هەرێمی کوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا و حزبە كوردییەكانی باكوور كۆبۆوە
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتی توركیا ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 11ـی 2015 لە شاری ئەنكارای پایتەختی توركیا عسمەت یەلماز وەزیری بەرگریی توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لەدیدارەكەدا وەزیری بەرگریی توركیا پیرۆزبایی ئازادكردنی شنگال و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و پشتگیریی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە و لەبارەی پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە لایەن پسپۆڕە سەربازییەكانی توركیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش شیكردنەوەی پێویستی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی داعش كرا و ئامادەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی موسڵیش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ باشیك و دروستبوونی تەنگژە لەنێوان عێراق و توركیا تاوتوێ كرا.
لەدرێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 12ـی 2015 سەرۆك بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە شاری ئانكارا پێشوازی لە شاندی باڵای سەركردایەتیی پارتیی دیموكراسیی گەلان كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو فیگەن یوكسەكداخ ھاوسەرۆك و ئەحمەد تورك و لەیلا زانا و ئۆسمان بایدەمیر و ژمارەیەك سەركردەی باڵای هەدەپە.
لە كۆبوونەوەیەكدا شاندی باڵای هەدەپە بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانیان كرد و بۆچوونی خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی توركیا و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە جارێكی تر ڕۆڵی خۆی لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە ببینێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی خۆی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە هۆكارەكانی وەستانی پڕۆسەی ئاشتی و ئاستەنگەكانی كرد و تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەوە خستەڕوو كە چۆن بتوانرێ پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە سەر ڕێڕەوی خۆی. هەروەها هیوایشی خواست كە ئەو كێشە سیاسییانەی لە ئارادایە لە شارە كوردنشینەكان نەبێتە هۆی گرفتی قووڵتر و هەموو لایەك دەست بە پێكەوەژیان بگرن و پێشانی جیهانیان بدەین كە چۆن دەتوانین فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی لەنێوان خۆمان و خەڵكی تر بپارێزین و پەرەی پێ بدەین.
پاش ئەو كۆبوونەوەیە و ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە شاری ئانكارا پێشوازی لە سەركردەی هەموو حزبە كوردییەكانی باكوور كرد و لە وتەیەكدا ئامانجی سەردانی خۆی بۆ توركیا خستەڕوو كە بریتی بوو لە تاوتوێكردنی شەڕی داعش و چۆنیەتی هاوكاریی توركیا و هاوپەیمانان و هەروەها چارەسەركردنی كێشە و تەنگژەكانی نێوان عێراق و توركیا و پڕۆسەی ئاشتی و پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تێبینی و ئامۆژگارییەكانی خۆی لە مەڕ پڕۆسەی سیاسیی توركیا و ڕۆڵی كورد بۆ ئامادەبووان باس كرد و داوایشی كرد كە هەموو لایەك هەوڵ بدەن فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی لەنێوان پێكهاتەكان فراوانتر بكرێت.
لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی لە پڕێسكۆنفڕانسێك ئەجێندای سەردانەكەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردی خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕاگەیاندنكارەكانیشی دایەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 12ـی 2015 سەرۆك بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و و سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و بەرگریی و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی توركیا و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی تر لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی توركیا كۆتایی بە سەردانەكە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی توركیا هێناو لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.
بۆ بینینی دەقی پڕێسكۆنفڕانسەكە ئێرە دابگرە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 6ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵ و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هەموو جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئازادبوونی شنگالیان دەكرد و ئەوەیش بە دەست و توانستی پێشمەرگە هاتەدی.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوازیاری سەقامگیریی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و عێراقە و بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە و گۆڕانكارییەكان و ئاڵۆزتربوونی ململانێی تاییفی و فراوانتربوونی توندڕۆیی لە ناوچەكە دەكات و هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئاگاداری بارودۆخی ئابووری و ئەركی قورسی شەڕن كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستانە و بە باشیشی زانی كە وڵاتان جگە لە هاوكاریی مرۆیی لەڕووی ئابووریشەوە یارمەتیی كوردستان و عێراق بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر كێشەكانیاندا سەربكەون و تیرۆریستانیش شكست بدەن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی لە وردەكاریی پلانی ڕزگاركردنی شنگال بۆ شاندی میوان كرد و ئەو سەركەوتنەی بە سەركەوتنێكی مەزن بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد. هەروەها ئاماژەیشی بە هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی كوردستانی عێراق كرد لەبەرانبەر شەڕی تیرۆریستان و ئەو ململانێ تاییفییەی كە لە ناوچەكە لە ئارادایە و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیە و بە هیچ شێوەیەك بەشێك لەو ململانێیە نەبووە و ناشبێتە بەشێك لەو ململانێیە و دژی هیچ وڵاتێكیش نین لەو ململانێیەدا و ڕێگەیش نادەین كوردستان بكرێتە گۆڕەپانی تەسویەی حیساباتی هێزە تاییفی و ناوچەییەكان. لەگەڵ ئەوەیشدا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەموو جۆرە هەوڵ و یارمەتییەك دەكات كە بە ئامانجی شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بێت و سوپاسی ئەو وڵاتانەیش دەكەین كە لە شەڕی داعشدا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانیان و ئەو پشتیوانییەمان لەبەرچاو دەبێت.
ئاڵۆگۆركردنی بیروڕا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و دەولی و چارەسەركردنی قەیرانەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە لەبارەی بارودۆخی شاری عفرین
ماوەیەكی زۆرە شاری عفرین، لەلایەن ڕێكخستنە توندڕۆیەكانی وەك بەرەی نوسرە و ئەوانی تر، تووشی گەمارۆیەكی ئابووری و سەربازیی توند و بەرفراوان بووە. هەفتەیەكە ئەم گەمارۆیە توندتر بووە و بەوەشەوە نەوەستاون و دەستیان كردووە بە تۆپبارانی گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری عفرین. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەكە بۆ قەیرانی سووریا و ڕاگرتنی كوشتوبڕ لەو وڵاتە.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كارە قێزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكەین كە دەرهەق بە خوشك و برایانمان لە عفرین دەكرێت، لەهەمان كاتدا نەبوونی خۆراك و دەرمان نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاتر كردووە كە هەڕەشەی جدی دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عفرین. بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەئاست بەرپرسیارەتییەكانیاندا بن بەرانبەر شاری خۆڕاگری عفرین و بە جدێ هەوڵی لابردنی ئەو گەمارۆیە بدەن. هەروەها داوا لە ڕێكخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كار بكەن بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان و كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی لەپێناو بەهاناوەچوونی دانیشتوانی ناوچەكە.
بە خوشك و برایانی خۆڕاگرمان لە شاری عفرین و دەوروبەری ڕادەگەیەنین كە ئێمە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانتانداین و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ هاوكاریكردنتان درێغی ناكەین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7/12/2015
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی دووشەممە 7ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك باكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لەدیدارەكەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی بریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئازادكردنی شنگال و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی بە سەركەوتنێكی مەزن بۆ پێشمەرگە و شكست و پاشەكشە بۆ تیرۆریستانی داعش وەسف كرد. وێڕای ئاماژەدان بە بڕیاری پارلەمانی بریتانیا بۆ درێژكردنەوەی وەشاندنی گورزە ئاسمانییەكان لەدژی داعش ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لەشەڕی تیرۆریستاندا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی بریتانیای كرد و باسی لە بایەخ و وردەكارییەكانی سەركەوتنی پێشمەرگە لە ئازادكردنی شنگال و كاریگەرییەكانی ئەو سەركەوتنە لەسەر شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پلان و ورەی بەرز و قارەمانێتییەكی بێوێنە شنگالیان لەدەستی تیرۆریستان ئازاد كرد.
هەر لەم دیدارەدا باس لە دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و سووریا و گۆڕانكارییە ناوچەیی و هەرێمایەتییەكان كرا و بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و هەروەها ئاییندەی عێراق لەدوای شەڕی داعش ئاڵۆگۆڕ كرا.
لە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا تەحەدییاتەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بە تایبەت بارودۆخی ئابووری و چۆنییەتی تێپەڕاندنی قەیران و كێشە ئابوورییەكانی هەرێم تاوتوێ كرا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەكات
ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك واڵتێر شتاینمایێر وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتاری ئەڵمانیا و بەڕێوەبەر و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سەردانی بۆ كوردستان و باشتربوون و بەرەوپێشڤەچوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لێی كراوە و ستاییشی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە دەبێتە هۆكارێك بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماوە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای كرد كە گوێبیستی سەرۆك بارزانی بێت لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەگە و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی داعش.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای كرد كە بۆ چەندەمین جار و لە كاتی تەنگانەدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە كە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ دۆستایەتی و پەیوەندیی قووڵی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و سوپاسی هاوكاریی و پشتیوانییە سەربازییەكانی ئەڵمانیاشی كرد كە ڕۆڵی كاریگەری لە شەڕەكاندا هەبووە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە وردەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتنی مەزنی لەدژی داعش تۆمار كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە قۆناغی دوای داعشدا پێویستە لە ناوچەكەدا كار لەسەر نەهێشتنی ئەو هۆكارانە بكرێت كە بووەتە هۆی دەركەوتنی داعش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چیتر كارەساتەكان و هاوشێوەی داعش دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە و پێشوازی لە هەر لایەن و وڵاتێك دەكەین كە شەڕی داعش بكات و یارمەتیمان بدات و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەین.
هەر لەم دیدارەدا دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و سووریا و گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان تاوتوێ كرا و پەیوەست بە دەستپێشخەری و چالاكیی وڵاتان بۆ لێدانی داعش جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ باشتر شكاندنی داعش پێویستە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشەكان، وڵاتان هەماهەنگیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت و كێشە گرفتەكانیشیان بە دیالۆگ چارەسەر بكەن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەڵمانیا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە و تێیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و بیریش لە فراوانتركردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری میدیاكارانیان دایەوە.
بۆ بینینی پڕێسكۆنفڕانسەكە ئێرە دابگرە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكاری باڵای سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی بە سەركەوتنێكی مەزن و كەریگەر وەسف كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان. هەروەها ستاییشی ئازایەتی و لێهاتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە زۆر بە باشی توانیویەتی سوود لە هەماهەنگی و پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزە هاوپەیمانەكان وەربگرێت و ڕاشیگەیاند كە سوپای ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و گوشارهێنان بۆ تیرۆریستانی داعش و لێدان و تێكشكاندنیان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی سوپای ئەمەریكای كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان بەدی بێن. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پلانی باش و ئازایەتی و هەماهەنگیی بێ وێنە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكان توانی سەركەوتنی مەزن لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تۆمار بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتری پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی بۆ لەناوبردن و شكستدانی تیرۆریستانی داعش كرا و پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەیش تاوتوێ كرا. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و دەولییەكان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات