هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاره‌دارى له‌نده‌ن كۆ بووه‌وه‌

دواى ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى دوێنێ له‌ لایه‌ن گرووپى پارته‌كانى په‌رله‌مانى به‌ریتانیاوه‌ ئێواره‌خوانێكى بۆ ساز كرا، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ى مایسى 2014یش له‌ دووه‌مین ڕۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌یدا بۆ به‌ریتانیا،  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى له لایه‌ن "بۆریس جۆنسۆن" شاره‌دارى له‌نده‌نه‌وه‌ پێشوازییان لێ كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى ڕاوێژكاران و به‌رپرسانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ناوخۆى له‌نده‌ن به‌شدار بوون، شاره‌دارى له‌نده‌ن خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى بۆ له‌نده‌ن ده‌ربڕى و هیواى خواست ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ ده‌رفێكى باش بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كارساز و بزنسمانان و وه‌به‌رهێنه‌رانى له‌نده‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن و پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر كار و پڕۆژه‌كانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌نده‌ن پێشكه‌ش خرایه‌ ڕوو كه‌ له‌ هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى كار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها باس له‌و بوارانه‌ كرا كه‌ تیایدا ده‌كرێ له‌ هه‌ولێر سوود له‌ ئه‌زموونه‌كانى له‌نده‌ن وه‌ربگرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌ى بۆ له‌نده‌ن، ویستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر هه‌بوونى په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆى نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هه‌ولێر و له‌نده‌ن كرده‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش شاره‌دارى له‌نده‌ن و شاندێكى كه‌رتى تایبه‌تى شاره‌كه‌ى بانگهێشتى هه‌ولێر كرد تا باشتر و له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان بناسن و وه‌به‌رهێنه‌رانیان هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و به‌ تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى گه‌شتیارى و ژێرخاندا ده‌رفه‌تى كار به‌ ده‌ست بهێنن. 

 

له‌م سه‌ردانه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، د. عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانان، كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە وەكالەت، قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت، به‌یانى سامى عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ریتانیا و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران، یاوه‌رى نێچیرڤان بارزانى بوون.

 سێ شەممە, 20 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

 

دەقی بەیاننامەى وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ده‌رباره‌ى سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشوازی لە سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ بەریتانیا. وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی یەكگرتوو و هەرێمی كوردستان و ئەو هەڵبژاردنانەی لەو ماوەیەی دواییدا لە عێراق بەڕێوەچوون و پرسەكانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ كرد.


وەزیری دەرەوە لە لەندەن ئەمڕۆ (19/5/2014) پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد لە یەكەمین سەردانی فەرمیدا بۆ شانشینی یەكگرتوو. دوای ئەو كۆبوونەوەیە ویلیام هه‌یگ وەزیری دەرەوە گوتی: خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ لە لەندەن بە پێشوازیكردن لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

ەو سەردانەی بۆنەیەكە بۆ ئەوەی خۆشحاڵی دەرببڕین بە پەیوەندیی بەهێزی دۆستانە لە نێوان شانشینی یەكگرتوو و هەرێمی كوردستانی عێراق، بە شێوەیەك كە پەیوەندییەكانی نێوانیان بوارەكانی بازرگانی و پەروەردە و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە، هەروەها بۆنەیەكیشە بۆ جەختكردنەوە لە ئارەزووی شانشینی یەكگرتوو كە وەك هاوبەشی خوازراو بمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.

هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیران كرد بۆ ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی دواییدا و ئەو سەقامگیری و ئاسایشە ڕێژەییەی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە؛ سەرەڕای ئەو توندوتیژییە بەربڵاوەی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا و سووریای دراوسێیدا هەیە.
هەروەها گفتوگۆمان لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراق و هەنگاوەكانی داهاتوو به‌ره‌و پێكهێنانی حكوومەتی فیدرال كرد. هەروەها هانی سەرۆك وەزیران و حیزبە كوردییەكانی دیكه‌ى دا بۆ بەردەوامبوون لەسەر بەشداریكردنی تەواو لەو پرۆسەیەدا.

 

 

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئه‌ركی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت راسپارد

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند : ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 2014/5/20 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ، به‌ پێی بڕگه‌ی دوازده‌می مادده‌ی ده‌یه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان – عێراق ژماره‌ (1) ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو به‌ یاسای ژماره‌ (2) ی ساڵی 2006 و یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 2009 ، هه‌ردوو به‌ڕێزان نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و قوباد جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك جێگری راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستنیشانكران.

سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی كه‌ سه‌رۆك بارزانی ئه‌مڕۆ واژۆی ئه‌و فه‌رمانه‌ هه‌رێمییه‌ی كرد و به‌ پێی فه‌رمانه‌كه‌ ده‌بێ هه‌ردوو به‌ڕێزان نێچیرڤان ادریس مسته‌فا بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و قوباد جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك جێگری؛ له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژدا كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك بهێنن.

 

 

  • سێ شەممە, 20 ئایار 2014

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى گه‌یشته‌ له‌نده‌ن

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ى مایسى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى حكوومه‌تى به‌ریتانیا سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، گه‌یشته‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نۆرت هۆڵد ـ ى تایبه‌تى له‌نده‌ن و له‌ لایه‌ن نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا و باڵیۆزى عیراق و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ریتانیا و كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێ كرا و دواى پشوودانێكى كورت به‌ره‌و شوێنى مانه‌وه‌ى به‌ڕێ خرا.

له‌م سه‌ردانه‌ دوو ڕۆژییه‌دا نێچیرڤان بارزانی و شاندى یاوه‌رى كه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، د. عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانان، كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە وەكالەت، قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێك دێت.

سبه‌ى دووشەممە و ڕۆژى دواتریش لەگەڵ ژمارەیەك لە وه‌زیران و بەرپرسانی حكوومەتی بەریتانیا كۆ دەبنەوە و تیایدا وێڕای پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، چەندین تەوەری دیكەی گرنگ ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ بواره‌كانی بازرگانی و ئابوورى و هاریكاریی وزە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان تاوتوێ ده‌كرێن.

 

یەک شەممە, 18 ئایار 2014

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن ده‌كات

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سامى ئه‌رگۆشى سكرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى نێچرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:

كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبە كوردستانیەكان لەبارەی ڕەوش و پێشهاتەكانی عێراق

ئەمڕۆ، شەممە، 17/5/2014، لە سەلاحەدین، سەركردەكانی حزبە كوردستانییەكان بەسەرۆكایەتیی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی ڕەوشی ئێستای هەرێم و عێراق، هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئیستیحقاقەكانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكوومەتێكی شەراكەتی نیشتیمانی، هەروەها بۆ كۆتاییهێنان بەپێكهێنانی حكوومەتی هەرێم و ڕاگەیاندنی.

لە كۆبوونەوەكەدا، تەئكید لەسەر ئەو بنەمایانە كرایەوە:-

1- یەكهەڵوێستیی و یەكگوتاریی كوردستانی بەرانبەر ئیستیحقاقەكانی و هەروەها پێشهاتەكانی عێراق و و ڕۆڵێكی گەوەرتر بۆ كورد و سەركردایەتییەکە.

2- كاراكردنی دانوستان لەگەڵ قەوارە عێراقییەكان بەهەموو باڵ و تەوژمەكانییەوە، لە پێناو گەیشتن بەڕێككەوتنێكی مێژوویی كە ببێتە هۆكاری چاكبوونەوەی ڕەوشی عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشە و تەنگژە و كەلێنانەی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەراوێزخستنەوە هاتوونەتە کایەوە.

3- پاراستنی یەكگرتوویی ماڵی كورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواكارییە دەستوورییەكان كە هێشتا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە، لە چوارچێوەی سیستمێكی دیموكراتی فیدراڵیدا لە عێراق، هەروەها نەهێشتنی هەموو ئەو لەمپەرانەی لەگەڵ سیستمی دیموكراتی و شەراكەتی نیشتیمانیدا کۆک نین و لەگەڵ دەستووردا ناگونجێن و پێشێلی ئەو بەهایانە دەكەن كە بنەمای دامەزراندنی عێراقی نوێ بوون.

4- كۆبوونەوەكە، داوای لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد هەرچی زووترە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت و شەفافیەت و پاكژی بپارێزێت.

5- دانانی میكانیزم و بەرنامەیەكی ڕوون كە تیمی دانوستانكار لەسەری بڕوات لە كاتی گفتوگۆ و داڕشتنی بنەماكانی حكوومەتی عێراقیدا.


پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان – عێراق

حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

 

 شەممە, 17 ئایار 2014

 

 

 

 

 

پەڕەى 307 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی