێت و دادی ئەو فاشیلانەیش نادات. ئێمە هاوپەیمانێتیی كورد لەگەڵ شیعە بەرزتر دەزانین لە ڕەفتاری چەند كەسانێك كە كاربەدەستن و بەر لەوەی زیان لە كورد بدەن زیان بە شیعە دەگەیێنن.

قەت هەڵوێستی ئیمام موحسین ئەلحەكیم و شەهید سەدر لەبیر ناكەین و ئێمە برایانی شیعە دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم ڕەوشە دەیانەوێت شكستی خۆیان بە بوختان دابپۆشن و چەند ساڵە حەقیقەت لە میللەت دەشارنەوە.

ئێستایش ڕەوشێكی تازە هاتووەتە ئاراوە كە پێویست دەكات چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە ئەویش لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانكاریانەی ڕوویان داوە و دەبێ شێوەی حوكمڕانی و ڕەوشی سیاسیی پێش ئێستا بگۆڕدرێت.

دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كوردستان زیاتر لە هەر كات ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی و ژیانی خەڵكەكەی لە هەر دەستدرێژییەك. ئێمە بەتەواوی كاری تیرۆریستی لە داخوازییە ڕەواكانی برایانی سووننە جیا دەكەینەوە. ئێمە پێكەوە لەگەڵ برایانی شیعە و سووننە ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، بەڵام قەت ناكەوینە شەڕێك كە لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆر شەڕی تاییفەیەك بكرێت و، تەنیا بەشەڕ ئەم گرفتە چارەسەر ناكرێت، دەبێ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن و پڕۆسەی سیاسی ڕێگەی ڕاستی خۆی بگرێت، ئەوسا تێكشكاندنی تیرۆریستان زۆر ئاسانتر دەبێت.

جارێكی تر دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە عاملی خێر دەبین و پشتگیریی هەر هەنگاوێكی خێر دەكەین، بەڵام دەبێ هەموو لایەك بزانن كە ئەمڕۆ وەزعێكی تازە هاتووەتە ئارا و دەبێ بە واقعبینی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18ـی 6ـی 2014

 

 

 

 

پەڕەى 301 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی