هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

دامەزراوەی جایكا پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/5/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان ئەكیهیكۆ تاناكا سەرۆكی دامەزراوەی گەشەپێدانی ژاپۆنی (جایكا) و  باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز سەرۆكی دامەزراوەی جایكا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكاریی و ئاسانكارییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێم پێشكەشیان كراوە و بۆ پرۆژەكانی داهاتووشیان پێشكەشیان دەكرێ.

هەروەها باسی لە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە بە پارەداركردنی دامەزراوەی جایكا بەشێك لەو پرۆژانە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن و بەشێكی دیكەشیان لە داهاتوویەكی نێزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی دامەزراوەی جایكا و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لەڕابردوودا بۆ هەرێم كردوویانە و هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا جێبەجێیان دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرەوپێشەوە بردنی زیاتری ژێرخانەكەیەتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سود هەم لە ئەزموون و هەم لە پارەداركردنی ژاپۆن وەرگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی پێویست بە تایبەتی ئەو پرۆژانەی لە داهاتوودا لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆدا لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی دامەزراوەی جایكای كرد بۆ كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەك لە كارمەند و كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا پسپۆڕیی و كارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن.

په‌رله‌مانى كوردستان، پشتگیرى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2015، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی په‌یوه‌ندار، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن به‌ڕێزان د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و د. جەعفەر ئیمینکی و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و پێشوازییان لێ كرا و له‌گه‌ڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ساز کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوێک بێت بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی  کوردستان، داوای لە شاندی حکوومەتی هەرێمى كوردستان کرد، دواهەمین هەنگاو پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ، ئاماژەی بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی "بەداخەوە بەغدا هەرجارەی بە بیانوویەک کێشەمان  بۆ درووست دەکات، ئێمە پانەندی ڕێکەوتنەکە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەى هەرێمی كوردستانى وەک خۆی نەناردووە."

لەبارەی پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمى كوردستانه‌وه‌، بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی:"هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین." دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد."

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، پشتگیرییان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوونى حكوومه‌تى فیدرال به‌ یاساى بودجه‌ى عیراقه‌وه‌ و نه‌ناردنى بڕه‌ پاره‌ى شایسته‌ى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بریارى خۆى بدات و به‌پێى یاساى په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى دیكه‌ بۆ دابینكردنى بودحه‌ى پێویست بۆ هه‌رێمى كوردستان بگرێته‌ به‌ر.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: بەداخەوە حکوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجە نەبووە، ناکرێت پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغداش بە بیانووی جیاواز بودجەکەی ببڕێت.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو.

وه‌زیرى به‌رگریى هۆڵه‌ندا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژینیان هێنس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە و ڕاهێنەرانیان كرد كە لە هەولێر لە لایەن پسپۆڕانی سەربازیی هۆڵەندا و هاوپەیمانانه‌وه‌ مەشق و ڕاهێنانی پێویستیان پێدەكرێت و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە لەو مەشق و ڕاهێنانانە سەركەوتوو بن و بە شێوەیەكی دڵسۆزانە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەو قوربانییە گەورەیه‌ی هێزی پێشمەرگە كرد كە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دەیدات و ڕێز و سوپاسی خۆی بۆ ئەو قارەمانیه‌تی و نەبەردیەی پێشمەرگە نیشان دا. ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوان ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تەنیا وەك مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان نابینن، بەڵكو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى هەموو جیهان و بڕیاریان داوە هاوكاری پێشكەش بە پێشمەرگە بكەن بۆ بنبڕكردنی ئەو مەترسییە، بەردەوامیش دەبن لە هاوكارییەكانیان وەك چۆن هەر لە ڕۆژی یەكەمی دروستبوونی مەترسییەكانه‌وه‌ لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا، هاوكارییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردووە.

هەروەك سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوە و بەپیرەوەچوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاواره‌ و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بە هەموو شێوەیەك خزمەتگوزاری و هاوكاری پێشكەش كردوون.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و پەیام و قسە بەنرخەكانی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد و ڕێز و پێزانینی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتى حكوومەت و خەڵكی هۆڵەندا كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هەڕەشەی تیرۆره‌وه‌ لە ناوچەكە، هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە هەموو ئەركەكانی خۆی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو ئەركە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی كە جیهانی ئازاد بەرگرییان لێ دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە ڕاستە ڕووبەرێكی زۆری خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراوه‌ و مەترسییەكانیان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراوەتەوە، بەڵام مەترسییەكە هێشتا كۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە هاوكارییەكان لە هەردوو بواری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سوپاسی ئەو ئەفسەر و پسپۆڕە سەربازییە هۆڵەندییانەشی كرد كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن و هیوای بەردەوامیی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی خواست كە سودێكی زۆری بۆ بەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش هەبووە.

نێچیرڤان بارزانی داكۆكی لە پێكەوەژیان لە كەركووك دەكات

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27/5/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاسی خۆیان بۆ پێشوازی و هەڵوێستەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر پێكهاتەی توركمان دووپات كردەوە و جەختیان لەسەر برایەتی و پێكەوەژیان و كاركردن لە پێناو هاوبەشی و پێكەوەییی نێوان تەواوی پێكهاتەكانی كەركووكدا كردەوە. دواتر ڕەوشی پارێزگای كەركووك و سروشتی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكە و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پارێزگای كەركووك تاوتوێ كرا و داكۆكی لەسەر گرنگیی برەودان بە پێكەوەژیان و بنەماكانی پێكەوە كاركردن و هاوبەشی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و كارگێڕیدا لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كورد و توركمانەكان لە كەركووك بە تایبەتی و لە كوردستان بە گشتی كرا و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە پەیوەندی نێوان هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمان لە كەركووك پەیوەندییەكی دێرینە و هەردوولا خوازیارن پەیوەندییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشەوە ببەن و بە كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە، بتوانن كار و خزمەتی باشتر پێشكەش بە پارێزگای كەركووك بكەن.

هەروەها تیشك خرایە سەر كێشە و گرفتەكانی پارێزگاكە وەك فراكسیۆنی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی پێدا ماوەیەكە حكوومەتی فیدرالی عێراق بە شێوەیەكی شایستە بە تایبەتی لە ڕووی داراییەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگای كەركووكدا ناكات و بە شێوەیەك لە شێوەكان كەركوكی پشتگوێ خستووە، كە ئەمەش كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی نەرێنی كردۆتە سەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی پارێزگای كەركووك بە شێوەیەكی گشتی. هەروەها داوایان لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕووی ئابووری و داراییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی پارێزگای كەركووك بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پێكەوەژیان و هاوبەشی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی كارگێڕیی پارێزگای كەركووك لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا كردەوە و ئامادەییی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی كەركووك لە بواری ئابووری و داراییدا و هیوای خواست كێشە و گرفتەكان بە دیالۆگ و لێكگەیشتن لە نێوان لایەنەكاندا چارەسەر بكرێت. دووپاتیشی كردەوە كە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان تەواوی پشتگیری لە كاری پێكەوەیی و هاوبەشی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك بە گشتی دەكەن بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بتوانن خزمەتی پارێزگاكە بكەن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها دووپاتی كردەوە كە پرسی توركمان تەنیا پرسی ژمارەی دانیشتوانی پێكهاتەی توركمان نییە لە كەركووك، بەڵكو توركمانەكان پێكهاتەیەكی سەرەكیی پارێزگای كەركووك و هەرێمی كوردستانن و هیچ پێكهاتەیەك لە كەركووك بە تەنیا ناتوانێت حوكم بكات و حوكمی تاكە پێكهاتەیەك لە كەركووك هەرگیز سەركەوتوو نابێت، بەڵكو دەبێت هەمووان پێكەوە لە دەسەڵات و بەڕێوەبەری و كارگێڕیدا هاوبەش بن. جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك لە ئەرك و مافەكاندا یەكسان بن و نابێت هیچ پێكهاتەیەك خۆی لە سەرەوەی پێكهاتەیەكی دیكەوە ببینێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆبوونەوە

ڕۆژی شەممە 23ـی 5ـی 2015 لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پڕۆفیسۆر كڵاوس شووەب سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەشداربوونی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی لە دەریای مردووی شانشینی ئۆردۆن و هەروەها بە ستاییشەوە باسی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و ئاماژەیشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی دا لە گێڕانی ڕۆڵیان بۆ چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی ناوچەكە.

لە بەشێكی ئەو دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەروەها كێشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بەڵێنی ئەوەی دا كە لەڕێگەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و ئەو پەیوەندییانەی هەیەتی یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر ئاگادار كردەوە و باسیشی لەو هاوكاری و هەماهەنگیانە كرد كە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە لە بواری سیاسی و مرۆیی و گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕومادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، جەختیان لە پێویستی بەدەنگەوەهاتنی جدیتری حكوومەتی عێراقی و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بودجە و نەوت كرا.

پەڕەى 200 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی