ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا كرد بە سەرۆكایەتیی ڤۆلكەر كاودر سەرۆكی گرووپی پارلەمانیی پارتەكانی یەكێتی دیموكراتی مەسیحی و یەكێتی سوشیاڵ مەسیحی لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ.
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاس خۆی و سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی بە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان گەیاند بەهۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی ئێزیدی و مەسیحیی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دراون و گوتی: " ئەڵمانیا سپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانی وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران". سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا كە بەو یارمەتی و پێشوازییەی پێشكەشی ئاوارەكانی كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرزی لە جیهاندا پەیدا كردووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنی ڕاوێژكار و گەلی ئەڵمانیا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانن و ڕایگەیاند كە ئەو پاڵپشتییە دڵگەرمی و هێزێكی زیاتر دەداتە گەلی كوردستان و گوتی: " ئێمە نامانەوێ ڕۆڵەكانتان بێن و لێرە شەڕی تیرۆریستان بكەن. متمانەمان بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان هەیە كە دەتوانن تیرۆریستان تێكبشكێنن تەنیا پێویستیمان بە چەكی تازە هەیە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكەین". سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو ئابلۆقەیەی لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە 10 ساڵی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتی عێراقیدا هەبووە ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی متوازعی خۆیەوە توانی بوێرانە ڕێگە لە پێشڕەوی تیرۆریستان بگرێت و پاشەكشەیان پێ بكات و زەبری كوشندەیان لێ بدات.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە دڕندەیی و مەترسیی تیرۆریستان دا كە دژی هەموو ئایین و بیروبۆچوون و بەهایەكی مرۆڤایەتین و ئەو شوێنەی ئەوان لێی بن ژیان هیچ مانایەكی نامێنێت.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بە مەرجێك گۆڕانكاری لە شێوەی حوكمڕانی و جۆری بیركردنەوە لە حكوومەتی تازەدا ڕوو بدات و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێویست زانی كە حكوومەتی عێراقی دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبۆی زیانەكانی ئەو خەڵكە بكات كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی لوبنان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی گەلی لوبنان و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان كردەوە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ئەو هاووڵاتییە مەسیحییانەی كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان پەنایان بۆ كوردستان هێناوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و لوبنان پێشوازی لە فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و لوبنان كرد.
هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە تاوتوێ كرا. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و حكوومەتی عێراقیش بە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر هاووڵاتیان و پەنابەران پابەند بێت و ئاسانكاری بۆ یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەران بخاتەڕوو.
پەیوەست بە پاراستن و یارمەتیدانی خوشك و برا مەسیحییەكان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە یارمەتییان بدات و بیانپارێزێت و داوایشی كرد كە بیر لە جێهێشتنی خاك و وڵاتیان نەكەنەوە چونكە هەڕەشەی تیرۆر كاتییە و تیرۆریستان تێكدەشكێن و ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە یان هەموومان پێكەوە دەمرن یان پێكەوە بە ئازادی لەسەر خاكی خۆمان دەژیین. سەرۆك بارزانی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی ڕاگەیاند كە دەرگەی خۆبەخشین بۆ خوشك و برا مەسیحییەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی پێشمەرگە پارێزگاری لە وڵات بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریاك لویس ڕۆفاییلی یەكەم ساكۆ پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك مەتران و پیاوی ئایینی مەسیحیی كوردستان و عێراق پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەیەكدا پاتریاك لویس ڕۆفاییلی یەكەم ساكۆ پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی و حەواندنەوەی مەسیحییەكانی نەینەوا و عێراق و هەروەها هاوكاریكردن و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان. پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا بەرانبەر ڕووداوەكانی موسڵ و هەروەها ئەو هەڕەشە و جیاكارییەی لەسەر بنەمای ئایین و بەناوی ئیسلام لەدژی مەسیحییەكان دەكرێ و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە پەرەسەندنی كولتووری ئینكاری بەرانبەر و شێواندنی سیمای ئیسلامە و ڕایشیگەیاند كە دەركردن و تێكدانی كەنیسەكان و توراسی مێژوویی و ئایینیی مەسیحییەكان لە نەینەوا بوونی مەسیحییەكانی لەم ناوچەیە كردۆتە ئامانج. لە درێژەی قسەكانیدا پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە توراسی مێژوویی مەسیحییەكان و مانەوەی مەسیحییەكان بپارێزرێت و شێوەیەكی سەردەمیانە بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتەكانی عێراق بدۆزرێتەوە و داوایشی كرد كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی و بەدواداچوونی هاوبەش هەبێت بۆ چارەكردنی گرفتی ئاوارە و پەنابەرانی مەسیحی.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە دەركردنی خوشك و براكانی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا بە توندی ئەو هەوڵانەی ئیدانە كرد كە لەدژی مەسیحییەكان لە لایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام دەدرێت و ڕایگەیاند كە ئەم تەوژمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر مەسیحییەكان بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و جیهان و دژی هەموو پڕەنسیپە ئایینی و مرۆڤییەكان و دژی ژیانە و لەو ماوەیەدا نەك تەنیا كەنیسەكان بەڵكو مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانی موسلمانانیش كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆریستانەوە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا شاندی میوانی دڵنیا كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و ئاوارەكان و كوردستانیش وڵاتی هەمووانە و دەرگەی بۆ لێقەوماوان كرایەوە و ڕایگەیاند كە زۆر باش لە كێشە و گرفتەكانی خوشك و برا مەسیحییەكان دەگات و پێویستە هەموومان وڵاتی خۆمان بپارێزێن و گوتی: " یان هەموومان پێكەوە دەمرین یان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیین". سەرۆك بارزانی داوایشی لە خوشك و برا مەسیحییەكان كرد كە خۆڕاگر بن و بیر لە كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات نەكەنەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دژایەتیكردنی تیرۆر و نەهێشتنی توندڕۆیی هەوڵێكی هەمەلایەنە و دەولیی پێویستە و هەرێمی كوردستانیش بەهەموو توانایەكیەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبێتەوە و بەرگری لە خاك و ژیانی هاووڵاتیان دەكات.