لە ئەمەریکا، فەلاح مستەفا سەردانی وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس و سیناتی كرد

  • پێنج شەممە, 08 ک دووەم 2015

بە مەبەستی ناساندنی نوێنەری تازەی حكومەتی هەرێم بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا سەردانی وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس و سیناتی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كرد.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری خاتوو بەیان سامی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا لە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چاویان كەوت بە بەڕێز برێت مەكگێرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك. لە سەرەتایی دیدارەكەدا سوپاسی بەڕێز برێت مەكگێرك یان كرد لە پشتگیریەكانی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لە شاندەكەی كرد.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گوتی " ئێمە سوپاسی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین بۆ هاوكاری كردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 و ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 و  دواتریش دووبارە بەجێهێنانی ئەركی دۆستایەتیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 ئەویش لە ڕێگای وەشاندنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە بووە هۆی زیاتر پشتگیری و بەرزكردنەوەی مۆراڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە".

هەروەها خاتوو بەیان سامی نوێنەری تازەی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا گووتی كە بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە هەماهەنگی كردن لەگەڵ بەڕێز برێت مەكگێرك لە ئەركی نوێی وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا بە تایبەتی لەو كاتەی ئێستادا كە هەرێمی كوردستان و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەیەكەوە شەڕ دەكەن دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

بەڕێز برێت مەكگێرك ئەوەی دووپات كردەوە كە هاوبەشیەكی ستراتیژی لە نێوان وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستاندایە هەیە كە لە پێناوی بەرژەوەندی هەردوولادایە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پێداویستیەكانی هێزی پێشمەرگە كە ئێستا لە شەڕدان دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو قەیرانەی مرۆییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆتەوە لە ئەنجامی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك. هەردوولا پێشوازیان لە بەرەوپێشچوونی كەشی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.

هەروەها ڕۆژی سێ‌ شەممە ڕێكەوتی 7/1/2015 بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا چاویان كەوت بە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و سینات.

لە دیدارێكدا لەگەڵ سیناتۆر بۆب كۆركەر سەرۆكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی سینات و نوێنەری وویلایەتی تێنیسی كە زۆرترین ژمارەی ڕەوەندی كوردستانی لێیە، گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و سوریا و پێویستی زیاتری هاوكاری وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دەتوانێت پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی بكات. هەروەها ئاماژەكرا بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە دابین كردنی پەناگەیەكی ئارام بۆ ئەو پێكهاتە نەتەوەییانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

هەروەها ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و سینات ئەنجامدرا لەوانە بەڕێزان كۆنگرێسمان دێڤین نیونس سەرۆكی كۆمیتەی هەواڵگری، سیناتۆر تیم كاینی، كۆنگرێسمان رۆدنی فێرلینگهیوسن سەرۆكی كۆمیتەی لاوەكی بەرگری لە كۆمیتەی دابین كردن، كۆنگرێسمان جێری كۆنۆڵی، كۆنگرێسمان دەینا رۆراباكەر، كە لە تەواوی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پێداویستی هەرێمی كوردستان لە ڕووی هاوكاری سەربازی و مرۆیی كرا.
 

Read کد خبر: 1064

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی