لە دوو نامەی جیادا، هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نووری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، پیرۆزباییان لە بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان کردووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی، نووسیویەتی: بەبۆبەی هاتنی جەژنی نەورۆزی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ئێوە و گەلی کوردی بەڕێزمان دەکەین. لە خوای گەورە داواکارین ئەم جەژنە، بە ئارامی و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن، بۆ عێراق و گەلەکەمان بگەڕێنێتەوە.
هەروەها بەڕێز نووری ئەلمالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ لە نامەکەیدا بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی پیرۆزەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ئێوە و هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان لە کوردستان دەکەین. لە خوای گەورە داواکارین بە خۆشی و شادی بۆتان بگەڕێنێتەوە و عێراق و گەلەکەشمان لە هەموو ناخۆشییەک بپارێزێت.
هەر لە نامەکەیدا، جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، ئاماژەی بەوە کردووە کە گەلی کورد لەسایەی عێراقێکی فیدڕاڵیی یەکگرتوودا کە ڕۆڵەکانی لە ماف و ئەرکدا یەکسانن و لە سێبەری ئازادی و دەستوورێکدا کە ماف ئازادییەکان دەپارێزێت و دوور لە دیکتاتۆرییەت، یادی ئەم بۆنە خۆشە دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەموو گەلی عێراق بەپرسیارن لە بونیادنانەوەی عێراقی یەکگرتوو کە تیایدا هەموو ڕۆڵەکانی بەختەوەربن.
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
لەسایەی خۆڕاگری و قارەمانی شەڕڤانان و هێزەكانی پێشتیوانی پێشمەرگە كۆبانێ بەخۆڕاگری مایەوە و نەكەوت و تیرۆریستانی داگیركار تووشی شكستێكی گەورەهاتن وكۆبانێ سەركەوت. لەئەنجامی پەلاماری زاڵمانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێی قارەمان ژمارەیەكی زۆر له خوشك و برایانمان لەم شاره خۆشەویسته ئاواره بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و، بەهۆی شەڕ و دڕەندەیی و وەحشیگەریی تیرۆریستان بەشی هەرەزۆری كۆبانێ وێران كراوە.
تیرۆریستان بەنیازبوون بە تێكدان و خاپووركردنی شارەكە كۆتایی بە بوونی كورد و ژیان لەم شارەدا بهێنن بەڵام كوردستان بە خۆڕاگری و گیانفیدایی خۆی ڕێگەی نەدا ئەم پیلانەی تیرۆریستان سەر بگرێت. دوای ئازادبوونی ئەم شاره پێویسته ژیان سەرلەنوێ لە كۆبانی دەست پێبكات و ئاوەدان بكرێتەوە و خۆشك و براكانمان به سەربەرزی بۆ شارەكەیان بگەڕێنەوە.
هاوكاریكردن و پێشكێشكردنی یارمەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ و دەستپێكردنی دووبارەی ژیان لەم شارەدا ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموومانە. داوا لە گشت كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە خێرخوازییەكان و خەڵكی چاكەخواز و دامودەزگەی فەرمی هەرێمی كوردستان دەكەم، هەركەسەو بە پێی توانا لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ بەشدار بن. هەروەكچۆن لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان، هەموومان بە دڵ و بە گیان لەگەڵ كۆبانێ بووین و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ هێمای یەكدەنگی و هاوسۆزی نەتەوەیی بوو، پێویستە ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنانەوەی ژیان و ئاوەدانكردنەوەدا به هەموو توانایەك لەگەڵ كۆبانێ بین و ئەو پەیامە بەهێزە بگاتە هەموو جیهانیان كە گەلی كورد خاوەنی یەك دۆزی هاوبەشه و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا یەكدەنگ و یەكگرتوون.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
6ـی 3ـی 2015
سڵاوێكی گەرم..
بروسكەی بەڕێزتان لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركوك و تێكشكاندن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان گەییشت.
سەركەوتنەكانی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر ئومێدبەخشن و دڵی هەموو كوردستانیانی شاد كرد. سەرەخۆشیی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە ئازیزانە دەكەم كە خوێنی ئاڵیان بووە هەوێنی سەركەوتنەكانی ئەمڕۆ و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم. دەستخۆشیی لە ئێوە و گشت پێشمەرگە و فەماندە قارەمانەكان دەكەم كە ئەم سەركەوتنە مەزنانەیان تۆمار كردووە. سوپاسی دلێری و هیمەتی هەمووتان دەكەم و ئەم سەركەوتنە لەگەلی كوردستانیش پیرۆز بێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
9ـی 3ـی 2015
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێز رۆبەرت نیکلسن وەزیرى دەرەوەى کەنەدا بە یاوەرى باڵیۆزى کەنەدا لە عیراق و شاندێکى باڵا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لێکرا.
فەلاح مستەفا هیواى خواست ئەم سەردانە ببێتە دەسپێکى پەیوەندیەکى پتەو لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى کەنەدا و پشتگیریەکى دیکەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بێت لە هەرێمى کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان.
بەڕێز رۆبەرت نیکلسن وەزیرى دەرەوەى کەنەدا خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو سەردانە نیشانداو گووتى وڵاتەکەمان ئامادەیە یارمەتى سەربازى و مرۆیى پێشکەش بە هەرێمى کوردستان بکات.
ئەمەو بڕیارە وەزیرى دەرەوەى کەنەدا سبەى پێنجشەممە لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوەو چەند شوێنێک بەسەر بکاتەوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ بەڕێز عیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن بەڕێزان مستەفاى سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیارە سبەی وەزیری بەرگریی کۆمارى تورکیا لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و دواتر سەردانی یەکەی مەشقی سەربازی سۆران بکات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی 5/3/2015 بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەى حکومەت لەگەڵ بەڕێز ڕۆبەرت نیكڵسن وەزیری دەرەوەی كەنەدا کۆبووەوە.
لە دیدارێكدا كە كاروان جمال جێگری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و برۆنۆ ساكۆمانی باڵیۆزی كەنەدا بۆ عێراق و باڵیۆزى عیراق لە کەنەدا و شاندێكی باڵاى كەنەدی ئامادەبوون باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا و بارودۆخى هەرێم و مەترسیەکانى تیرۆرستانى داعش بۆ سەرئاسایشى ناوچەکەو جیهان كرا.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی کەنەدا كردو سوپاسی كرد بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و سوپاسی گەل وحكومەتی كەنەدای كرد بۆ پشتگیری سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و راهێنان و دابینکردنى كەلوپەلی سەربازی و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانى ناوخۆو پەنابەرانی سوریا كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن. بەرێزیان گووتى وەك هەرێمی كوردستان پێویستمان بە هاوكاری زیاتری سەربازی و مرۆیی هەیە، چونکە قەیرانى دارایى و هەڕەشەی تیرۆریستان بەردەوامى هەیە.
بەڕێزیان باسى لە سیاسەتى حکومەتى هەرێم کرد بۆ بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەقامگیرى پێشکەوتوو و فراوانکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و سوودى دوولایەنە. لە تەوەرێكی ترى دیدارەكە باس لە ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرا ئەوە دووپاتكرایەوە كە حكومەتی هەرێم پابەندە بەجێبەجێ كردنی خاڵەكانی ڕێكەوتنەكە و هەردەم گفتوگۆی بە تاكە ڕێگا زانیووە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپسێردراوەكان. هەروا گووتى حکومەتى هەرێم پابەندە بە یاساى بودجەى عیراق و دەخوازین پشکى هەرێمى کوردستان وەک چۆن لە یاساى بودجەى عیراق ئاماژەى پێکراوە بگاتە هەرێمى کوردستان.
بارودۆخی سوریاو بەردەوامبوونی و قەیرانەكانی ئەو وڵاتە ڕێگە خۆشكەربووە بۆ دروستبوون و بەهێزبوونی گروپە تیرۆریستیەكان كە بوونەتە هۆی نا سەقامیگری لە ڕووی ئاسایش و سیاسی لە ناوچەكەدا كە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی نێودەوڵەتی و یەكڕیزی ووڵاتانی هاوپەیمان و ووڵاتانی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان و پاراستنى سەقامگیرى ناوچەکە.
فەلاح مستەفا باسى لە ئاستى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى کەنەداى کرد و هیواى خواست وڵاتى كەنەدا ئاستى پەیوەندیەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بباتە قۆناغێکى پێشکەوتووتر و كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان بکەنەوە کە کاریگەرى ئەرێنى دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكان لە ڕووی ئابوری و بازرگانی و ئاسانكاری بۆ قوتابیانی هەرێمى كوردستان كە دەیانەوێت لە زانكۆكانی ئەو ووڵاتە بخوێنن و هەروەها ئاڵوگۆڕی شاندەكانی نێوان هەردوولا.
لە بەرامبەردا بەڕێز ڕۆبەرت نیكڵسن وەزیری دەرەوەی كەنەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و سوپاسی ئەو پێشوازیە كرد و ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرزنرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی کردنى لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەران و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان.
وەزیری دەرەوەی كەنەدا گووتى باڵیۆزخانەى کەنەدا بۆ عیراق لە نزیکەوە کاردەکات بۆ ئەوەى ئاستى پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکى پیشکەوتووتر. ئەوەی دووپات كردەوە كە حكومەتی كەنەدا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریەكان لە ڕووی سەربازى بۆ پێشمەرگەو مرۆیی بۆ ئاوارەو پەنابەران . هەروا گووتى حکومەتى کەنەدا پشتگیرى لە خواستەکانى هەرێمى کوردستان دەدات بە تایبەت بۆ بایەخدان بەو ئافرەتانەى لەدەست تیرۆرستانى داعش رزگاریان بووە لەڕووى پەرەپیدانى لایەنى کۆمەڵایەتى و دەروونى.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی 3ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی هەواڵپرسین و دیداری لەگەڵ كەسایەتی و سیاسەتمەداری ناوداری كوردستان و عێراق مامۆستا عەزیز موحەمەد سەردانی ماڵی مامۆستا عەزیز موحەمەد كرد.
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی وێڕای هەواڵپرسین، ڕۆڵی مامۆستا عەزیز موحەمەدی لە ژیانی سیاسیی گەلی كوردستان و عێراق لە قۆناغە جیاجیاكان بەرز نرخاند و هیوای تەندروستی و خۆشی بۆ خواست.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ـی 3ـی 2105 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕۆبێرت نیكڵسۆن وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بروونۆ ساكۆمانی یاڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی كەنەدا سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا كراوە و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر ئاساییشی جیهانی ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی زۆر زوو پابەندی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لەدژی تیرۆریستان بوو و بە شێوەیەكی كردەیی بەشداری لەم هاوپەیمانێتییەدا كرد. وەزیری دەرەوەی كەنەدا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ڕایشیگەیاند كە كەنەدا بەشێوەیەكی درێژخایەن پابەند و بەردەوام دەبێ لە هاوكاریی سەربازیی و مرۆڤی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها لە ئاییندەدا لە بوارەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری و كشتوكاڵ و دارایی لەگەڵ كوردستاندا لە پەیوەندی و هەماهەنگیی درێژخایەن و بەردەوامدا دەبێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی كەنەدا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەشداربوونی لە شەڕی دژی تیرۆر بە پشكی خۆی دەزانێ وەك بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاساییشی جیهانی. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە بە بێ ڕەچاوكردنی ئایین و نەتەوە و بە بێ جیاوازی یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و ئەو بابەتەیش بووەتە جێگەی پێزانین و سەرسامیی جیهانیان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی كەنەدای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوونە و ئاستی هەماهەنگی و ئەدای تیمە سەربازییەكانی وڵاتی كەنەدای لەم شەڕەدا بە زۆر باش وەسفكرد و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان هەرگیز ئەو پاڵپشتییەی وڵاتی كەنەدا لەبیر ناكات و پێزانینیان بۆ پشتیوانیی گەلی كەنەدا هەیە. سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانیشی كرد كە لە شەڕەكەدا هاوكاری پێشمەرگە بوونە و ئەو هاوكارییەی بە كاریگەر لەقەڵەمدا. هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە ئاوارەبوونی سەدانهەزار هاووڵاتی كرد كە لە ئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستان ئاوارە بوونە و ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە گیانی خۆی بەرگری لە ئاوارەكان كردووە و دەیانپارێزێت و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی زانی. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە باشترین ڕێگەی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنەكانیان و پاراستنیانە لە هەڕەشەكان. لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە پێشمەرگە داعشی تووشی شكست كرد و ئوستوورەی داعشی شكاند و 15 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا كرد لە بوارە جیاجیاكان كرد و بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەری زانی. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بوونی جالیەی كوردی لە وڵاتی كەنەدا سوپاسی گەلی كەنەدایشی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشی بۆ ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی كورد كردووەتەوە و پەنای داون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و عەبدوڵڕەحمان ئەلحوسەینی باڵیۆزی عێراق لە كەنەدا ئامادە بوون.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات