هەرێمی کوردستان
فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشینەى گەڕاندنەوەى هاوڵاتیانى هەرێم لە دەرەوە دەداتە ئەو کەسانەى بۆ چارەسەری نەخۆشى و خوێندن و گەشتیاری لە دەرەوەى وڵاتن و ڕەوشیان لە ڕووی یاساییەوە نالەبارە
لەم قۆناغە سەختەدا، کە تەواوى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دووچارى بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریکردنی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت.
سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە چەندین بۆنەی جیا جیا لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان جەختى لەسەر ئەم پرسە کردۆتەوە و بە هەماهەنگى کردن لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و نێردە دیپلۆماسیەکانى عیراق و نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە هەوڵى بەرچاو دراوە و ئاکامى باش بەدەست هێنراوە.
دواى وەستانى گەشتە ئاسمانیەکان زۆر لەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەى وڵات بوون و بەهۆى نالەبارى ڕەوش ئێستا پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە بۆ هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم لەچوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ توانى ئاسانکاری پێشکەش بکات بۆ ژمارەیەکى بەرچاو لەو هاوڵاتیانەى کە لە دەرەوە بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی خۆیەتی بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.
تەشەنەکردنى ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامى هەیە. سەرجەم ئەوانەى لەدەرەوە دەگەڕێنەوە رێکارى پزیشکى پێویستیان بۆ دەگیرێتە بەر، ئەمەش فشارێکى زۆر لەسەر وەزارەتى تەندروستى و کارمەندانى دروست دەکات، کە توانای لەو ڕووەوە سنووردارە. بۆیە بە هاوڵاتیانی بەڕێز ڕادەگەیەنین، لە ئێستادا تەنها ئەو داواکاریانە ڕەچاو دەکرێن کە زۆر پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە، بە تایبەت ئەوانەى بۆ چارەسەر و گەشتیاری و خوێندن لە دەرەوەن و مانەوەیان گرفتی یاساییان بۆ درووست دەکات.
ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووى هەر وڵاتێکن لە دەرەوە و کێشەى دارایى و شوێنى مانەوەو کات بەسەرچوونى ڤیزایان نیە، داوایان لێ دەکرێت پشوودرێژ بن و لە دەرەوە بمێننەوە و تەواوى رێنماییەکانى تەندروستى ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکەن.
هیواى سەلامەتى بۆ هاوڵاتیانمان دەخوازین و دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە لە ئێستادا و بە ڕەچاوکردنی ئەم دۆخە نائاساییە ئەو کەسانەی کێشەی مانەوەیان نیە و مۆڵەتی نیشتەجێ بوونیان نیە یان ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە، گەڕانەویان دوابخەن بۆ کاتێکی گونجاوتر و بەو شێوە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم و کارمەندانی دەبن، تا بتوانن بە شێوەیەکی کاراتر فریای تووشبووان بکەون و چارەسەری گونجاویان پێشکەش بکەن.
پەیامی سەرۆکی هەرێمى كوردستان بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابليى ئاشووریيەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە تهواوى خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ئەم بۆنەیە مایەی خێر و خۆشی و گەڕانەوەی ئومێد و ئارامی بێت بۆ کوردستانیيان و ههموو گەلانی جیهان کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دووچاری دۆخێکی دژوار و نەخوازراو بوون.
هەر بەم بۆنەیەوە جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو دامودەزگا فەرمییەکان و لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان پێکەوە دەکەمەوە بۆ پابهندى به ڕێنماييهكانهوه و گرتنەبەری ڕێگەی دروست و پێویست لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخەدا بە سەرکەوتوویی.
کوردستان وەک هەمیشە لانكهى پێکەوەژیان، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستییە و ڕۆڵە کریستیانەکانیشی پێکهاتەی ڕەسەن و کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم کولتوورهن کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بیپارێزین و بەهێزتری بکەین.
جەژنی ئەکیتۆ لە خوشک و برایانی کریستیانمان پیرۆز بێت و هیوادارم پێکەوە جەژن و بۆنەکانی داهاتوومان لە دۆخێکی باشتردا، لە سایەی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامیدا بکەینەوە.
خوای مهزن کوردستان و کوردستانییان و تەواوی گەلانی جیهان بپارێزێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31/3/2020
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، سەری ساڵی بابلی (ئاشووری- کلدانی) و جەژنەکانی ئەکیتۆ لە ھاووڵاتییانی کلدانی و ئاشووری و سریانی پیرۆز دەكات و پێداگیریشی لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوەکان لە ھەرێمی كوردستان دەكات.
تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی( ئاشووری- کلدانی) و جەژنەکانی ئەکیتۆ ، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کلدانی و ئاشووری و سریانی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەین . هیوادارین ساڵی خێر و خۆشی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە بێت کە هەرێمی کوردستان و جیهانی گرتووەتەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە نەرێنییەکانی.
داوا لە هەموو لایەک دەکەم پابەندی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموولایەک بتوانین ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕێنین.
هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوەکانە کە مایەی شانازیمانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن لە مافی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/٣١
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
وەک دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لە دۆخێکی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەکەینەوە . سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو رێکارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆ . دڵنیاین بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.
هیوادارم ئەم ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە تایبەتی کە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات کردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەکات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاکسازیانەدا.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/20
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری دەكات
• لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بڕیاردرا دارایی گشتی هەرێم بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەكان رێكبخرێتەوە.
• پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
مەسرور بارزانی:
• سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانە دەكەم كە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
هەولێر: رۆژی سێشەممە 2020/3/17، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و پلانی حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شمەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی کرد.
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەکانیش، كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەکان بەشدار بوون، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی خۆیان بەردەوام بن لە هاوكاریی و پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان.
هەروەها سوپاسی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشی كرد و رۆڵی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و پزیشك و كارمەند و فەرمانبەرانی تەندروستی لە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانەی كرد كە بە دەنگ بانگەوازی سەرۆكی حكومەتەوە هاتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئەو كەسانەی كە زەرەمەند بوون لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاریی دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە پێناو پڕۆژەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خەرج بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەستپێكراون، لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا كۆدەكرێنەوە، هەروەها داواشی لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمبارەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوەش كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی بژێوییان و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها بڕیاردرا كە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکەوتە داراییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان.
مەسرور بارزانی مووچە و شایستە داراییەکانی بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەبەخشێت
k24 ههولێر: // نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی مووچە و شایستە داراییەکانی خۆی بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەبەخشێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کاتێکدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە هەڵمەتی هاوکاریکردنی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خەڵکی هەژار و کەمدرامەت بەشدارن.
لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا مووچە و شایستە داراییەکانی خۆی بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت ببەخشێت.
https://www.kurdistan24.net/so/news/2a9bfe19-2144-44b7-a35a-65d52b15e6d6
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات