نازم ده‌باغ ساڵانێکی زۆره له ئێران ده‌ژی، ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و جێگای بڕوا‌و متمانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییه، که له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا وه‌کو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌رکی پاراستن و گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کورده‌کان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی له ئه‌ستۆ بووه. ده‌باغ له‌م نوسینه‌دا باس له ئه‌گه‌ره‌کانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا ده‌کات ئه‌گه‌ر بێت و کورده‌کان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕۆن.
سه‌ربه‌خۆیی خواستی گشتیی هه‌ر تاکێکی کوردی عێراقه
هیچ تاکێکی کورد نییه که به‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ش له‌به‌رچاو بگیردرێت که به شێوه‌یه‌ک نییه بتوانرێت ده‌وڵه‌تێکی کوردی پێک‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئێمه مافی خۆمانه که ئه‌م بابه‌ته باس که‌ین و وه‌کوو رابردوو درێژه به خه‌باتی خۆمان بده‌ین و بارودۆخی به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی ئاماده بکه‌ین. له بارودۆخی ئێستادا، بارودۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ئاڵۆزه و سه‌باره‌ت به عێراقی دوای داعش‌یش ده‌بێت وردبین بین تاوه‌کو داعش دیسان دروست نه‌بێته‌وه، سیاسییه‌کانی عێراقی ده‌بێت خۆیان له به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و ئایینی دوربخه‌نه‌وه.
ئێران دۆستی هه‌میشه‌یی کورده‌کان
تاکو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران به تێڕوانینێکی واقیعیانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هاوکار بووه به‌ڵام ئه‌م هاوکارییه به‌نده به مه‌رجێکه‌وه که ئه‌ویش پاراستنی ئاسایشی سنووره‌کانی بووه له رۆژئاوای وڵاته‌که‌یدا. له ساڵانی دوورودرێژی خه‌بات دژی به‌عس، کۆماری ئیسلامی ئێران و کورده‌کانی عێراق دوو هاوپه‌یمانی دێرین و هاوکار بوون، ئێران هه‌میشه و له هه‌ر بارودۆخێکدا، پشتیوانی و به‌رگری له بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کورده‌کانی عێراق کردووه و له ساته‌وه‌خته مێژووییه جیاوازه‌کاندا له‌وانه کردنه‌وه‌ی سنووره‌کانی به‌ڕووی زیاتر له یه‌ک ملیون ئاواره، پشتیوانی له هه‌ولێر له به‌رامبه‌ر هێرشی داعش و ... هاوکار و هاوپه‌یمانمان بووه. من پێم وایه ئێران له هه‌ر بارودۆخیكدا هاوکاری کورده‌کان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌نده به‌وه‌وه که ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی بۆ ناوچه سنوورییه‌کانی ئه‌م وڵاته.
ئێران و ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان
له هه‌موو دیدار و بۆنه‌کان‌دا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته قسه کراوه و ئێرانیش هه‌میشه هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی له زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه راگه‌یاندووه، که ئێران به‌رده‌وام پاراستنی یه‌کێتی خاکی عێراقی لاگرنگه، به‌ڵام هه‌روه‌ها که پێشتر ئاماژه‌م پێدا به پێی ئه‌زموونی خۆم له‌م ساڵانه‌دا، گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که هه‌ڵوێست و روانگه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆڕه‌کان و رووداوه‌کانی په‌یوه‌ست به کورده‌کانی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ڵوێستێکی ته‌واو واقیعیانه‌یه، که زیاتر له هه‌ر هه‌ڵوێستێکی دیکه نزیکه له رووداوه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ئێمه‌وه و جیاوازه له هه‌لوێستی وڵاتانی دیکه، ئه‌م بابه‌ته له بابه‌تی چۆنیه‌تی هه‌لوێستی تورکیا و ئێران له‌سه‌ر هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له شاری که‌رکووک به روونی ده‌رده‌که‌وێت. کۆماری ئیسلامی ئێران به روونی و به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، داوای له هه‌موو لایه‌نه‌کان کردووه به رێگای وتووێژ و گه‌رانه‌وه بۆ ده‌ستووری عێراق، کێشه‌کانی نێوانیان چاره‌سه‌ر که‌ن. داواکاری ئێران بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور و دانوستان داواکارییه‌که که ده‌کرێت پشتیوانی لێ بکرێت به شێوه‌یه‌ک که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق ئه‌م ده‌رفه‌ته به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کان ده‌درێت که کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر که‌ن و بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش مادده‌ی ١٤٠ ده‌ستوور په‌سه‌ند کراوه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا بینیمان که ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماری تورکیا، ینالی ئیڵدریم، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی دیپلۆماتکار و سه‌ربازی تورکیا دژکرده‌وه‌ی زۆر توند و ته‌نانه‌ت هه‌ڕ‌ه‌شه‌ئامێزیشیان سه‌باره‌ت به هه‌ڵكردنی ئاڵا نیشاندا. ئه‌مه له کاتێکدا بوو که پێشتر ده‌وترا په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره – هه‌ولێر، باشتر و نزیکتره له په‌یوه‌ندی نێوان تاران – هه‌ولێر، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا و له‌سه‌ر عه‌رزی واقیع به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه.
به گشتیی ده‌بێت جارێکی دیکه دووپاتی که‌مه‌وه که پێش‌بینی من له دژکرده‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بابه‌تی ریفراندۆم و هه‌روه‌ها خواستی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌یه که ئێرانییه‌کان به تێڕوانینێکی واقیعیانه و هه‌روه‌ها برایانه و دۆستانه که هه‌یانه پشتیوانی له هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پشتیوانییه به‌نده به جۆرێک له دروست‌کردنی متمانه‌ی کرده‌وه‌یی، که رووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێته هۆی تێکچوونی باری ئه‌منی و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران به تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌کاندا.
سه‌رچاوه: همشهری دیپلماتیک
نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەتاران، رایدەگەیەنێت، داخستنی سنور دواین بژاردەی ئێران-ە ئەگەر ھەڵوێست وەربگرێـت دژی ریفراندۆم، و ئێستا ھیچ بڕیارێکی لەو جۆرەی نییە.
نازم دەباغ بەخەندانی-ی راگەیاند، "ئێران ڕاستگۆترین دەوڵەت بووە، کە لەسەر پرسی ریفراندۆم، ھەڵوێستێکی وەک و خۆی بە ئێمە گەیاندووە، کە ئەنجام نەدانی ریفراندۆمە".
وتیشی، ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و ئەو رێککەوتنانەی کراون، لەنێوان ناوەند و ھەرێم پشتیوانی ھەرێم بکات.
"دەمێنێـتەوە سەر ئەوەی، ئێران ھەڵوێستی چی دەبێـت دوای ئەوەی لەگەڵ تورکیا رێککەوتووە، تائێستا ھیچ بڕیارێک نیە بۆ سنوور داخستن، بەڵام بەپێی لێکدانەوەی ئەو ھەڕەشانەی کە دەکرێن بەدڵنیاییەوە ئەگەر بیانەوێت رێگری بکەن لەراپرسی سنور داخستن بژاردەیەکە لە بژاردەکان" دەباغ وای وت.
نوێنەری ھەرێم لەتاران پێی وایە، ئێران بەبی تورکیا ھەنگاوی لەو جۆرە نانێت، "بەبڕوای من، ئێران ھەڵوێستی دەبەستێرێتەوە بە ھەڵوێستی بەغدا چ بۆ سنور داخستن چ بۆ دژایەتی کردن بێت".
جەختی کردەوە، دوا بژاردەی ئێران سنور داخستنە، لەھەڵوێست وەرگرتنی، "من پێم وانییە ئێران بە بێ تورکیا ئەوە بکات، بە دڵنیاییەوە ئێران ھەڵوێستی باشتر دەبێت لە تورکیا".
حەوتی مانگی (حوزەیران/شەش)، لە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و ١٥ لایەنی سیاسی ھەرێم (جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی) لە پیرمام بڕیاردرا رۆژی ٢٥ ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، ریفراندۆم لە ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش ئەنجام دەدرێت
نازم دەباغ: ھەڵوێستی ئێران و تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە
نازم دەباغ: کوردەکان دەتوانن هاوڕێیەکی هێمن و ئاسایش بن . بیرووڕای نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە ریفڕاندۆم
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران سەبارەت بە پرسی ریفڕاندۆم و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و ڕوانگەی وڵاتانی ناوچە لەبارەی ئەم ڕووداوەوە بە ئینساف نیووزی گوت: کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.
لەسەر بڕوای پێگەی هەواڵنێریی لوبنان 24، مەسقەت ئەم ڕۆژانە شایەدی هاتووچۆی هەندێک شاند لە ئێران، عەڕەبستان، تورکیا و عێراقە کە بۆ دانووستان لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لەم شارە ئامادەدەبن و عومانیش چاودێری ئەم دانووستانانەیە. هەروەها لە ڕاپۆڕتی ئەم پێگە هەواڵنێرییەدا، ئاماژە بە سیاسەتی کراوەی ئێران و تورکیا لە سەر مەسەلەی کوردستان کراوە.
"نازم دەباغ" لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەم هەواڵە بە پەیامنێری ئینساف نیووزی گوت: ئێمە تەنیا تا ئەو ڕادەیە ئاگادارین کە سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی رەسمی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە چاوپێکەوتنی کردووە و لەسەر ئەوە پێکگەیشتوون کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵاتانی خۆیان لەگەڵ یەکتری هاوکاریی چەکدارییان هەبێت.
گوتیشی: یەکێک لە گرفتەکانی کوردەکان ئەوەیە کە هەر کاتێک دەیانەوێت بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن، وڵاتانێک کە لە بنچینەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا کوردیان هەیە هەوڵەکانی خۆیان بۆ نەهێشتنی ئەم مەسەلەیە دەخەنەەڕ، هەر چەندە کە کوردەکان دەتوانن بۆ سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا هاوکار و هاوڕێی بن.
هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابوو
دەباغ سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران گوتی: هەڵوێستی ئێران لە سەرەتاوە سەبارەت بە پرسی ڕیفڕاندۆم ڕوون و ئاشکرابووە و بۆ مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق پێداگریی کردووە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی مافە ڕەواکانی خۆیدا لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراق و ڕێککەوتنەکان لە نێوان کوردەکان و عێراقدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە.
گوتیشی: وڵاتانی جیهان و دراوسێکانی ئێمە حەساسییەتی تایبەتی خۆیان هەیە، وڵاتانی دراوسێ لەوبڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەی لەسەر ئەو وڵاتانە دادەنێت کە جمووری کوردیان هەیە، بەڵام ڕابردوو سەلماندوویەتی کە هەرێمی کوردستان توانیوییەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەروها سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ناوچەکە، کاریگەر و بەسوود بێت. بێجگە لەمانە هێزەکانی پێشمەرگە، هێزێکی سەرەکی و گرینگ لەشەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و داعیش بووە و ئێستاش هەیە. وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکا لەو بڕوایەدان کە ئەم مەسەلەیە کاریگەری لەسەر شەڕ و خەبات لەگەڵ داعش دەبێت. هەر وەکوو ئاماژەم پێدا پێشمەرگەکان قارەمانانە و لەوپەڕیی لەخۆبردووییەوە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن. بەڵام هۆی سەرەکی و گرینگ بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەوان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی عەڕەبی و تورکیا و ئێران دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە بواریی ئاسایش و وزەدا.
رووداو - سلێمانی/ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بەردەوامن، هەروەها شاندێكی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حكومیی بەغدا، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلوول.
نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران رایگەیاند: "بەرپرسانی ئێرانی یەكپارچەیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لە چوارچێوەی دەستوور، بە تاكە چارەسەر دەزانن".
گوتیشی كە بەرپرسانی تاران ئاگایان لەوەیە لە ساڵانی رابردوودا پێشێلكاریی دەستووری بەرامبەر هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام ئامادەن نێوبژیوانی لەنێوان هەولێر و بەغدا بكەن "ئەوان دەڵێن دەزانین و ئاگامان لێیە، بۆیە ئامادەین لە نێوان هەولێر و بەغدا هاوكار و نێوبژیوان بین بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، هەر رێككەوتنێكیش بكەن لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە پشتیوانیان دەبین".
نوێترین هەڵوێستی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی گشتپرسی لەو دیمانە رۆژنامەوانییەی رۆژنامەی عوكازی سعودیدا هات كە دەقەكەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو بڵاوكرایەوە و تێیدا بارزانی رایگەیاند كە رەزامەندییان بۆ ئەمریكا دەرنەبڕیوە بۆ ئەوەی گشتپرسی دوابخرێ و جەختی كردەوە لەوەی گشتپرسی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێ. هەر دوێنێش بنكەكانی ناونووسكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە باشووری كوردستان كرانەوە.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە لە رێگەی كەناڵە جیاوازەكانی پەیوەندیكردنەوە لەگەڵ ئێران و توركیا لە پەیوەندیدایە و بێگومان لەو پەیوەندییانەشدا باسی پێشهاتەكان و رووداوە سیاسییەكان و گشتپرسیش دەكرێ "بەڵام ئێران و توركیا هەوڵ دەدەن تاوەكو كۆتایی هەر لە رێگەی گفتوگۆ و نزیككردنەوەی هەرێمی كوردستان و بەغدا، كورد لە ئەنجامدانی گشتپرسی پەشیمان بكەنەوە، ئەوان لە رێگەی بەغداوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن".
گوتیشی "ئەوەندەی من ئاگاداربم، چ ئێران و چ توركیاش هەوڵدەدەن دەستپێشخەر نەبن لە تەقینەوەی ناوچەكە، هاوكات تاوەكو خولەكی نەوەتی یارییەكەش لە هەوڵدا دەبن بۆ ئەوەی ئەو گشتپرسییە نەكرێ، بێگومان سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستانیش تاوەكو كۆتایی هەوڵ دەدا گشتپرسییەكە لە كاتی خۆیدا بكرێ، بەڵام دەمێنێتەوە چاوەڕێ بین بزانین گفتوگۆكان چی بەرهەم دێنن".
ئەو فیدڕاڵییەی هەرێمی كوردستان پاش بێنە و بەردە و گوشارێكی زۆر لە ساڵی 2003 دا توانی لە نێو دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگای بكاتەوە، بۆ ئەوكات بەلای توركیا و ئێرانەوە وەك مەترسی و گۆڕانكارییەكی نوێ لە ناوچەكە سەیر دەكرا. بەڵام لەكۆتاییدا مامەڵەی لەگەڵ كرا. ئێستا سەركردایەتیی كورد لەو بڕوایەدان تەنیا لەسەر كاخەز فیدڕاڵییە و پێشێلكارییە دەستوورییەكان بەنموونە دێننەوە، كە زۆربەی رێگاكانی لەبەردەم بەرتەسك كردوونەتەوە، هەر بۆیە گەیشتوونەتە ئەوەی بڕیارێكی گەورەتر لەوەی 2003 بدەن و داوای دراوسێیەتی باش لەگەڵ عێراق بكەن.
نازم عومەر، پێیوایە ئێرانییەكانیش رۆڵیان هەیە لە سەرخستنی بیرۆكەی فیدراڵی لە عێراقدا و دەڵێ، هەر ئەوكات بە رێككەوتنی مەجلیسی باڵای ئیسلامی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرا، بۆیە رەنگە دۆخەكەی ئێستا لەوەی 2003 جیاواز بێ، چونكە ئێستا هەریەكە لە توركیا و ئێران دەڵێن دەبێ گشتپرسی هەر نەكرێ، نەك دوابخرێ.
بەڵام ئایا ئێرانییەكان كە پێش قەیرانی دارایی ساڵانە زۆرتر لە پێنج ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرد و ئێستاش بۆ سێ ملیار دۆلار دابەزیوە. دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، چی لەو سنوورە بازرگانییانە دەكەن كە زۆر بەكەمی دەخەون و دەیانەوێ زۆرترین جوڵەی هێنان و بردنی تێدابێ؟
نازم عومەر دەڵێ "گشتپرسی مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە و بۆ ئەوەیە مافەكانی خۆی وەربگرێ، بەڵام داخستنی سنوورە بازرگانییەكان، دوا بژارەی تارانە. ئەوان دەڵێن داخستنی سنوورەكان دوا بژارەیە كە بیری لێبكەینەوە، من پێموایە ئێران دواهەمین وڵاتی ناوچەكە دەبێ كاردانەوەی ئاوا تووندی بەرامبەر هەرێمی كوردستان هەبێ لە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی".
شاندی باڵای گشتپرسی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، تەواوی لایەنە عێراقییەكانیان بینی، دواتریش زۆربەی باڵیۆزەكانی وڵاتانی جیهانیان هێنایە نێو‌و گفتوگۆكانیانەوە كە یەكێك لەوانەش باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە بەغدا. دوای كۆبوونەوەكەش، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی "كورد لەگەڵ بەغدا بگەنە هەر رێككەوتنێك ئەوان رێزی لێدەگرن". بەڵام ئەمڕۆ قسەیەكی تاراددەیەك جیهانیی لەبارەی بەغداوە هەیە كە رووكەشێكی عەرەبییە بە مێشكێكی ئێرانییەوە.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، دەڵێ ئێران هەرزوو پەیام و دوا قسەی خۆی لەبارەی گشتپرسی بە شاندی یەكێتی داوە و ئەو پەیامە بۆ هەموو سەركردەكانی كوردە نەك تەنیا بۆ یەكێتی "بەڵام ئێرانییەكان هیوای زۆریان هەیە بەوەی بە گفتوگۆ بتوانن كورد لەو گشتپرسییە پەشیمان بكەنەوە".
نازم دەباغ: راپرسی بۆ سەربەخۆیی
”باشترین ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجی کورد گفتوگۆی ئاشتییانەیە“
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پێیوایە هەر کەسێک دژایەتیی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، ”خائینە“ و گفتوگۆی ئاشتییانەشی بە باشترین ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانی کورد وەسف کرد.
نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند، ئێران ئێستاش لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم سوورە، بەڵام ”ئێستا باس لەوە دەکەن کە بەغدا هەڵوێستی لەبارەی ڕیفراندۆم هەرچی بێت، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان دەبێ“.
هاوکات داوای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کرد، ”هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن“ و ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان پێیان گوتوون، ئەگەر ڕیفراندۆم بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان بکرێ، ئەوا ”ئەو هاریکارییەی ئێران کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکرد، ئەوا نامێنێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە داخستنی مەرز لەلایەن ئێرانەوە تاوەکوو ئێستا لەئارادا نییە و ئەم کارە بکرێت، ”هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیانیان بەر دەکەوێ“. گوتیشی: ”ڕاستییەک هەیە کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانی سیاسەتی ئێران بگۆڕن“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نازم دەباغ جەختی لەوە کردەوە: ”ڕاپرسی مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم ئەرکێکی پیرۆزی هەموو کوردێکە و ئێستاش دەیڵێمەوە هەر کەسێک دژایەتی بکات، بە خائینی دەزانم“. گوتیشی: ”یەکێک لە هۆکارەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کوردستان، ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و سەردان و ڕێگەی دیپلۆماسییە“.
نازم ده‌باغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی آنا: وه‌فدی فه‌رمی حکومه‌تی کوردستان سه‌ردانی به‌غدایان کردووه
نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران وته‌ی چه‌ن لایه‌نێکی هه‌رێمی له‌سه‌ر سه‌ردانی نافه‌رمی وه‌فدێک بۆ به‌غدا ره‌ت ده‌کاته‌وه‌و وتی که ئه‌و وه‌فده‌ی ئێستا بۆ دانوستان له به‌غدان، وه‌فدی فه‌رمی هه‌رێمی کوردستانه.
به پێی راپۆرتی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی هه‌واڵی آنا، وه‌فدێکی پایه‌به‌رز له هه‌رێمی کوردستانه‌وه رۆژی دووشه‌ممه بۆ دانوستان سه‌باره‌ت به که‌یسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی سه‌ردانی به‌غدایان کردووه. ئه‌م سه‌ردانه له کاتێکدایه که سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بڕیاری داوه ٢٥/٩ گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراقی دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و واشینگتۆن‌یش داوای کردووه که کاته‌که‌ی دوابخرێت.
نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له‌م باره‌وه به ئاژانسی آنای وت: "وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان و کۆمیسیونی به‌ڕێوه‌به‌ری ریفراندۆم یه‌که‌م هه‌نگاویان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند له به‌غدا هه‌ڵگرتووه‌و ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که عێراق نیازپاکی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بسه‌لمێنێت."
ده‌باغ وتی: "به گشتیی هه‌ر رێککه‌وتنێک که رای کورده‌کانی له‌سه‌ر بێت، په‌سه‌ند ده‌کرێت، به دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌نده به لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه واتا حکومه‌تی عێراق و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو وڵاتانیش کۆببنه‌وه، هه‌روه‌ها که له‌م دواییانه‌دا ئه‌مریکاش پێشنیاری دواخستنی ریفراندۆمی خستووه‌ته به‌رده‌ست، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی کوردستان دابین بکات."
به‌ڕای ده‌باغ پێشنیاره‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ دواخستنی کاتی ریفراندۆم، "کاتییه" و ده‌ڵێت: " رابه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌کی که ده‌توانێت سه‌باره‌ت به ریفراندۆم یان دواکه‌وتنی بڕیاری کۆتایی بدات. جگه له‌وه سوورن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی له کاتی خۆیدا واتا ٢٥ی٩. به دڵنیاییه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ش که ئه‌م جۆره پێشنیارانه ده‌خه‌نه به‌رباس، ده‌بێت ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ش بده‌ن که مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورده‌کان تووشی کێشه نه‌بێت و حکومه‌تی عێراق پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه بێت که ده‌یدات به کورده‌کان"
نوێنه‌رێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له وڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به بارودۆخی هه‌رێم و به‌ڵانسی هێزه‌کان له نێوان دوو بزووتنه‌وه‌ی "نا بۆ ریفراندۆم" و "به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم" وتی: "زۆرینه‌ی ره‌های کورده‌کان خوازیاری سه‌ربه‌خۆیین و هیچ تاکێکی کورد نییه که نه‌یه‌وێت دیموکراسی له ناوچه‌که‌و له هه‌رێم به‌رقه‌رار بێت"
نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ تیم پاتەرسۆن جێگری باڵیۆزی ئوستوڕالیا لە تاران کۆبۆوه
"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له شاری تاران، "تیم پاتەرسۆن" جێگری باڵیۆزی ئوستوڕالیا لە وڵاتی ئێران دیداریی کرد.
"تیم پاتەرسۆن" باڵیۆزی ئوستوڕالیا لە تاران کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە (١٤/٨/٢٠١٧) ، سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران و "سۆران عه‌لی ئەمین" بەرێوبەریی پەیوەندییەکان و راگەیاندن، پێشوازی لێ‌کرا.
ئامانجی سەردانەکەی "تیم پاتەرسۆن" بۆ لە نزیکەوە ئاگابوون لە رەوشی پرۆسەی ریفڕاندۆم بوو کە بڕیار وایە لە 25/9/2017 لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. سەرەتا نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، باسێکی پوختی لەسەر مێژووی کورد و هەوڵەکانی سەبارەت بە سەربەخۆیی روونکردەوە، لە مەلیک مه‌حموودەوە تاکوو ئێستا و لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی کورد باروودۆخەکە بە گونجاو دەزانن ئەم کاتەیان هەڵبژاردووە.
لە درێژەی وتەکانی "نازم ده‌باغ" باسی لە رۆڵی پێشمەرگەی کوردستان کرد لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان و پارێزگاری کردنیان لە کورستان و عێراق، و باسی لە هەموو هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پێکەوە ژیانێکی ئارام لەگەڵ حکوومەتی بەغداد کە گەیشتۆتە بنبەست و له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گووتی: بۆیە تەنها چارە لەبەردەستمان ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەیە. حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی خستۆتە گەر بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بەتایبەت وهەروەها وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەرێوەبچێت.
"تیم پاتەرسۆن" باڵیۆزی ئوستوڕالیا لە تاران لە وڵامی پرسیاری نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، سەبارەت بە تێروانینی وڵاتەکەی لەسەر پرۆسەکە، گووتی: رۆڵی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنێن لە روبەروبوونەوەی تیرۆریستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین کە پرۆسەکە دوابخرێت تا جەنگی داعش تەواو دەبێت.
نوێنه‌ری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، لە وڵامدا ئاماژەی بە وڵامەکەی سەرۆک بارزانی کرد کاتێک "تیلەرسۆن" وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەمان داواکاری هەبوو لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەویش لە وڵامدا گووتی: "بەدیلی و گەرەنتی ئێوە چییە بۆ مافی چارەنووسی گەلی کورد و دواخستنی ڕاپرسی".
نازم دەباغ: هیچ وڵاتێك بەرەسمی پشتیوانی جیابونەوەی رانەگەیاندوە
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند بەبێ رەزامەندی وڵاتانی دراوسێ لەسەر جیابونەوە، هەرێم باجێكی قورس دەدات لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە بڕیار نییە هەرێمیی كوردستان پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولدا راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنێت.
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ناوخۆیی ئێرانی راگەیاندوە"كە پاش رزگاكردنی موسڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی رەوشی تایبەتی خۆیەوە بیری لەوە كردۆتەوە كە گۆڕانكاری نوێ لە ناوچەكە رودەدات و هەروەها بەهۆی ئامادەنەبونی بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە".
جەختیشی كردۆتەوە"كە بڕیار نییە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەندرێت".
باسی لەوەشكردوە"كە حكومەتی هەرێم بڕیاری پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی داوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكە و نەتەوە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا".
ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"كە دو تێڕوانین هەیە بۆ ریفراندۆمی هەرێم یەكێكیان ئەوەیە كە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت و كێشەكان لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت كە ئێران پشتیوانی ئەمەیان دەكات و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردنی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەردولا".
ئاماژەی بەوەشداوە"كە تێڕوانینی دوەمیان باس لەوەدەكات كە رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان دەگرێت بەڵام پێی باشە ریفراندۆمەكە دوابخرێت و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی دیالۆگەوە بكرێت".
باسی لەوەشكردوە"بونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ جیابونەوە راستە نییە، هیچ وڵاتێك بەرەسمی پشتیوانی جیابونەوەی رانەگەیاندوە جگە لە ئیسرائیل ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە وای دەبینێت لە بەرژەوەندی خۆیدایە كە دەیەوێت ناوچەكە بەردەوام ناكۆكی تێدا بێت و كێشە بۆ ئێران، توركیا، سوریا و عێراق دروست بكات".
وتوشیەتی"كە پێویستە رەزامەندی وڵاتانی دراوسێ بۆ ریفراندۆم بەدەست بێت بەدەر لەوەش ریفراندۆمەكە توشی شكست دەبێت".
لەبارەی ئەو باجەوە كە دەكرێت هەرێم بیدات پاش جیابونەوە نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتویەتی"پێش هەمو شتێك ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو باجە نەدەین ئەمەش بەلامانەوە گرنگە".
بەڵام جەختی كردۆتەوە"كە هەرێم لەروی جیۆپۆلەتیكییەوە لە دۆخێكدایە دراوسێكانی رێگەی جیابونەوەی پێنادەن و هیچ دەروازەیەكی وشكانی و ئاسمانی و دەریاییشی نییە، ئەمەش بۆ خۆی باجێكی قورسە".
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له تاران په‌یامێك ئاڕاسته‌ی كه‌مپینی به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ ده‌كات
له قه‌ڵادزێ ماوه‌یه‌كه كه‌مپینێك بۆ به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ دامه‌زراوه كه پێك هاتوون له 14 ئه‌ندام و خۆبه‌خشانه هه‌موو توانایه‌كی خۆیان بۆ به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ گرتۆته‌به‌ر و به هیمه‌تی ئه‌وانیش توانرا وه‌كو یه‌كه‌مین قۆناغ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی مه‌رزه‌كه قیره‌تاو بكرێت، هاوكات نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له تاران په‌یامێك ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌مپینه ده‌كات.
كه‌مپینی به نێو ده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ له 25 /2016/7 دامه‌زراوه كه پێك هاتوون له 14 ئه‌ندام، كه‌مپینه‌كه به ئامانجی به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ دامه‌زرا كه قه‌زای پشده‌ر و ئێران به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، له ماوه‌ی ده‌سبته‌كاربوونی ئه‌م كه‌مپینه چه‌ندین دیدار و سه‌ردانیان بۆ لای به‌رپرسانی باڵا ئه‌نجام داوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و ئامانجه‌ی له پێناویدا ده‌جه‌نگن به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆ بێته دی كه خه‌ونی ڕاسته‌قینه‌ی پشده‌ریه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه، كاتێكیش مه‌رزه‌كه به ڕه‌سمی به نێوده‌وڵه‌تی ناسێندرا ئه‌و كاته كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێچوونی ئابوری وڵات ده‌بێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له تاران له په‌یامێكیدا بۆ ئه‌و كه‌مپینه ڕاگه‌یاند: ئامانجی كه‌مپینه‌كه خزمه‌تكردنه به خه‌ڵكی كوردستان، چونكه به نێوده‌وڵه‌تی كردنی ئه‌و مه‌رزه به قازانجی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واوده‌بێت، وه له ئێستا و له ڕابردوشدا ئێران هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزه‌كه نیه و پێویسته هه‌وڵه‌كانیش یه‌ك بخرێن بۆ به نێوده‌وڵه‌تی كردنی.
وتیشی: هه‌وڵه‌كانی ئه‌و كه‌مپینه به كارێكی پیرۆز ده‌بینم و ده‌ستخۆشی له ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌و كه‌مپینه‌ی قه‌ڵادزێ ده‌كه‌م كه ئاوا به خه‌مه‌وه‌ن بۆ به نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی كێلێ.
تۆڕی هه‌واڵی بیروڕا/ تایبه‌ت