هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی دانوستانكاری لەگەڵ بەغدا كرد

 ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (gov.krd)- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە‌بارە‌ی ئامادەكارییەكان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی لەگەڵ حكومەتی عێراقی، كۆبووە‌.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران، رۆژی سێشەممە ٩ حوزەیرانی ٢٠٢٠ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كرد و دوا قۆناغی ئامادەكارییەكان بۆ گفتوگۆكردن خرانە‌ بە‌رباس.

لە كۆبوونەوەكەدا كار و ر‌اپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان خرانە بەرباس.

شاندی حكومە‌تی ھە‌رێم لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌‌ن بۆ دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ بە‌غدا و رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان.

پێشتر شاندی حكومەتی هەرێم لەكۆتاییەكانی مانگی نیسان و سەرەتای ئایاری ٢٠٢٠، دووجار سەردانی بەغدایان كردووە، لەو سەردانانەش زنجیرەك كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای گفتوگۆی عێراق ئەنجامدران. لە گفتوگۆكانیشدا بناغەیەك بۆ بەرێوەچوونی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا دانران كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو دەست پێ بكەنەوە.

 

https://gov.krd/government/deputy-prime-minister/activities/posts/2020/june/%D9%82%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AF-%D8%AA%D8%A7%DA%B5%DB%95%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%D9%BE%DB%95%D8%B1%D8%B4%D8%AA%DB%8C-%D9%83%DB%86%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D9%84%DB%8C%DA%98%D9%86%DB%95%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%86%D9%88%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%83%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%84%DB%95%DA%AF%DB%95%DA%B5-%D8%A8%DB%95%D8%BA%D8%AF%D8%A7-%D9%83%D8%B1%D8%AF/

 

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە ٣١ ئایاڕی ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا، چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حزبە پیرۆز دەكات، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئومێدەوارم بەیەکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێم و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاووڵاتییانە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٣١

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2020/may/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D9%BE%DB%8C%D8%B1%DB%86%D8%B2%D8%A8%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%95-%D8%A8%DB%86%D9%86%DB%95%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C%D8%A7%D8%AF%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%85%DB%95%D8%B2%D8%B1%D8%A7%D9%86%D8%AF%D9%86%DB%8C-%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8E%D8%AA%DB%8C-%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

 

"بێ نیشتمان" سێیەمین فیلمی بڵندی سینەمایی توورج ئەسڵانی لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە دەرهێنانی "توورج ئەسڵانی" و بە ڕۆڵ بینینی کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

 

فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" (بی سرزمین) Landless لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی" و بەرهەمی وڵاتی عێراق، دوای وێنەگرتن لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

 

لە فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی "توورج ئەسڵانی"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

 

"توورج ئەسڵانی" وەکوو بەڕێوەبەریی وێنەگرتن ساڵانێکە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی بووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە، "بێ نیشتمان" سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی ئەم دەرهێنەرە نوێخوازەی کورد دوای فیلمی سینەمایی "بارهەڵگریی زێڕ" Gold Runner و فیلمی سینەمایی "جینگۆ" GINKGO دێتە ئەژمار.

 

فیلمی سینەمایی "بارهەڵگریی زێڕ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "ڕەوتە نوێیەکان" New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بووسان" Busan لە شاری بووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە سینەماییە بوو و لە درێژەدا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و "توورەج ئەسڵانی" بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی "بەهرەمەندی نوێی" New Talent بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی "گەڵای مێو" و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.

 

ئەم بەرهەمە سینەمایی لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "چاتراپاتی شیواجی" Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە "توورج ئەسڵانی" و "هادی نادی" بەخشرا. 

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان".

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی ھەینی ٢٩ ئایاری ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا داوا لە ھاووڵاتییانی كوردستان دەكات بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان و خێزانەكانیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

ھاونیشتمانیانی بەڕێز،

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٢٩

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2020/may/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D8%A7%D9%85%DB%8E%DA%A9-%D9%84%DB%95-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95-%D9%84%DB%95-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DB%95%DB%8C-%D9%85%DB%95%D8%AA%D8%B1%D8%B3%DB%8C%DB%8C-%D8%AA%DB%95%D8%B4%DB%95%D9%86%DB%95%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D8%AA%D8%B1%DB%8C-%D9%BE%DB%95%D8%AA%D8%A7%DB%8C-%DA%A9%DB%86%D8%B1%DB%86%D9%86%D8%A7/

 

مەسرور بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی بڵاوکردەوە

 K24 – هه‌ولێر: // مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 75 ساڵ بەسەر شکستی نازییەکانی ئەڵمانیا و کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مەسرور بارزانی لە تویتێکدا نووسیویەتی، لەم رۆژەدا، رێز لەو ژن و پیاوانە دەنێم کە رێڕەوی سەدەی رابردوویان گۆڕی.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت هاتووە، قوربانییەکان و هەوڵدانی نەتەوە جیاوازەکان بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی هاوبەش کە خاوەنی جیاوازی خۆیان بوون، هەرگیز لەبیر ناکرێت.

 

https://www.kurdistan24.net/so/news/057a0bc0-4d6a-4d26-8893-8c35db3a5f02

 

بەهمەن قوبادی یارمەتییەکانی پێشکەش بە 50 ئاوایی کوردستانی ئێران کرد

"بەهمەن قوبادی" لە ڕێگای مافی فرۆشتنی دوو فیلمی سینەمایی خۆی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "وێداد چێلیک" یارمەتییان پێشکەش بە 50 ئاوایی کوردستانی ئێران کرد.  

 

بە پێی ئەو زانیارانەی کە لە ئاواییەکانی کوردستانی ئێران بە دەستمان گەیشتووە، سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" لە ڕێگای مافی فرۆشتنی دوو فیلمی سینەمایی خۆی بە ناوەکانی "کیشەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" و "کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە؟" بە کەناڵی بەناوبانگی تەلەڤیزیۆنی "هۆلو" HULU TV لە وڵاتی ئەمەریکا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "وێداد چێلیک" Vedad Çelik یارمەتی بڕیی پارەی 750 میلیۆن تمەنی کە بریتی بوو لە کەلوپەلی خواردن بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و هەروەها پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ بەرگریی کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان پێشکەش بە خەڵکی نزیکەی 45 تا 50 ئاوایی سەر بە شارەکانی سنە، کامیاران، بانە و پیرانشار لە کوردستانی ئێران کرد. 

 

هەروەها ئاگاداربووین کە دوو مانگ پێش ئێستاش دوای بەڕێوەچوونی حەفتایەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا، بە پێشنیاریی "بەهمەن قوبادی" و هەروەها بە یارمەتی "وێداد چێلیک" لۆرییەکی پڕ لە پێداویستییەکانی بەرگریی کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنایان پێشکەش بە پەنابەرانی کوردیی سووریا لە وڵاتی یۆنان کردبوو.

پەڕەى 108 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی