ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا كرد بە سەرۆكایەتیی ڤۆلكەر كاودر سەرۆكی گرووپی پارلەمانیی پارتەكانی یەكێتی دیموكراتی مەسیحی و یەكێتی سوشیاڵ مەسیحی لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ.
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاس خۆی و سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی بە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان گەیاند بەهۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی ئێزیدی و مەسیحیی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دراون و گوتی: " ئەڵمانیا سپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانی وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران". سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا كە بەو یارمەتی و پێشوازییەی پێشكەشی ئاوارەكانی كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرزی لە جیهاندا پەیدا كردووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنی ڕاوێژكار و گەلی ئەڵمانیا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانن و ڕایگەیاند كە ئەو پاڵپشتییە دڵگەرمی و هێزێكی زیاتر دەداتە گەلی كوردستان و گوتی: " ئێمە نامانەوێ ڕۆڵەكانتان بێن و لێرە شەڕی تیرۆریستان بكەن. متمانەمان بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان هەیە كە دەتوانن تیرۆریستان تێكبشكێنن تەنیا پێویستیمان بە چەكی تازە هەیە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكەین". سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو ئابلۆقەیەی لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە 10 ساڵی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتی عێراقیدا هەبووە ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی متوازعی خۆیەوە توانی بوێرانە ڕێگە لە پێشڕەوی تیرۆریستان بگرێت و پاشەكشەیان پێ بكات و زەبری كوشندەیان لێ بدات.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە دڕندەیی و مەترسیی تیرۆریستان دا كە دژی هەموو ئایین و بیروبۆچوون و بەهایەكی مرۆڤایەتین و ئەو شوێنەی ئەوان لێی بن ژیان هیچ مانایەكی نامێنێت.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بە مەرجێك گۆڕانكاری لە شێوەی حوكمڕانی و جۆری بیركردنەوە لە حكوومەتی تازەدا ڕوو بدات و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێویست زانی كە حكوومەتی عێراقی دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبۆی زیانەكانی ئەو خەڵكە بكات كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.