هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

خوشك و برایانی خۆشەویست

بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو جیهانیان دەكەم. هیوادارم ساڵی 2016 ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە كوردستان و هەموو شوێنێكی جیهاندا.

لە ساڵی 2015ـدا پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە قوربانی و خوێنێكی زۆریدا و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمەدا فیداكارییەكی كەموێنەی نواند. هەروەها ساڵی شكستدان و وەستاندنی داعش و ساڵی سەركەوتنە مەزنەكانیش بوو، لە هەمانكاتدا ساڵێكی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەران بوو بۆ گەلی كوردستان. بەهۆی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر، ئەمانە هەموویان گوزەرانی خەڵكی كوردستانیان زۆر سەختكردووە.

بەڵام كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، تەحەمولێكی زیاتری دەوێت و لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. هەروەها كوردستان پێویستی بە یارمەتیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان و هەموو جیهان لەشەڕی تیرۆردا سەركەون، بۆیە داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەكەم یارمەتی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بدەن.

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست

لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، لە دەستپێكی ساڵی تازەدا لەگەڵ حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت و پارلەمان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن و كەموكوڕی و كێشەكان دووبارە نەبنەوە و، پارلەمان و حكوومەت لەسەر بنەمایەكی تازە دەستبەكار ببنەوە. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمیش جارێكی تر داوا لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و كۆتایی بەم بابەتە بهێنن. یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن، یان لەسەر دەستنیشانكردنی بەڕێزێك ڕێكبكەون كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بەهەموو توانایەك پاڵپشتیی دەكەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕ و ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. داوایش دەكەم كۆتایی بە ئیستغلالكردنی بابەتی سەرۆكایەتی بهێندرێت و چیتر بۆ ماندووكردنی خەڵك و قووڵتركردنی كێشەكان بەكار نەهێندرێت. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پیرۆزە پێشمەرگایەتییە و ئەگەر لە هەر پۆست و پلە و پایەیەكدا بم هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی كوردستان و لە شەڕی داعش و كاركردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم بەردەوام دەبم.

لە دۆخی ئێستادا ئەوە لە هەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ڕكابەری و دژایەتی سیاسی، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی كە ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێدەكات.

هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم پلانی سەركەوتووانە دابنێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەكان و چاكسازییەكی بنەڕەتی ئەنجام بدات. دڵنیام گەلی كوردستان دەتوانێت بەسەر سەختییەكانی ئێستا و داهاتوو زاڵ ببێت و بەرەو ژیانێكی خۆشتر هەنگاو دەنێت. هاووڵاتیانی خۆشەویست لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە ئاوەدانی و بووژانەوەی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و كار بۆ ژێرخانێكی ئابووریی پتەو دەكرێت.

لێرەدا سەری ڕێز لەبەردەم یاد و ڕۆحی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە دادەنەوێنم و ستاییشی تەحەممولی بریندارەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازم. سوپاسی ڕۆڵە خۆبەخشەكان دەكەم كە لە شەڕەكاندا قارەمانانە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە كوردستانن. سوپاسی گەلی كوردستان دەكەم كە لەم شەڕە دژوارەدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون و هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بكەم كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون.

هیوادارم ساڵی 2016 ساڵی كۆتایهاتنی كێشە و قەیرانەكان و ساڵی سەركەوتنی گەلەكەمان بێت. ئومێد دەكەم لە ساڵی داهاتوودا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی قامیشلو دەكات

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری قامیشلوی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو كردەوانە كرد. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە داخێكی زۆرەوە جارێكی تر خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بوونە قوربانیی دەستی تاوانباری تیرۆریستان و، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 12ـی 2015 لە شاری قامیشلو، لە ئەنجامی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستیدا ژمارەیەك هاووڵاتیی بێ تاوانی ئەم شارە شەهید و بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەن و ترسنۆكانەی تیرۆریستان دەكەم سەرەخۆشی لە گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و كەسوكاری شەهیدانی ئەم كردەوانە دەكەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم. خوشك و براكانمان لە شاری قامیشلو و ڕۆژئاوای كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە لە هەموو دۆخێكدا پاڵپشتیان دەكەین و ئێستایش هەرێمی كوردستان و دەزگە پەیوەندیدارەكانی ئامادەن بۆ پێشوازیكردن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی بریندران و لێقەوماوانی كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری قامیشلو.

تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی دەبێ باش بزانن ئەنجامدانی كردەوەی قێزەوەن و ترسنۆكانەی لەم چەشنە ئیرادەی گەلەكەمان بۆ خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوە و شكستدانی تیرۆریستان بەهێزتر دەكات و دەبێ تیرۆریستان باجی هەموو تاوانەكانیان بدەن و چارەنووسیان و شكست و لەناوچوونە.

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 23/12/2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە به‌ڕێز پێترۆ گراسۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد کە پێکهاتبوو لە مارکۆ کارنێلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دکتۆر ئەلێساندرا دێ پیپۆ کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکار.


له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی به‌و دیداره‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە بەڕێزیان لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهیزی هەیە و سەرکردەیەکن کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان. سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئیتاڵیا جگە لە بواری هاوکاریی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، حەز دەکات لەهەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدات، بەتایبەتی لەبوارەکانی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئاوارەکان، کاری جیددیش دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، کردنەوەی کونسوڵگەریی وڵاتەکەشی لەهەولێر وەک بەڵگەی ئەو خواستە نیشان دا.

هەروەها سوپاسی گەل و حکوومەتی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە، بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە، بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەو هەڵوێستەی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کارە مەزنە هەیە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و حكوومەت و گەلی ئیتاڵیاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. خۆشحاڵیی خۆشی بە کردنەوەی کونسوڵگەریی ئیتاڵیا لە هەولێر نیشان دا و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لەهەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و پێویستە جگە لە بەرەی سەربازی لە ڕووی فکری و ئابوورییشەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت. لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزڵی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێتاڵیا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

 

 

 

 

سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كرد

ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 23/12/2015 لە سەلاحەدین به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان به‌ڵێن عه‌بدوڵا، به‌همه‌ن حسێن و سه‌عد خالید ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراق و ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی تیرۆریستان خرایه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. هه‌روه‌ها ستایشی رۆڵ و خۆڕاگری و قوربانیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش كرا.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا بیروڕا له‌باره‌ی كێشه‌ و قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر و كۆده‌نگی نیشتمانی له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان ئالوگۆڕ كرا و جه‌ختیش له‌سەر كاركردن بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان كرایه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا شاندی میوان سوپاسی خه‌بات و هه‌ڵوێست و هه‌وڵدانی سه‌رۆك بارزانیان كرد بۆ پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستان و سه‌رخستنی دیپلۆماسیه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە پیرمام دەكات

ڕۆژی چوارشەممە بەڕێز مەسعود بارزانی بەشداریی لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شارۆچكەی پیرمام كرد. لەو مەراسیمەدا كە لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شارۆچكەی پیرمام بەڕێوەچوو ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە چینوتوێژە جیاجیاكان و مامۆستایانی ئایینی بەشدار بوون.

پەیامی سه‌رۆک بارزانی به بۆنه‌ی هاتنەوەی جه‌ژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە شادییان بۆ دەخوازم.

ئێستا كە عێراق و ناوچەكەمان لەژێر هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی دایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو لایەكمان پاراستنی پێکەوەژیان و تەبایی پێکهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا ئەو تەبایی و پێکەوەژیانە تێکبدرێت.

بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا خوشک و برایانی مەسیحی لە عێراقدا کەوتنە بەر هەڕەشە و نکۆڵیکاری، و لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی داعش شوێنە مێژووییەكان و شار و گوند و ناوچەكانی خوشك و برا مەسیحییەكانمان لە پارێزگای نەینەوا كەوتنە ژێر داگیركاریی تیرۆریستان.

سوپاس بۆ خودا لەسەر دەستی پێشمەرگە، تیرۆیستان تووشی شكستی گەورە هاتوون و پشت بە خوای مەزن شكستی یەكجارەكیان نزیكە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان. پێویستە دوای داعش ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەك بە ئاشتی لەتەك یەكتردا بژیین. تاوان و دڕندەیی داعش دەبێ زیاتر هانمان بدات دەست بە بەها مرۆڤییەكانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بگرین. خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و گەلی كوردستان پاڵپشتی ئەوانە و دەبێ هەموومان بەیەكەوە بە سەربەستی و ئازادی بژیین.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوە و هەموو ساڵێک لە سایەی ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

24ـی 12ـی 2015

پەڕەى 145 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی