قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان وپەیوەندی نێوان هەردوولا چەندین قۆناغی بەخۆیەوە دیوە كە بەشێكیان نهێنی بوون لەسەردەمی سەخت ودژوار وزۆرجاریش گەیشتۆتە رادەی رووبەڕووبوونەوە وهەڕەشە وئەمڕۆش هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەهێز وهەمەڕەهەندی لەگەڵ توركیادا هەیە ".
جێگری سەرۆكی حكومەت لەمیانەی وتارێكیدا لەكۆنفڕانسی ئەنستتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) كە لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا رێكخرابوو باسكردنی ئەم بابەتەی بە "پرسێكی گرنگ بۆ باسكردنی ئایندەی ناوچەكە لەقەڵەمدا".
قوباد تاڵەبانی نیشانیدا لەنەوەدەكانی سەدەی بیستەم كاتێك سەركردەكانی كورد سەردانی توركیایان دەكرد "بەشێوەیەكی نهێنی ودوور لە چاوی راگەیاندن لەگەڵ سەرۆكی ئەوسای توركیا توركوت ئۆزاڵ كۆ دەبوونەوە وپەیوەندی ئەوكاتی توركیا وسەركردایەتی سیاسی كوردستان لەئاستێكی باشدا بوو بەڵام لەوكاتەدا تەنانەت وشەی كوردستان لەم وڵاتەدا لەخۆیدا تاوانێك بوو بەپێچەوانەی ئێستا كە بەشێوەیەكی زۆر كراوە وراشكاوانە باسی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا".
جێگری سەرۆكی حكومەت تیشكی خستە سەر ڕەهەندی ئابووری لەپەیوەندی نێوان هەردوولا كە لەكۆتایی نەوەدەكانی سەدەی بیستەم پەرەی سەند وژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای توركی هاتنە كوردستان هاوكات باسی بارودۆخی ئێستای عیراق كرد لەدوای هێرشەكانی داعش ونیشانیدا "پەراوێزخستنی پێكهاتەی سوننە لەعیراق ئەم بارودۆخەی دروستكرد بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستیە تەنها بەڕێگەچارەی سەربازی نابێت وئەركی سەرەكی ئەم بەرەنگاربوونەوەیەش دەكەوێتە سەر حكومەتی عیراق بەدروستكردنی كەشێكی سیاسی كەتیایدا هەموولایەك قبووڵی یەكتر بكات لەنێو عیراقدا".
ئاماژەی بەوەشدا توركیا ئێستا لەمەترسیەكانی ئەم بارودۆخە تێگەیشتوە كە ئەگەر بەردەوام بوو "داعش تەنها بەخاكی عیراق وسوریا ولوبنان رازی نابێت بەڵكو بۆ خودی توركیاش دەبێتە هەڕەشە".
هەر لەم رێوڕەسمەدا دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی پەیمانگا لەوتەیەكدا دووپاتیكردەوە" بەهۆی بارودۆخی ئێستا بەوپێیەی ناوچەكە بەتەواوی كەوتۆتە نێو هەڕەشەیەكی گەورەوە بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی هێزی توندڕەو كە هیچ نەتەوە ووڵاتێك بەسەلامەتی لێی دەرناچێت ئەگەر رێوشوێنی یەكگرتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە نەگیرێتەبەر".
هاوكات دووپاتیشیكردەوە لەم كۆنفڕانسەدا "نوخبەیەكی ناسراوی توركیا كە داڕێژەری سیاسەتی ئەم وڵاتەن ولەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەت لەهەرێمی كوردستان".
پەیمانگای (MERI) لەمانگی نۆڤەمبەری 2014 دا دیاڵۆگێكی لەبارەی ئاشتەوایی بۆ پێكهاتەكانی ناوچەكە رێكخست وگرنگی تایبەتی بەپەیوەندیەكانی نەتەوەكانی كوردستان وهێزە ناوچەییەكانی وەكو توركیا وئێران وپێكهاتەكانی دیكەی عیراق دا بەباسكردنی كاریگەری سیاسەتی ئەم دەوڵەتانە لەسەر كوردستان وچارەنووسی ئەم هەرێمە.
هەر لەدرێژەی ئەو كۆنفڕانسەدا چەندین دانیشتن وپانێڵ پێشكەشكران بەبەشداری چەندین بەرپرسی سیاسی وئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستان وژمارەیەك لەبەرپرس وئەكادیمیستانی توركیا.