ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/7/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ فرانك به‌یكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و ئه‌نكس مه‌كی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی دوایین پێشهات و رووداوه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م كێشه‌و گیرگروفته‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی جه‌نگی تیرۆر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، له‌مباره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا سه‌رسامی خۆی به‌ قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌م جه‌نگه‌ ده‌ربڕی و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاته‌كه‌شی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ بازنه‌ی هاوكارییه‌كان فراوانتر بكرێت.

په‌یوه‌ست به‌ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پێویستیشی به‌ هاوكاری زیاتر هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان خرایه‌ به‌رباس، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كورد و ئاینده‌ی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و سازان له‌سه‌ر پرسه‌كان بكه‌ن دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ بارگرژییه‌كی حزبی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ كورد هاتۆته‌ دی پێویستی به‌ پاراستنه‌و ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌كرێ".

لای خۆشیه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق گوتی"پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووتان به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌تان بپارێزن و ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆ كورد هاتۆته‌ پێش نه‌یكه‌نه‌ قوربانی ململانێ حزبیه‌كانتان".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌داو له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ردوولا به‌پێویستیانزانی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان ببێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان".

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی رایگه‌یاند وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ئێستادا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رزترین وره‌ی هه‌یه‌و سه‌نگه‌ره‌كانی كوردستان ده‌پارێزن.
ئه‌م وتانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/7/2015 له‌ شاری هه‌ولێر له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ كارمێلۆ فیكارا كونسوڵی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان هات.

پرسی جه‌نگی تیرۆر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و هێز و لایه‌ن و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بوونه‌ له‌ جه‌نگی دژه‌تیرۆر و به‌ هیواین بازنه‌ی هاوكارییه‌كان فراوانتر بكرێ".

لای خۆیه‌وه‌ كارمێلۆ فیكارا كونسوڵی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ هاوكاری كردنی هه‌رێمی كوردستان و هیواشی خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا په‌ره‌ی پێ بدرێت و فراوانتر بكرێت".

قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"وه‌ك هه‌میشه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ سازان و گفتوگۆ بگه‌ینه‌ ئه‌نجام، چونكه‌ میلله‌ته‌كه‌مان میلله‌تێكی ئه‌وه‌نده‌ ئازاو قاره‌مانه‌، ناكرێ بیانكه‌ینه‌ قوربانی ململانێ سیاسییه‌كانمان".

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا كۆسره‌ت ره‌سول گوتی"ئێمه‌ی گه‌لی كورد به‌ درێژایی مێژوو دژی تیرۆر و دیكتاتۆری بووینه‌و هه‌میشه‌ش هه‌وڵمانداوه‌ و خه‌باتمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئازادی و دیموكراسی بژین، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا نه‌بووینه‌ته‌ خاوه‌نی كیانی خۆمان".

كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشی ئاواره‌كان و هاتنیان بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌مڕووه‌وه‌ هه‌ردوولا به‌ گرنگیانزانی باوه‌ش بۆ ئاواره‌كان بكرێته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی كاریگه‌ری نه‌بێ له‌سه‌ر دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌".

به‌داخه‌وه‌ جارێكی تر تیرۆرستان و تاریكپه‌رستان هێرشیان كرده‌وه‌ سه‌ كوبانێی خۆڕاگر و به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك هاووڵاتیان شه‌هید و بریندار كرد، لێره‌وه‌ له‌پاڵ ئیدانه‌كردنی ئه‌م كاره‌ تیرۆرستیه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ئه‌م هێرش و ته‌قینه‌وانه‌ ده‌كه‌م و هیوای هه‌رچی زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازم.


ئاشكرایه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا نه‌به‌ردی و خۆڕاگرییه‌كانی كوبانی بووه‌ ره‌مزی به‌رخودان و به‌رگری و هه‌موو دنیای سه‌رسامكردو بۆ دنیای سه‌لماند كه‌ گه‌لی كورد چه‌نده‌ خۆڕاگره‌و چۆك نادات بۆ هیچ هێزێكی داگیركه‌ر، بۆیه‌شه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێم كۆبانێ زۆر به‌هێزترو خۆڕاگرتره‌ له‌وه‌ی هێرشی ئاوا چۆكی پێ دابنێ و بیخات، كۆبانێ وه‌ك هه‌میشه‌ قه‌ڵای سه‌ربه‌رزی كوردانه‌ و ناكه‌وێ‌.

هاوكاتی شه‌هیدبوون و برینداربوونی ئه‌م هه‌موو هاووڵاتیه‌ سڤیل و ژن و منداڵه‌و له‌پاڵ دروود ناردن بۆ گیانی پاكیان، به‌ پێویستی ده‌زانم داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌م تا هه‌رچی زووه‌ هاوكاری مرۆیی و ته‌ندروستی بگه‌یه‌ننه‌ خه‌ڵكی كۆبانێ و هاوكارییان بكه‌ن.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

 

 

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان به‌ گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم مانگی خێر و به‌ره‌كه‌ت و خۆشی و شادی بێ بۆ گه‌له‌كه‌مان.

ئاشكرایه‌ ئێمه‌ی گه‌لی كورد هه‌میشه‌ به‌ گرنگی و بایه‌خه‌وه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزمان روانیوه‌و كوردستان یه‌كێك بووه‌ له‌م شوێنانه‌ی به‌ جوانترین شێوه‌ پێشوازی له‌ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ خوازیارم ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی پێشوو پێشوازی له‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ بكه‌ین و بیكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان خۆمان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌ هه‌نووكه‌ نێوخۆییه‌كانمان.

موسڵمانانی خۆشه‌ویست...

ئه‌مڕۆ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌وڵدانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان بۆ به‌كارهێنانی ناوی پیرۆزی ئیسلام دژی مرۆڤایه‌تی، له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته‌ هه‌ڵگری په‌یامی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان بین و دژی توندڕه‌وی بوه‌ستینه‌وه‌و به‌ توندڕه‌وه‌كان بڵێین ژیان بریتییه‌ له‌ ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیان و خۆشگوزه‌رانی.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌و له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم دووپاتی یه‌كڕیزی كورد و پاڵپشتی كوردانی پارچه‌كانی تر له‌ یه‌كتر به‌ ئامانجی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كیمان بكه‌مه‌وه‌و رایبگه‌یه‌نم كه‌ گه‌له‌كه‌مان ته‌نهاو ته‌نها به‌ یه‌كڕیزی و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سی و حزبییه‌كان ده‌گاته‌ ئامانجی ره‌وای خۆی.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23/5/2015 كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سلێمانی پێشوازیكرد له‌ (یان كوبیش) به‌رپرسی یۆنامی له‌عیراق و سۆكۆڵ كۆندی به‌رپرسی ئۆفیسی یۆنامی له‌هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدێكی راوێژكاریی یۆنامی .

له‌ دیدارێكدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربونی له‌ (یان كوبیش) وه‌ك به‌رپرسی نوێی یۆنامی له‌عیراق كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌و كاره‌یدا كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێی سپاردووه‌ له‌خزمه‌تكردنی ئاواره‌و لێقه‌وماوانی گه‌لانی عێراق به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی داعشدا ئاواره‌بون.

هه‌ر له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ رۆڵی یۆنامی به‌رز نرخاند له‌به‌هاناوه‌ چوونی ئاواره‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان و لای خۆشیه‌وه‌ پشتیوانی و هاوكاری خۆی و گه‌لی كوردستانیشی پێراگه‌یاندن بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ئه‌ركه‌ مرۆڤانه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌رپرسی یۆنامی له‌عیراق سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كردو وتی: ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتن و جوامێرییه‌مان له‌گه‌لی كوردستان ده‌كرد له‌پێشوازی كردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌كان له‌كوردستان، به‌راستی ئێوه‌ لانكه‌ی داڵده‌دانی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كانی عێراقیشن، ئێوه‌ سه‌لماندتان گه‌لێكی تینوی دیموكراسین و كار بۆ چه‌سپاندنی ده‌كه‌ن له‌عێراقدا.

دواتر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشنیاری كۆبونه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراقی كرد له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی داوای له‌ حكومه‌تی عێراقی كرد ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ی كه‌ به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتن بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌ به‌ته‌واوه‌تی ره‌وانه‌ی بكه‌ن تا حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت پێداویستییه‌ مرۆییه‌كانی ئه‌و ئاوارانه‌ دابین بكات.

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌سووره‌ی یه‌زیدیان له‌ دڵه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برا یه‌زیدییه‌كانمان له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م و ئومێده‌وارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌رفرازی و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی گه‌له‌كه‌مان.

ئاشكرایه‌ خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان به‌درێژایی مێژوو له‌ شۆڕشه‌ كوردییه‌كاندا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌و خاوه‌نی ده‌یان و بگره‌ سه‌دان قاره‌مانن كه‌ مێژوو شانازیان پێوه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ك له‌ كات و ساتی هاتنی تیرۆرستان و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر كوردستان له‌پاڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان قاره‌مانانه‌ چه‌كی شه‌ره‌فیان كرده‌ شان و به‌رگریان له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان كرد و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانم ئه‌مڕۆ له‌پاڵ پیرۆزبایی كردن له‌ خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان هه‌وڵی زیاتر بده‌ین و هه‌موومان به‌ كۆده‌نگی و یه‌كده‌نگی هه‌وڵبده‌ین بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی بست به‌بستی خاكی كوردستان و زێدی خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ماڵ و حاڵی خۆیان به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه‌ جه‌ژنه‌كانیان به‌رز رابگرن.

له‌ یادێكی ئاوا پیرۆزداو له‌ كاتێكدا كه‌ به‌شێكی زۆری خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان ئاواره‌بوون، ناكرێ رۆڵی جوامێرانه‌ی خه‌ڵكی شه‌ره‌فمه‌ند و میواندۆستی شاره‌كانی كوردستان له‌یاد بكه‌ین و سوپاسیان نه‌كه‌ین، چونكه‌ به‌وپه‌ڕی له‌خۆبووردووییه‌وه‌ و له‌م قه‌یرانی داراییه‌دا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هات بۆ هاوكاری خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان ئه‌نجامیان دا.

له‌ كۆتاییدا و وێڕای دووباره‌ پیرۆزباییم له‌ ته‌واوی كوردانی یه‌زیدی، به‌پێویستی ده‌زانم سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی رێگای رزگاری كوردستان دابنوێنم و هه‌وڵی جدیش بدرێ بۆ دۆزینه‌وه‌ و شادكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ جه‌نگی تیرۆره‌ ون بوونه‌، یاخود كه‌وتوونه‌ته‌ ژێرده‌ستی تیرۆرستان و هه‌وڵ بدرێ به‌ ئامێزی كه‌سوكاریان شاد بكرێنه‌وه‌.


كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

 

 

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گه‌لی كوردمان له‌ گشت جیهان ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم ئه‌م جه‌ژنه‌ جه‌ژنی به‌دیهاتنی خه‌ون و ئاواته‌كانمان بێ، هاوكات لێره‌شه‌وه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كه‌ركووكی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م به‌ بۆنه‌ی 24ه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان.

ئاشكرایه‌ هه‌میشه‌و به‌ به‌رده‌وامی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان هه‌وڵیانداوه‌ له‌ پاڵ چه‌وسانه‌وه‌ی كورد ئه‌م جه‌ژنه‌مان لێ تێك بده‌ن و نه‌هێڵن یادی بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام جیا له‌وه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان جیاوازه‌ له‌ ساڵانی تر، گه‌له‌كه‌مان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و دژواردا تێپه‌ڕ ده‌بێ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرمان له‌سه‌ره‌و خوشك و برا پێشمه‌رگه‌كانمان له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریدان و به‌ خوێن به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان گیانی خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانی خاك و نیشتمان، بۆیه‌ له‌ جێی خۆیه‌تی ئه‌مساڵ و ئه‌م جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌مان بكه‌ینه‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و هه‌وڵدان بۆ یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان...

له‌ده‌ستدانی رۆڵه‌و باوك و برا ئه‌گه‌رچی قوڕسه‌و خه‌مێكی گه‌وره‌یه‌، وه‌لێ‌ گه‌وره‌ترین شه‌ره‌ف و شانازییه‌ به‌ر ئێوه‌ی سه‌ربه‌رز كه‌وتووه‌و ده‌بێ هه‌موومان شانازیتان پێوه‌ بكه‌ین و ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ ئه‌وه‌ خوێنی رۆڵه‌كانی ئێوه‌یه‌ بۆته‌ هه‌وێنی پاراستنی خاك و نیشتمان، له‌م جه‌ژنه‌شدا پێویسته‌ هه‌موومان له‌ بری چوونه‌ سه‌یران و دڵخۆشی ده‌ربڕین تاجه‌ گوڵینه‌ی رێز له‌ده‌ست بگرین و به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدانمانی دابنێین و دوعای به‌خێر بۆ برینداران بكه‌ین كه‌ زوو به‌ زوو خوا شیفایان بدات.

له‌ كۆتاییدا دووباره‌ هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ هه‌مووان پیرۆز ده‌كه‌م و ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م جه‌ژنه‌ جه‌ژنی سه‌وزبوونه‌وه‌ی ئاواته‌كانی كورد و پشكوتنی خه‌ونی له‌مێژینه‌مان بێ، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نهاو ته‌نها به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێ و پێویسته‌ هه‌موومان یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان جه‌ژنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی شه‌هیدانمان ده‌بێ.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یه‌شار كه‌مالم بیست و له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی و دڵگرانی كردم، لێره‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و خه‌مباری خۆم ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی یه‌شار ده‌كه‌م.

ئاشكرایه‌ له‌ پاڵ خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری گه‌لی كوردمان، نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كورد له‌ رێگای نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌وڵیانداوه‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌ جیهان بناسێنن و داكۆكی له‌ مافه‌ ره‌واكانمان بكه‌ن.

رۆماننووسی گه‌وره‌ یه‌شار كه‌مال له‌ ته‌مه‌نی پڕ به‌خشش و دوور و درێژی خۆیدا و له‌ دوو توێی به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ پرسی گه‌لی كورد به‌ جیهان بناسێنێ‌ و هه‌وڵه‌ جیهانییه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتنی كورد به‌ ئاواته‌كانی.

له‌ كۆتاییداو له‌م كات و ساته‌ خه‌مگینه‌دا، وێڕای خه‌مباری و دڵگرانیمان ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ له‌ده‌ستدانی یه‌شار كه‌مال كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌سته‌مه‌ له‌ مێژوودا یه‌شار كه‌مالێكی تر دووباره‌ بێته‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی