ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عەمید سمێ بۆسەڵی، فەرماندەی هێزی ١٨ـی سوپای یەکی زێرەڤانی کرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کرد و سوپاسی خۆڕاگریی و ئازایەتیی ئەو فەرماندەیەی کرد کە لەگەڵ پۆلێك هەڤاڵ و پێشمەرگە شنگالیان بەجێ نەهێشت و زۆر ئازایانە مانەوە و بەرگرییان کرد و نەیانهێشت دەستی ڕەشی تیرۆرسیتان بگاتە چیای شنگال.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی هەڵبژاردووە کە هەمیشە پێش مەرگ دەکەوێت و گیانی خۆی بەخت دەکات بۆ ئەوەی گەلەکەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆیە ئازایەتیی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی لەچیای شنگال مانەوە و بەرگرییان کرد مایەی پێزانینە و شانازییەکیان تۆمار کرد کە وەک هەموو داستانە پڕ سەرفرازییەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرز دەنرخێندرێت.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستان ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
لە بەرانبەردا، عەمید سمێ بۆسەڵی، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و سەرنج و تێبییەکانی خۆی لەسەر ڕووداوەکان و ڕەوشی پێشمەرگە لە شنگال و چیای شنگال بەتایبەتی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە ئەوەی من و هەڤاڵانم ئەنجاممان داوە ئەرکی سەرشانمان بووە و هەمیشە ئامادەین بەرگریی لە خاک و گەلەکەمان بکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز قاسم شەشۆ، بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال کرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کردن و سوپاسی خۆڕاگریی هەموو ئەو پێشمەرگانەی کرد کە زۆر ئازایانە بەرگرییان لە چیای شنگال کردووە و وێڕای گوشار و هەوڵی زۆری تیرۆریستان بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان نەیانهێشتووە چیای شنگال بکەوێتە دەست دوژمن.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە ئەو تاوانانەی تیرۆریستان و هاوکارانیان لە شنگال ئەنجامیان داوە تووشی سزای قورسیان دەکات و دڵنیاشی کردنەوە کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کراون ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی شنگالیش بەسەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
لە بەرانبەردا، بەڕێز قاسم شەشۆ بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بە وردی سەرنج و تێبییەکانی خۆی لەسەر ڕەوشی شنگال بەگشتی و چیای شنگال بەتایبەتی خستەڕوو و تەئکیدیشی کردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای شنگال ئامادەیی تەواویان هەیە و نەک هەر ناهێڵن دەستی تیرۆریستان بگاتە سەر چیای شنگال بەڵکو بۆ ئازادکردنی شنگال چاوەڕێی فەرمانی سەرۆک بارزانی دەکەن.
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مسوڵمانانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و جیهان بەگشتی، دەکەم. پیرۆزبایی گەرم بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەنێرم، ئازادی و مانەوەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستانە و تاهەتایە مایەی شانازیین. پیرۆزباییەکی گەرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری لە گەل و وڵاتەکەمان گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست و بە ئازایەتی و خۆڕاگری و گیانفیداییان سەروەری و ئازادیی کوردستان دەپارێزن و دڵنیایی دەدەنە گەلەکەمان کە ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی دەکات، هەروەها پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەم کە زۆر ئازایانە لەپێناو پاراستنی ئاساییشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتییان شەونخونی دەکەن.
لە خوای گەورە داواکارم ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لەهەموو مسوڵمانان وەرگرتبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و کاولکاریی و کردنەوەی دەرگەی گەڕانەوەی ئارامی بۆ عێراق و ناوچەکە و سەرجەم مرۆڤایەتی.
ئێمە لە کاتێکدا مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەڕێ دەکەین کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە سەدانهەزار هاووڵاتی لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچە جیاجیاکانی عێراق ناچاربوونە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوویان کردۆتە کوردستان، جارێکی دیکە سپاسی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە وێڕای ئەو ئابڵوقە نامرۆڤانەیەی دەسەڵاتدارانی بەغدا خستویانەتە سەر گەلەکەمان، یارمەتیی لێقەوماوانیان داوە و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان لە کوردستان بۆتە مایەی سەرسامی و ڕێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە خوای گەورە داواکارم پشت و پەنای پێشمەرگە قارەمانەکانمان بێت و گەلەکەشمان بگاتە ئاواتی لەمێژینەی خۆی و کۆتایی بە هەموو ناخۆشییەکان بێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٩ـی ڕەمەزانی ١٤٣٥ـی کۆچی
٢٧ـی ٧ـی ٢٠١٤ـی زایینی
بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژی سێشەممە ٣١ـى کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد و خواستێکی ڕەوای خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە هاتەدی کە ماوەیەکی زۆر بوو کارمان بۆی دەکرد.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجەی شەهید دەکەم، خۆشحاڵم کە لە کۆتاییدا ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو هاتەدی. لەماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو کارە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو بکات، هەربۆیە ڕۆژی سێشەممە 24/12/2013 لە نامەیەكی فەرمیدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوام کرد لە وردەكاریی ئەو رێوشوێن و هەنگاوانە ئاگادارم بكەنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید گرتوویانەتەبەر، ئەوەبوو ڕۆژی 25/12/2013، پڕۆژە یاساى بهپارێزگاكردنى ههڵهبجهى شەهید لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە به فهرمى ڕادهستى سهرۆك وهزیرانى عێراقى فیدرال کرا.
ئەگەرچی وەدیهاتنی ئەم دەستکەوتە گرینگە بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید ماوەیەکی زۆری پێ چوو، بەڵام دەبوایە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بکات و پڕۆژە یاساکە لە بەغدا پەسند بکرێت.
هەڵەبجەی شەهید سەمبولی قوربانیدانی گەلی کوردە و گرێی بەختی کوردی کردەوە و شایستەی ئەوەیە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بکرێت. هیوادارم دوای ئەم بڕیارە گرینگە، شاری هەڵەبجە ببێتە شاری خۆشی و سەمبولی ئاشتی بۆ هەموو جیهان.
خەڵکی ئەو شارە ئازیزە ناخۆشیی زۆریان بینیوە و پێویستە برینەکانیان ساڕێژ بکرێت، بۆیە هیوادارم ئەو ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت بە دڵی خەڵکی ناوچەکە بێت و خزمەتێکی شایستەیان پێشکەش بکات.
پیرۆز بێت لە هەڵەبجە، پیرۆز بێت لە کوردستان.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١/١/٢٠١٤