ڕێكخراوى جیهانیى ته‌ندروستى، ستایشى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

  • یەک شەممە, 15 ئازار 2015

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دكتۆر عەلاء عەلوان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی جیهانیى تەندروستی WHO و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی WHO هەڵسەنگاندنێكی لەبارەی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك بەتایبەتی كرد و ڕۆڵی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆكی بەرز نرخاند كە وێڕای ئەو بارودۆخە قورسەی لەسەر شانیانە، توانیویانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و لە هه‌مان كاتدا خزمەتگوزاریی پزیشكی و تەندروستی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكان و هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی بكەن.

 

بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی WHO هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ بەدەستهێنان و پێشكەشكردنی سەرچاوەی زیاتری كۆمەك و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان لە بواری تەندروستیدا و ڕوونیشی كردەوە كە لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عیراق، باس لە كار و چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەكات كە بێ‌ جیاوازی خزمەتگوزاری بە هەموو لایەنێك دەگەیەنن و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاترە و داوا له‌ حكوومەتی فیدراڵی عیراق ده‌كات هاوكاریی زیاتری ته‌ندروستى و پزیشكی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات.

 

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی ئەم سەردانەی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیى WHOی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندنی بەڕێزیان بۆ كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك كرد، كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی سەرتاسەری پارێزگای دهۆك و بەردەوامیش ده‌یانه‌وێ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، هاوكارییەكانیان باشتر و زیاتر بكەن. هەروەها سوپاسی ڕێكخراوی WHOی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگیەی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی بواری تەندروستی و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان هەیانە.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1266

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی