ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عەمید سمێ بۆسەڵی، فەرماندەی هێزی ١٨ـی سوپای یەکی زێرەڤانی کرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کرد و سوپاسی خۆڕاگریی و ئازایەتیی ئەو فەرماندەیەی کرد کە لەگەڵ پۆلێك هەڤاڵ و پێشمەرگە شنگالیان بەجێ نەهێشت و زۆر ئازایانە مانەوە و بەرگرییان کرد و نەیانهێشت دەستی ڕەشی تیرۆرسیتان بگاتە چیای شنگال.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی هەڵبژاردووە کە هەمیشە پێش مەرگ دەکەوێت و گیانی خۆی بەخت دەکات بۆ ئەوەی گەلەکەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆیە ئازایەتیی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی لەچیای شنگال مانەوە و بەرگرییان کرد مایەی پێزانینە و شانازییەکیان تۆمار کرد کە وەک هەموو داستانە پڕ سەرفرازییەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرز دەنرخێندرێت.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستان ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
لە بەرانبەردا، عەمید سمێ بۆسەڵی، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و سەرنج و تێبییەکانی خۆی لەسەر ڕووداوەکان و ڕەوشی پێشمەرگە لە شنگال و چیای شنگال بەتایبەتی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە ئەوەی من و هەڤاڵانم ئەنجاممان داوە ئەرکی سەرشانمان بووە و هەمیشە ئامادەین بەرگریی لە خاک و گەلەکەمان بکەین.