هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌‏

ئیمشه‌و دووشه‌ممه‌ 2023/1/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز برێت مەکگورک نێردەی سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری ‏ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریكا كرد كه‌ به‌ ياوه‌ريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى، ‏سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێز ئامۆس هۆكستاين، نێرده‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ژێرخانى ‏جيهانى و ئاسايشى وزه‌ و خاتوو ئالينا ڕۆنانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوون، ‏دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ‏ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان، تاوتوێ كرد.‏

به‌ڕێز مه‌كگورك به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى ‏وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری وزه‌ و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، باسێكى وردى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان پێشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ‏دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو ‏هاوكارييه‌ك ئاماده‌يه‌.‏

گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، كه‌ ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ‏ئاماده‌ى بوون.‏

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-a-high-level-us-delegation/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 1/15، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان تاوتوێ کران.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەتایبەتی لە ساڵی ڕابردوودا و جەختی لە گرنگیی برەودان بەو هاوئاهەنگییە کرد بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوور.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی لە پێشمەرگە کرد لە شەڕی تیرۆر و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، بەتایبەتی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو.

 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/january/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-فەرماندەی-گشتیی-هێزەکانی-هاوپەیمانان-لە-عێراق-و-سوریا-دەکات/

سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 1/11 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانى لە بەغدا له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای پەرلەمانیی ئوردنی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد سەفەدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن ، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای شای شانشینی ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی دا و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئوردن لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی .

 
 
 
 
 
 

 

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان ، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت. 
سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی ڕێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین . ئەمە جیا لەوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو. 
بەڵام بە داخەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئاراميی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هيچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک. بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین. بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرین.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

31 کانونی یەکەم2022
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/december/پەیامی-پیرۆزبایی-سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-بەبۆنەی-سەری-ساڵی-نوێی-زایینی/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ساڵى تازه‌ى زايينى، پيرۆز ده‌كات

ساڵى تازه‌ى زايينى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان و عێراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. ئومێده‌وارم ساڵى به‌ديهاتنى هيواكان و سه‌ركه‌وتن, بڕانه‌وه‌ى شه‌ڕ و ئاڵۆزى و په‌تا و ناوخۆشييه‌كان بێت، ئارامى و ئاسايش و سه‌قامگيرى، باڵ به‌سه‌ر ته‌واوى مرۆڤايه‌تيدا بكێشێت.

ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کوردستان، ئامانجی سه‌ره‌کیی هه‌موومان بێت. با له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى ساڵى تازه‌دا‌، يه‌كڕيزى، ته‌بايى، پێكه‌وه‌يى، يه‌كترقبووڵكردن و هاريكاريى هاوبه‌ش، بكه‌ينه‌ لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێى په‌يوه‌نديى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان. پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ پاراستن و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و فيدراڵى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور.

دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى خۆى جێبه‌جێ ده‌كات و وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت، بۆ هه‌موو هاوكارييه‌كيش ئاماده‌يه‌ له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵاتدا، بۆ به‌ديهێنانى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى له‌ عێراق، به‌ شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات پارێزراو بن.

له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و دۆستان و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزله‌يه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش ده‌ده‌ين. له‌ هاريكاريى هاوبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و نه‌هێشتنى تيرۆرستان. پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ين بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگيرى.

كار ده‌كه‌ين بۆ باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان، بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى زياترى فره‌يى، پێكه‌وه‌ژيان، لێبورده‌يى، پاراستنى ديموكراسى، مافه‌کانی مرۆڤ، یه‌کسانی و ئازادييه‌كان. به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ساڵى نوێ و داهاتوو ده‌ڕوانين. هيواى ته‌ندروستييه‌كى باش، سه‌ركه‌وتن، شادى و كامه‌رانى بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/12/31

 

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzanis-new-year-message/

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ)

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح ( دروودی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. ئومێدەوارم ڕۆژانی جەژن و پشوو لە خۆشی و شادیدا بەسەر ببەن. 
لەم بۆنە پیرۆزەدا، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکتر قبوڵکردن و لێبودەیی و میانەڕەویی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.

جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاشتی و ئاسوودەییدا بژین.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

24 کانونی یەکەم 2022
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/december/پەیامی-پیرۆزبایی-سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-بەبۆنەی-جەژنی-لەدایکبوونی-حەزرەتی-مەسیح-دخ/
پەڕەى 55 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی