- داوام لە دەسەلاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن
ئەمڕۆ یەکشەممە 6/18 لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ) لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچوو کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە ڕێکخرا بوو.
سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان هەمیشە شانازی بە کولتوور بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە دەکات و هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کولتوورە جوانە.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوونی بەڕێز
زۆر زۆر بەخێر بێن . سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە هەموو ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی کوردستان دەکەم کە تەشریفیان هێناوە و لێرە لە گەڵمانن . هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان و هەرهەمووتان دەکەم .
ئێمە پێویستیمان بە ڕێنمایی و بۆچوونەکانی ئێوە هەیە . هەروەک چۆن توانیوتانە تاکو ئێستا بە ڕێنماییەکانی خۆتان، کوردستان وەکو لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بپارێزن ، هیوادارم بە هەمان شێوە، نەوەکانی داهاتووشمان بەم شێوەیە پەروەردە بکەن.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەم بۆنەیە کە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و کینە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و تا ئەمرۆش وتار و دروشمی دوژمنکارانە و هاندانی توندوتیژی، کارەساتی گەورەی لێکەتووەتەوە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، هێشتا ئەو جۆرە وتارانە مایەی نیگەرانین و لێکەوتەکانیشی زۆر بەرچاون و دەبینین کە لە زۆر وڵات و ناوچەی جیاجیای جیهاندا شەڕ وخوێنڕشتن بەردەوامە.
بەڕێزان:
هەر وەک لە دروشمی ئەم بۆنەیەشدا هاتووە، کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە، چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە، نەتەوە و ئایین و باوەڕی جیاجیای لە خۆ گرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بووەتە بەشێک لە کولتوور و رێچکەی ژیانی ئێمە. لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان کورد و تورکمان وکلدان وئاشووری و سریان و ئەرمەن و عەرەب و موسولمان و مەسیحی و ئێزدی و جوو، پێکەوە ژیاون و لە ڕۆژانی تەنگانەدا، یارمەتیدەری یەکتربوونە. من خەڵکی دەڤەرێکم کە مزگەوت و کەنیسە و کنشت، لە یەک گونددا جێگەیان بووەتەوە. هەمیشە شانازی بەو کولتورە دەکەم و هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کولتوورە جوانە.
بەرێزان،
هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئەو ناوەند و لانکەیە بووە کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک تیایدا هەستیان بە ئارامی و ئاسوودەیی کردووە، بەڵام هەمیشە ئەم دوورگە ئارامە، کەوتووەتە بەر هێرشی هزری دوژمنکارانە، هەمیشە هەوڵدراوە ئەم کولتووری پێکەوەژیانەی هەرێم بشێوێندرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوە و ئایینەکانی ناو کوردستان دراوە.
مێژووی نوێی نیشتمانمان، گەواهیدەری ئەوەیە کە بە هۆی هزری شۆڤینی و دوژمنکارانە و حاشاییکردن لە بوونی نەتەوەی ئێمە، وڵاتمان دووچاری چەندەها کارەسات و کۆمەڵکوژیی گەورە بوویەوە. وێرانکردن وسووتاندن و زیندەبەچاڵ کردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن، دەرەنجامی زاڵبوونی ئەو هزر و عەقلییەتە بوو کە نکۆڵی لە یەکسانی و دادپەروەریی و داننان بە مافی نەتەوەکانی تر دەکرد.
ئەمرۆ زۆر لەو کەس و لایەنانەی پەلاماری ئێمەیان دەدا نەماون، بەڵام ئێمە هەر ماوین، ئەوەش بێگومان بە هۆی پاراستنی ئەو کولتوور و هزرەی پێکەوەژیانەیە. هەموولایەک دەزانن کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ، وێڕای ئەو هەموو کوشتارەی لە هاونیشتمانیانمان کرا، بارزانیی نەمر هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئێمە ڕێگە نادەین ئەو شەڕە ببێت بە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، بەڵکو هەمیشە دەیگوت کە، شەڕی ئێمە لەگەل دەسەڵاتدارانی زۆردارە نەک نەتەوەکان. لە کاتی ڕاپەرینیش کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕیبوو، بە هەزاران سەربازی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیل گیران، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بانگەوازی دا کە ڕێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن.
ئێمە هەمیشە ئەم کولتوورە جوانە دەپارێزین و گوتاری ئێمە گوتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی بەرامبەر و یەکسانی و دادپەروەری دەبێت. ئێمە ڕێگە نادەین هیچ هزرێکی کینە وتوندوتیژی هاوردەی ناو هەرێم بکرێت.
بەڵام بەداخەوە کە دەبینین دەرس لە مێژوو وەرنەگیراوە و دیسان کەسانێک هەوڵی بڵاوکردنەوەی هزری شۆڤێنی و یەکترسڕینەوە و خۆسەپاندن دەدەن.
ئێمە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدرالی و دیموکرات، زۆر سازشمان کرد، ئێمە بە هەموو توانایەک، هەوڵماندا عێراقێکی نوێ ئاوا بکرێت کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی هەست بە بوونی خۆیان و پاراستنی ماف وتایبەتمەندییەکانیان بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە لە رێچکەی خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبردرێت کە دووچاری ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو ببێتەوە.
دەبینین هەوڵی پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانمان دەدرێت، دەبینین گوتاری کینە و دوژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و بە شێوازێکی چەواشەکارانە وا بڵاو دەکەنەوە کە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە سەر حسابی ناوچەکانی دیکەی عێراقە و بەو جۆرە دەیانەوێت خراپ بەرێوەبردن و بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەکانیان بشارنەوە.
لەو ساڵانەی کە شەڕێکی تایفی لە زۆر شوێنی عێراق لە ئارادابوو، هەرێمی کوردستان ببوو بە پەناگەی هەموو لایەک. هەموو ئەو تایفانەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق یەکتریان دەکوشت لە هەرێمی کوردستان دەبوون بە هاوسێی یەکتر. لە سەردەمی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشیش، بە سەدان هەزار خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێم کرد و تا ئێستاش زۆربەیان ئامادە نین کەمپەکان چۆل بکەن و بگەرێنەوە شوێنەکانیان، چونکە هێشتا هەست بە مەترسی دەکەن.
ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە کولتوورێکی وامان هەیە و بە هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین پەرە بە هزر و گیانی پێکەوە ژیان بدەین. داواشمان لە خەڵک و بەرپرسانی دڵسۆزی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژی و نکۆڵیکردن لە یەکتر بگرن و پەند لە مێژووی خوێناوی عێراق وەرگرن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و تواناکانمان بخەینە گەڕ، کە نەک هەر لە هەرێم و عێراقدا، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە و جیهانیشدا ببین بە فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و نەهێشتنی جەنگ و خوێنڕشتن.
بەرێزان...
لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، تاکە گەرەنتیی سەقامگیری و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە. کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی، دوچاری چەندین هەوڵی پاکتاو و سڕینەوە بوونە، وەک ئەنفال و کیمیاباران و داگیرکردنی زەوی و زار و گواستنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆیە بە پێی دەستوور، داوای قەرەبووی ئەو هەموو ستەمە دەکەین کە لێمان کراوە.
کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بابەتی دارایی نیە، ئێستا زۆربەی مافە دەستوورییەکانی ئێمەیان پشت گوێ خستووە و پێشێل کردووە، نموونەی هەرە زەقیش ئەوەیە، کە تا ئێستا لە کەرکوک و دەورووبەری، جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەیان لەسەرە و زەوی و زاریان لێ داگیر دەکرێت، کەچی دەیانەوێت هەموو مافەکانی ئێمە، لە بابەتی دارایی و مووچەدا بچوک بکەنەوە و ئەوجا ئەم بابەتەش لە دژی ئێمە بەکار بێننەوە.
داوام لە دەسەلاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن ناهێتە دی.
داوام لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش، ئەوەیە کە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لە بیر نەکەن و بەها بەرزەکانی خۆیان لە ژێر هیچ فشارێک و بۆ بەرژەوەندیی تەسک لە دەست نەدەن و بەردەوام بن بۆ پەرەپێدان بەو کولتوورە و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە هەمانە لە پێناو نیشتمانێکی گەشەسەندو و بەهێز.
ئێوە هەر شاد و کامەران بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمەریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجمان ئەوەیە ، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ، هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی ، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هانس سادنی باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی و دوا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاوتوێ کران .
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی پابەندبوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.چونکە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێکەوتنەکان .
لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگە نادەین بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بکرێتە قوربانی داواکاری نادەستووری و نابەرپرسانە ، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا ئەنجام بدرێن .
باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا دەربڕی و پشتیوانی هۆڵەنداشی بۆ بەهێزبوون و گەشەسەندانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق فیدراڵدا دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی كرد و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەدیجیتاڵکردنی ئەرشیڤەکەی بەسەر کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، ئاماژەی بەوە دا "بەرنامەی حكومەت ئەوەیە، هەرچی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن".
ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
سەردانی ئێرەمان كردووە بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەمە پرۆژەیەكە بۆ زیاتر خزمەتگەیاندن بە هاووڵاتییان و بە تایبەتی كرێكاران كە لە كەرتی تایبەت کار دەكەن.
ئێمە بینیمان بە چ شێوەیەك ئەم دۆسیە و دۆكیۆمێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەكی دوور و درێژی بوێت بۆ فەرمانبەرێك، تا بتوانێ كار لەسەر ئەم دۆسیانە بكات. ئامانج لەم كارە ئەوە بووە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بە دیجیتاڵی بكەین و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بكەین، هەم ئاسانكاری بۆ حكومەت بكرێ و هەم بۆ كرێكاران.
بەرنامەی حكومەت ئەوەیە هەرچی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، كە ئەمە دەبێتە هۆكارێكی زۆری هاوكاریكردنی حكومەت و دابینکردنی هەلی كار و هاندانی هاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی تایبەت بكەن؛ چونكە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە كەرتی تایبەت مسۆگەر دەكرێ، پێویست نییە هەموویان ڕوو لە كەرتی گشتی بكەن تا دڵنیا بن لە داهاتوودا مافیان پارێزراوە.
ئامانجی سەرەكیی حكومەت ئەوەیە ئێمە بتوانین ئەو ڕێژەیەی تاوەكوو ئێستا دەستەبەری بۆ كراوە كە وابزانم تەنیا 10%ـیە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بكرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چ لە وەزارەتەكان و چ لە كەرتی تایبەت، هەمووی هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بكەن.
بێگومان ئەم پرۆسەیە یارمەتییەكی زۆری كرێكاران دەدات؛ ئەو پێویستییانەی كە هەیانە بۆ دوای خانەنشینبوونیان، گەرەنتی دەكرێن. لە هەمان كاتدا ئەو بەشەپارەیەی كۆ دەكرێتەوە، باج نییە، یانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەهیچ شێوەیەك باج نییە، بەڵكوو تەنیا گەرەنتیكردن و مسۆگەركردنی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن. ئەمە دەكرێ حكومەت سوودێكی تریشی لێ وەربگرێ و وەبەرهێنانی تێدا بكات، کە یارمەتییەكی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدات.
من بینیم و سەیرمان كرد بە چ شێوەیەك كاری جددی لەو پرۆژەیەدا دەكەن، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بیستوومە كە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەن كاری تێدا دەكەن، لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریكن بخرێنە پرۆسەكەوە كە كارێكی وردە، بەڵام وەک زانراوە لە ماوەی چەند مانگێكی داهاتوودا، هیوادارین ئەم كارانە تەواو بكرێن. ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ فەرمانبەرانیش، بۆ وەزارەت دەستەبەری كۆمەڵایەتییش هاوكارییەكی زۆر دەبێت.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمەكەی بكەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری بكەم، هەروەها ئەو تیمەی كە لە لای خۆشمەوە دەستنیشانم كردوون بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە.
هیوادارم ئەم پرۆژەیە و هەموو پرۆژەكانی تر كە لە بەرنامە و ئەجێندای ئەم حكومەتەدا هەن، لە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەین و ئەو دڵنیاییەی كە خەڵك و كرێكارانیش مەبەستیانە، پێیان بدەین. بە هیواى سەرکەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، باڵاخانەی نوێی کارگێڕیی گشتی و لقی سەرەکیی بانکی جیهان ــی کردەوە کە یەکێکە لە بانکەکانی کەرتی تایبەت.
سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی بەشەکانی بانکەکەی بەسەر کردەوە، لە کۆبوونەوەیەکەدا لەگەڵ وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بانکەکە، سوپاسی کردن کە بەشێکن لە پڕۆژەی (هەژماری من) كە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت گوتی "بانكەكان دەتوانن هۆكارێكی سەرەكی بن لە بووژانەوەی ئابووریی هەر وڵاتێك، چونکە پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێك و كۆڵەگەی سەرەكیی جووڵانەوەی ئابووریی وڵات، بانكەكانن. بۆیە زۆرم لا مەبەستە بانكەكانی ئێمە بە شێوازێكی ستانداردی نێودەوڵەتی كار بكەن".
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە "ئەو پرۆژەی دەستمان پێ كردووە، ئێستا سەرەتایەتی، ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە ماوەى دوو ساڵدا هەرچی فەرمانبەری حكومەتە کە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كەسە، بخرێنە سەر ئەم سیستەمە. لە هەمان كاتدا لەگەڵ كەرتی تایبەت و خەڵكی تریش لە دەرەوە و بۆ هەموو هاووڵاتییان، شتێكی وا بكەین كە بانكەكان ئەم خزمەتگوزارییە فراوان بكەن و هەموو هاووڵاتیان تێیدا بەشدار بن".
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە "لەم كابینەیەدا گرنگییەكی زۆرمان داوە بەوەی بتوانین ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین، كۆڵەگەیەكی سەرەكیی بەهێزكردنی ئابووریی كوردستانیش سیستەمی بانكییە، زۆر پێخۆشحاڵم كە دەبینم بانكی جیهانیش یەكێك لەو بانكانەیە كە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان، لە هەمان كاتدا بەشداریش بێت لە پرۆژەی (هەژماری من)".
"ئێستاش بیستم كە حەوت بانكی تریش ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بەشدار بن لەم پرۆژەیە؛ ئەم پرۆژەیە بەدیجیتاڵكردنی سیستەمی وەرگرتنی مووچەیە كە لە سەرەتاوە و هەروەكوو پێشتریش باسمان كردووە، ئاواتمان وایە كە هەموو فەرمانبەرانی حكوومەت بتوانن لەو سیستەمەدا جێگیر بكرێن، لە هەمان كاتدا بتوانین لەگەڵ هەموو بانكەكانیشدا قسە بكەین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان لە دەرەوەی كەرتی گشتیش، بتوانن لەم پرۆژەیەدا بەشدار بن و ببنە خاوەنی (هەژماری من) لە بانكەكانی كوردستاندا. بێگومان لەو كاتەدا پەیوەندییەكی پتەوتر لە نێوان بانك و هاووڵاتی دروست دەكرێت".
"بانك نابێت تەنیا شوێنی حەواڵەكردنی پارە بێت، بەڵكوو دەبێ ببێ بە دامەزراوەیەک، زیاتر یارمەتیی هاووڵاتی بدات، هەروەها هاووڵاتییانیش بتوانن سوود لەو هەموو توانا و سوودانەی بانكی وەربگرن بۆ باشتركردنی بژێویی خۆیان".
"ئێمە لە حكومەت زۆر پێداگری دەكەین لەوەی كە سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان بە ستاندارد بكرێ، بۆ ئەمەش لەگەڵ سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون، داواشیان لێ دەكەم كە ئەو پرۆسانە خێراتر بكەن بۆ یارمەتیدانی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستاندا".
"لە هەمان كاتدا سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی دەكەم كە پاڵپشت و هاوكار و پێداگیرێكی سەرسەخت بووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، دەستخۆشی لە خۆی و وەزارەتەكەی و هەموو كارمەندان دەكەم، هەروەها سوپاسی كەرتی تایبەتیش دەكەم كە بە دەم بانگەوازی حكوومەتەوە هاتن و ئەوانیش دەیانەوێ بەشدار بن لە باشتركردنی بژێویی خەڵك، بەوەی كە سیستەمی خزمەتگوزاریی خۆیان بە شێوەیەكی ستانداردی جیهانی بگەیەنن".
جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/12 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ساڵح مەهدی ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و فیدرال کرا ، بە تایبەتی لە بواری برەودان بە خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و باشترکردنی کوالیتی دەرمان و چاکسازیکردن لە سیستەمی گشتیی تەندروستی .
پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵيی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكهوتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە ههموو ئهو بهڕێزانه دهكهين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد.
جێگەی داخه لە گفتوگۆکانی پهرلهماندا، هەندێ له پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئهوهى ڕوويدا لهگهڵ بنهماكانى ڕێككهوتنى سياسيى هاوپهيمانيى بهڕێوهبردنى دهوڵهتدا نايهتهوه و ئهو ئاراسته و شێوهيه له كاركردن، خزمهت به پرۆسهى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.
پێويسته ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه كێشه لهسهرهكان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. دهبێ دڵنیایيی تەواو هەبێ لەوەی شايسته داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايهى نيگهرانييهكى قووڵه و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییهى سهلماند كه دابهشبوونى لايهنه كوردستانييهكان زيان به ههرێمى كوردستان دهگهيهنێت. وێڕاى ئهمهش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئهمه بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/6/13
ئەمڕۆ دووشەممە 6/12 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە فیراس ئەلهەواری وەزیری تەندروستی شانشینی هاشمیی ئوردنی و شاندێکی یاوەری کرد .
وەزیری تەندروستی ئوردن ، سڵاوو ڕێزی شا عەبدوڵلای دووەم شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەموو هاریکاری و هەمانگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کردو سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی بەردوامیی ئوردن و بەتایبەتی شا عەبدوڵلای لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە .
تەوەرێکی سەرەکی دیدارەکە ، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن بوو لەو بوارەدا.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات