هەرێمی کوردستان
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 17ـی 11ـی 2015 جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە قارەمانێتی و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی كە توانیویەتی لە نزیك بەرەكانی جەنگ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا هەبێت و دەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی ئازادكردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە بەخشندە بوون و سەرباری بوونی كێشەی قووڵی ئابووری باوەشیان بۆ سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە. باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان هەیە لە دابینكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی ژاپۆنی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای شكستدانی داعش كرد و پەیوەست بە قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادكردنی شنگال ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی شەڕ و كارەساتەكان بەشی زۆری شنگال وێران بووە و پێویستە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پاراستنی لە هەڕەشەكان بكرێت و لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵكی دەڤەری شنگال دەبێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە گرنگیی سەقامگیری و ئاساییش دا و جەختی لەوە كردەوە كە بە بێی سەقامگیری، پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە بەدی ناهێت.
هەر لەم كۆبوونەوە ڕێگەچارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە بواری ئابووری و وزە و كارەبا لە نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن ئاڵوگۆڕ كرا.
ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
لە كۆڕێكی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە زانكۆی سلێمانی لەبارەی هاتنی حەشدی شەعبی هەندێ قسە كراوە و ناوی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە و لە میدیاكانیش خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتە كراوە.
لێرەدا بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە سەبارەت بە بابەتی حەشدی شەعبی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئێستا و لە پێشوودا زۆر ڕوون و ئاشكرا بووە كە هەرێمی كوردستان لە تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستاندا ناكۆكی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و هەر كات بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش پێویست بێت هێزی پێشمەرگە و حەشد یارمەتیی یەكتر بدەن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە حەشدی شەعبی بێت دوزخورماتو داگیر بكات كە خاكی كوردستانە و پێشمەرگە دەیپارێزێت.
جەنابی سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە خاكی كوردستان جێگەی حەشدی شەعبی نییە و كوردستان پێشمەرگە و هێزی ئاساییشی خۆی هەیە و پێویست بە هیچ هێزێكی تر ناكات. هێنانی حەشدی شەعبی بۆ نێو خاكی كوردستان نە بە ڕەزامەندی سەرۆك بارزانی بووە و نە كەسیش داوای لێ كردووە ڕەزامەندی پێشان بدات بۆ هاتنی حەشدی شەعبی.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
18ـی 11ـی 2015
پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو حەمەی حەمەسەعید
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بۆ خانەوادەی پێشمەرگە و تێكۆشەری ماندوونەناس خۆالێخۆشبوو حەمەی حەمەسەعید
بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەی قارەمانی گەلەكەمان كاك حەمەی حەمە سەعید زۆر خەمبار بووم. كاكە حەمە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گولان و ڕۆڵەیەكی وەفاداری ڕێگەی كوردایەتی و ئازادیخوازی بوو. هەر لە تەمەنی لاوێتی هەتا دوایین چركەساتەكانی ژیانی بێ پسانەوە لەپێناو مافەكانی گەلەكەیدا خەباتی كردووە و كۆڵی نەداوە. لەدەست دانی ئەم تێكۆشەرە مەزنە خەسارەتێكی گەورەیە و هەموومانی خەمبار كرد.
لەم بۆنە خەمناكەدا هاوبەشی خەمتانم و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم خزم و ئاشنایان و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و خەڵكی نیشتیمانپەروەری دەڤەری هەورامان دەكەم.
لەخوای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو كەك حەمەی حەمەسەعید بە بەهشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 11ـی 2015
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 11ـی 2015 لە یەكێك لەبارەگاكانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژئاوای دیجلە، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە فازڵ میرانی سكرتێر مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان.
شاندی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی سەركەوتنی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پیرۆز كرد و دەستخۆشیان لە پێشمەرگە قارەمانەكان و فەرماندەی میحوەرەكان كرد كە ئەو داستانە مێژوویەیان تۆمار كرد كە لە مێژووی گەلی كوردستاندا بێ وێنەیە.
شاندی باڵای مەكتەبی سیاسی سەرەخۆشیان لە خانەوادەی سەربەرزی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان فیدا كردووە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ برینداران خواست.
لەم دیدارەدا باس لە بایەخ و ڕەهەندە سەربازی و سیاسی و ستراتیژییەكانی ئازادكردنی شنگال و كاریگەری لەسەر لاوازبوونی تیرۆریستانی داعش كرا.
سەرۆک بارزانی سوپاسی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و پردەکان دەکات
دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شەنگال، بۆ ڕێزگرتن لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستیی و ڕێگاوبانی پارێزگەی دهۆک لەو ئۆپەراسیۆنە، ڕۆژی ١٦ـی ١١ـی ٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسنامەی ئاراستەی هەریەک لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و پردەکان لە پارێزگای دهۆک کرد.
سەرۆک بارزانی پڕ بە دڵ سوپاسی کارمەندانی ئەو دوو فەرمانگەیەی کردووە کە هەر لەسەرەتای هێرشی تیرۆریستانەوە تا ئێستا، لە میحوەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە و شنگال و بەرەکانی دیکەی نزیک لە پارێزگای دهۆک، ڕۆڵێکی پێشمەرگانە و نیشتیمانپەروەرانەیان لە ڕزگارکردنی گیانی پێشمەرگە بریندارەکان و یارمەتیدانی خەلکی ئاوارە و پاڵپشتییکردنی هێزی پێشمەرگە و یارمەتیدانیان بە دروستکردنی سەنگەر و پرد و ڕێگەوبان و گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشمەرگە، هەبووە.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات