هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نازم دەباغ: ھەڵوێستی ئێران و تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە

ھەڵوێستی ئێران و تورکیا نەگۆڕەو تا ئیستا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین لە ھەرێمی کوردستان، نوێنەری حکومەتی ھەرێمیش لە تاران رایگەیاند، ئێران و تورکیا بە دوای رێگا چارسەرێکدا دەگەڕێن بۆ ئەنجام نەدان یاخود دواخستنی ریفراندۆم. 
"نازم عومەر" نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران بەکوردسات نیوزی راگەیاند، راپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەرکێکی پیرۆزی ھەموو کەسێکی نیشتمانپەروەرە لە کوردستان، بەڵام کاتی ریفراندۆمەکەو ھەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەرو جیھان لەسەر ئەو پرسە، دواخستنی ریفراندۆمە لەو وادەیەی دیاریکراوەو کاتەکەی بەگونجاو نازانرێت. 

 

"نازم عومەر" راشیگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئیران و تورکیاش یەکێکن لەو وڵاتانەی ھەمیشە باس لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن، ھەروەھا جەخت لەوەش دەکەنەوە مافە رەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا جێبەجێ بکرێت، لەبەرئەوە ھەڵوێستی ئەو وڵاتانە ھەڵوێستێکی نەگۆڕە لەسەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لەو وادەیەی دیاریکراوە.

نازم دەباغ: کوردەکان دەتوانن هاوڕێیەکی هێمن و ئاسایش بن . بیرووڕای نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە ریفڕاندۆم

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە پرسی ریفڕاندۆم و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و ڕوانگەی وڵاتانی ناوچە لەبارەی ئەم ڕووداوەوە بە ئینساف نیووزی گوت: کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.

 

لەسەر بڕوای پێگەی هەواڵنێریی لوبنان 24، مەسقەت ئەم ڕۆژانە شایەدی هاتووچۆی هەندێک شاند لە ئێران، عەڕەبستان، تورکیا و عێراقە کە بۆ دانووستان لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لەم شارە ئامادەدەبن و عومانیش چاودێری ئەم دانووستانانەیە. هەروەها لە ڕاپۆڕتی ئەم پێگە هەواڵنێرییەدا، ئاماژە بە سیاسەتی کراوەی ئێران و تورکیا لە سەر مەسەلەی کوردستان کراوە.

 

"نازم دەباغ" لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەم هەواڵە بە پەیامنێری ئینساف نیووزی گوت: ئێمە تەنیا تا ئەو ڕادەیە ئاگادارین کە سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی رەسمی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە چاوپێکەوتنی کردووە و لەسەر ئەوە پێکگەیشتوون کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵاتانی خۆیان لەگەڵ یەکتری هاوکاریی چەکدارییان هەبێت.

 

گوتیشی: یەکێک لە گرفتەکانی کوردەکان ئەوەیە کە هەر کاتێک دەیانەوێت بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن، وڵاتانێک کە لە بنچینەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا کوردیان هەیە هەوڵەکانی خۆیان بۆ نەهێشتنی ئەم مەسەلەیە دەخەنەەڕ، هەر چەندە کە کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.

 

هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابوو

 

دەباغ سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران گوتی: هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە سەبارەت بە پرسی ڕیفڕاندۆم ڕوون و ئاشکرابووە و بۆ مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق پێداگریی کردووە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی مافە ڕەواکانی خۆیدا لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراق و ڕێککەوتنەکان لە نێوان کوردەکان و عێراقدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە.

 

گوتیشی: وڵاتانی جیهان و دراوسێکانی ئێمە حەساسییەتی تایبەتی خۆیان هەیە، وڵاتانی دراوسێ لەوبڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەی لەسەر ئەو وڵاتانە دادەنێت کە جمووری کوردیان هەیە، بەڵام ڕابردوو سەلماندوویەتی کە هەرێمی کوردستان توانیوییەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەروها سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ناوچەکە، کاریگەر و بەسوود بێت. بێجگە لەمانە هێزەکانی پێشمەرگە، هێزێکی سەرەکی و گرینگ لەشەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و داعیش بووە و ئێستاش هەیە. وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکا لەو بڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەری لەسەر شەڕ و خەبات لەگەڵ داعش دەبێت. هەر وەکوو ئاماژەم پێدا پێشمەرگەکان قارەمانانە و لەوپەڕیی لەخۆبردووییەوە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن. بەڵام هۆی سەرەکی و گرینگ بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەوان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی عەڕەبی و تورکیا و ئێران دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە بواریی ئاسایش و وزەدا. 

نازم دەباغ: راپرسی بۆ سەربەخۆیی

”باشترین ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی کورد گفتوگۆی ئاشتییانەیە“

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پێیوایە هەر کەسێک دژایەتیی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، ”خائینە“ و گفتوگۆی ئاشتییانەشی بە باشترین ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانی کورد وەسف کرد.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئێران ئێستاش لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم سوورە، بەڵام ”ئێستا باس لەوە دەکەن کە بەغدا هەڵوێستی لەبارەی ڕیفراندۆم هەرچی بێت، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان دەبێ“.

 

هاوکات داوای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کرد، ”هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن“ و ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان پێیان گوتوون، ئەگەر ڕیفراندۆم بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان بکرێ، ئەوا ”ئەو هاریکارییەی ئێران کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکرد، ئەوا نامێنێت“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە داخستنی مەرز لەلایەن ئێرانەوە تاوەکوو ئێستا لەئارادا نییە و ئەم کارە بکرێت، ”هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیانیان بەر دەکەوێ“. گوتیشی: ”ڕاستییەک هەیە کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانی سیاسەتی ئێران بگۆڕن“.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نازم دەباغ جەختی لەوە کردەوە: ”ڕاپرسی مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم ئەرکێکی پیرۆزی هەموو کوردێکە و ئێستاش دەیڵێمەوە هەر کەسێک دژایەتی بکات، بە خائینی دەزانم“. گوتیشی: ”یەکێک لە هۆکارەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کوردستان، ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و سەردان و ڕێگەی دیپلۆماسییە“. 

نازم ده‌باغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی آنا: وه‌فدی فه‌رمی حکومه‌تی کوردستان سه‌ردانی به‌غدایان کردووه

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران وته‌ی چه‌ن لایه‌نێکی هه‌رێمی له‌سه‌ر سه‌ردانی نافه‌رمی وه‌فدێک بۆ به‌‌غدا ره‌ت ده‌کاته‌وه‌و وتی که ئه‌و وه‌فده‌ی ئێستا بۆ دانوستان له به‌غدان، وه‌فدی فه‌رمی هه‌رێمی کوردستانه.

به پێی راپۆرتی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی هه‌واڵی آنا، وه‌فدێکی پایه‌به‌رز له هه‌رێمی کوردستانه‌وه رۆژی دووشه‌ممه بۆ دانوستان سه‌باره‌ت به که‌یسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی سه‌ردانی به‌غدایان کردووه. ئه‌م سه‌ردانه له کاتێکدایه که سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بڕیاری داوه ٢٥/٩ گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراقی دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و واشینگتۆن‌یش داوای کردووه که کاته‌که‌ی دوابخرێت.

 

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له‌م باره‌وه به ئاژانسی آنای وت: "وه‌‌فدی هه‌رێمی کوردستان و کۆمیسیونی به‌ڕێوه‌به‌ری ریفراندۆم یه‌که‌م هه‌نگاویان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند له به‌غدا هه‌ڵگرتووه‌و ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که عێراق نیازپاکی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بسه‌لمێنێت."

ده‌باغ وتی: "به گشتیی هه‌ر رێککه‌وتنێک که رای کورده‌کانی له‌سه‌ر بێت، په‌سه‌ند ده‌کرێت، به دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئه‌مانه‌‌ش به‌نده به لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه واتا حکومه‌تی عێراق و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌‌ر هه‌موو وڵاتانیش کۆببنه‌وه، هه‌روه‌ها که له‌م دواییانه‌دا ئه‌مریکاش پێشنیاری دواخستنی ریفراندۆمی خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی کوردستان دابین بکات."  

به‌ڕای ده‌باغ پێشنیاره‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ دواخستنی کاتی ریفراندۆم، "کاتییه‌" و ده‌ڵێت: " رابه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌کی که ده‌توانێت سه‌باره‌ت به ریفراندۆم  یان دواکه‌وتنی بڕیاری کۆتایی بدات. جگه له‌وه‌ سوورن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی له کاتی خۆیدا واتا ٢٥ی٩. به دڵنیاییه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ش که ئه‌م جۆره پێشنیارانه ده‌خه‌نه به‌رباس، ده‌بێت ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ش بده‌ن که مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورده‌کان تووشی کێشه نه‌بێت و حکومه‌تی عێراق پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه بێت که ده‌یدات به کورده‌کان"

 

 

نوێنه‌رێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له وڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به بارودۆخی هه‌رێم و به‌ڵانسی هێزه‌کان له نێوان دوو بزووتنه‌وه‌ی "نا بۆ ریفراندۆم" و "به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم" وتی: "زۆرینه‌ی ره‌‌های کورده‌کان خوازیاری سه‌ربه‌خۆیین و هیچ تاکێکی کورد نییه که نه‌یه‌وێت دیموکراسی له ناوچه‌که‌و له هه‌رێم به‌رقه‌رار بێت"

 

نازم دەباغ: هیچ وڵاتێك بەرەسمی پشتیوانی جیابونەوەی رانەگەیاندوە

لڤین:
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند بەبێ رەزامەندی وڵاتانی دراوسێ لەسەر جیابونەوە، هەرێم باجێكی قورس دەدات لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە بڕیار نییە هەرێمیی كوردستان پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولدا راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنێت.
 

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ناوخۆیی ئێرانی راگەیاندوە"كە پاش رزگاكردنی موسڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی رەوشی تایبەتی خۆیەوە بیری لەوە كردۆتەوە كە گۆڕانكاری نوێ لە ناوچەكە رودەدات و هەروەها بەهۆی ئامادەنەبونی بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە".

جەختیشی كردۆتەوە"كە بڕیار نییە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەندرێت".

باسی لەوەشكردوە"كە حكومەتی هەرێم بڕیاری پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی داوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكە و نەتەوە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا".

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"كە دو تێڕوانین هەیە بۆ ریفراندۆمی هەرێم یەكێكیان ئەوەیە كە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت و كێشەكان لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت كە ئێران پشتیوانی ئەمەیان دەكات و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردنی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەردولا".

ئاماژەی بەوەشداوە"كە تێڕوانینی دوەمیان باس لەوەدەكات كە رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان دەگرێت بەڵام پێی باشە ریفراندۆمەكە دوابخرێت و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی دیالۆگەوە بكرێت".

باسی لەوەشكردوە"بونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ جیابونەوە راستە نییە، هیچ وڵاتێك بەرەسمی پشتیوانی جیابونەوەی رانەگەیاندوە جگە لە ئیسرائیل ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە وای دەبینێت لە بەرژەوەندی خۆیدایە كە دەیەوێت ناوچەكە بەردەوام ناكۆكی تێدا بێت و كێشە بۆ ئێران، توركیا، سوریا و عێراق دروست بكات".

وتوشیەتی"كە پێویستە رەزامەندی وڵاتانی دراوسێ بۆ ریفراندۆم بەدەست بێت بەدەر لەوەش ریفراندۆمەكە توشی شكست دەبێت".

لەبارەی ئەو باجەوە كە دەكرێت هەرێم بیدات پاش جیابونەوە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتویەتی"پێش هەمو شتێك ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو باجە نەدەین ئەمەش بەلامانەوە گرنگە".

بەڵام جەختی كردۆتەوە"كە هەرێم لەروی جیۆپۆلەتیكییەوە لە دۆخێكدایە دراوسێكانی رێگەی جیابونەوەی پێنادەن و هیچ دەروازەیەكی وشكانی و ئاسمانی و دەریاییشی نییە، ئەمەش بۆ خۆی باجێكی قورسە".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران په‌یامێك ئاڕاسته‌ی كه‌مپینی به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ ده‌كات

له‌ قه‌ڵادزێ ماوه‌یه‌كه‌ كه‌مپینێك بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ دامه‌زراوه‌ كه‌ پێك هاتوون له‌ 14 ئه‌ندام و خۆبه‌خشانه‌ هه‌موو توانایه‌كی خۆیان بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ گرتۆته‌به‌ر و به‌ هیمه‌تی ئه‌وانیش توانرا وه‌كو یه‌كه‌مین قۆناغ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی مه‌رزه‌كه‌ قیره‌تاو بكرێت، هاوكات نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ تاران په‌یامێك ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌مپینه‌ ده‌كات.

كه‌مپینی به‌ نێو ده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ له‌ 25 /2016/7  دامه‌زراوه‌ كه‌ پێك هاتوون له‌ 14 ئه‌ندام، كه‌مپینه‌كه‌ به‌ ئامانجی به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ دامه‌زرا كه‌ قه‌زای پشده‌ر و ئێران به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ده‌سبته‌كاربوونی ئه‌م كه‌مپینه‌ چه‌ندین دیدار و سه‌ردانیان بۆ لای به‌رپرسانی باڵا ئه‌نجام داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و ئامانجه‌ی له‌ پێناویدا ده‌جه‌نگن به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆ بێته‌ دی كه‌ خه‌ونی ڕاسته‌قینه‌ی پشده‌ریه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌، كاتێكیش مه‌رزه‌كه‌ به‌ ڕه‌سمی به‌ نێوده‌وڵه‌تی ناسێندرا ئه‌و كاته‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێچوونی ئابوری وڵات ده‌بێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران له‌ په‌یامێكیدا بۆ ئه‌و كه‌مپینه‌ ڕاگه‌یاند: ئامانجی كه‌مپینه‌كه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان، چونكه‌ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی ئه‌و مه‌رزه‌ به‌ قازانجی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واوده‌بێت، وه‌ له‌ ئێستا و له‌ ڕابردوشدا ئێران هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزه‌كه‌ نیه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵه‌كانیش یه‌ك بخرێن بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی.

وتیشی: هه‌وڵه‌كانی ئه‌و كه‌مپینه‌ به‌ كارێكی پیرۆز ده‌بینم و ده‌ستخۆشی له‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌و كه‌مپینه‌ی قه‌ڵادزێ ده‌كه‌م كه‌ ئاوا به‌ خه‌مه‌وه‌ن بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ.

تۆڕی هه‌واڵی بیروڕا/ تایبه‌ت

پەڕەى 128 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی