نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له تاران : ئێران له هه‌ر بارودۆخێکدا پشتیوان و دۆستی کورده‌کان بووە

 

نازم ده‌باغ ساڵانێکی زۆره له ئێران ده‌ژی، ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و جێگای بڕواو متمانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییه، که له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا وه‌کو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌رکی پاراستن و گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کورده‌کان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی له ئه‌ستۆ بووه. ده‌باغ له‌م نوسینه‌دا باس له ئه‌گه‌ره‌کانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا ده‌کات ئه‌گه‌ر بێت و کورده‌کان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕۆن.

سه‌ربه‌خۆیی خواستی گشتیی هه‌ر تاکێکی کوردی عێراقه

هیچ تاکێکی کورد نییه که به‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ش له‌به‌رچاو بگیردرێت که به شێوه‌یه‌ک نییه بتوانرێت ده‌وڵه‌تێکی کوردی پێکبێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئێمه مافی خۆمانه که ئه‌م بابه‌ته باس که‌ین و  وه‌کوو رابردوو درێژه به خه‌باتی خۆمان بده‌ین و بارودۆخی به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسیی ئاماده بکه‌ین. له بارودۆخی ئێستادا، بارودۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ئاڵۆزه و سه‌باره‌ت به عێراقی دوای داعش‌یش ده‌بێت وردبین بین تاوه‌کو داعش دیسان دروست نه‌بێته‌وه، سیاسییه‌کانی عێراقی ده‌بێت خۆیان له به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و ئایینی دوربخه‌نه‌وه.

 

ئێران دۆستی هه‌میشه‌یی کورده‌کان

تاکو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران به  تێڕوانینێکی واقیعیانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هاوکار بووه به‌ڵام ئه‌م هاوکارییه به‌نده به مه‌رجێکه‌وه که ئه‌ویش پاراستنی ئاسایشی سنووره‌کانی بووه له رۆژئاوای وڵاته‌که‌یدا. له ساڵانی دوورودرێژی خه‌بات دژی به‌عس، کۆماری ئیسلامی ئێران و کورد‌ه‌کانی عێراق دوو هاوپه‌یمانی دێرین و هاوکار بوون، ئێران هه‌میشه و له هه‌ر بارودۆخێکدا، پشتیوانی و به‌رگری له بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کورده‌کانی عێراق کردووه و له ساته‌وه‌خته مێژووییه‌ جیاوازه‌کاندا له‌وانه کردنه‌وه‌ی سنووره‌کانی به‌ڕووی زیاتر له یه‌ک ملیون ئاواره‌، پشتیوانی له هه‌ولێر له به‌رامبه‌ر هێرشی داعش و ... هاوکار و هاوپه‌یمانمان بووه. من پێم وایه ئێران له هه‌ر بارودۆخیكدا هاوکاری کورده‌کان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌نده به‌وه‌وه که ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێته مایه‌ی هه‌‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی بۆ ناوچه سنوورییه‌کانی ئه‌م وڵاته.

 

ئێران و ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان

له هه‌موو دیدار و بۆنه‌کان‌دا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته قسه کراوه و ئێرانیش هه‌میشه هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی له زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ راگه‌یاندووه، که ئێران به‌رده‌وام پاراستنی یه‌کێتی خاکی عێراقی لاگرنگه‌، به‌ڵام هه‌روه‌ها که پێشتر ئاماژه‌م پێدا به پێی ئه‌زموونی خۆم له‌م ساڵانه‌دا، گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که هه‌ڵوێست و روانگه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆڕه‌کان و رووداوه‌کانی په‌یوه‌ست به کورده‌کانی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ڵوێستێکی ته‌واو واقیعیانه‌یه‌، که زیاتر له هه‌ر هه‌ڵوێستێکی دیکه نزیکه له رووداوه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ئێمه‌وه و جیاوازه له هه‌لوێستی وڵاتانی دیکه، ئه‌م بابه‌ته له بابه‌تی چۆنیه‌تی هه‌لوێستی تورکیا و ئێران له‌سه‌ر هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له شاری که‌رکووک به روونی ده‌رده‌که‌وێت. کۆماری ئیسلامی ئێران به روونی و به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، داوای له هه‌موو لایه‌نه‌کان کردووه به رێگای وتووێژ و گه‌رانه‌وه بۆ ده‌ستووری عێراق، کێشه‌کانی نێوانیان چاره‌سه‌ر که‌ن. داواکاری ئێران بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور و دانوستان داواکارییه‌که که ده‌کرێت پشتیوانی لێ بکرێت به شێوه‌یه‌ک که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق ئه‌م ده‌رفه‌ته به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌کان ده‌درێت که کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر که‌ن و بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش مادده‌ی ١٤٠ ده‌ستوور په‌سه‌ند کراوه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا بینیمان که ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماری تورکیا، ینالی ئیڵدریم، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی دیپلۆماتکار و سه‌ربازی تورکیا دژکرده‌و‌ه‌ی زۆر توند و ته‌نانه‌ت هه‌‌ڕ‌ه‌شه‌‌ئامێزیشیان سه‌باره‌ت به هه‌ڵكردنی ئاڵا نیشاندا. ئه‌مه له کاتێکدا بوو که پێشتر ده‌وترا په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره – هه‌ولێر، باشتر و نزیکتره له په‌یوه‌ندی نێوان تاران – هه‌ولێر، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا و له‌سه‌ر عه‌رزی واقیع به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه.

به گشتیی ده‌بێت جارێکی دیکه‌ دووپاتی که‌مه‌وه که پێش‌بینی من له دژکرده‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بابه‌تی ریفراندۆم و هه‌روه‌ها خواستی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌یه که ئێرانییه‌کان به تێڕوانینێکی واقیعیانه و هه‌روه‌ها برایانه و دۆستانه که هه‌یانه پشتیوانی له هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پشتیوانییه به‌نده به جۆرێک له دروست‌کردنی متمانه‌ی کرده‌وه‌یی، که رووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێته هۆی تێکچوونی باری ئه‌منی و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران به تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌کاندا.  

 

سه‌رچاوه: همشهری دیپلماتیک

 

Read کد خبر: 1971

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی