ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/9/23 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژان ئاسڵ بۆرن وەزیری دەرەوەی لۆكسەمبۆرگ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە ڕەوشی ئەو ئاوارانە كرا كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بارگرانییەكی زۆریان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە كاتێكدا هەرێم خۆی دووچاری قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و شەڕێكی نەگریس بووەتەوە، وێڕای ئەمەش توانیویەتی پێشوازی لەو ئاوارانە بكات و لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و خزمەتگوزارییان پێشكەش بكات، بۆ ئەمەش شاندی میوان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد.
شاندی میوان هەروەها باسیان لەوە كرد كە هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپا لە بارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان، یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات و بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لە میانی بەشداریكردنیان لە كۆنفرانسی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان كە لە كوێت دەبەسترێت، باس لەوە دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان له ڕووی هاوكاریكردنی ئاوارەكانهوه، ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەركەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستای عیراق و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ڕەوشی سیاسیی وڵات كرا و شاندی لۆكسەمبۆرگ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو نەبەردییەی هێزی پێشمەرگە دەربڕی كە توانیویەتی بوێرانە ڕووبەڕووی ئەو گرووپە تیرۆیستییە ببنەوە و ئامادەییی خۆیان دەربڕی كه بۆ چارەسەركردنی بریندارانی پێشمەرگە، هاوكاریی پێویست پێشكەش بكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد بۆ سەردانەكەیان و هەڵوێستەكەیانی بەرز نرخاند و دڵنیای كردنەوە كە هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازیی ئایین و مەزهەب و نەتەوە، باوەشی بۆ هەموو ئاوارەكان كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش كرد ئەو شەڕەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆیستان دەیكات، بۆ پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤە كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهان، هاوبەشی ئەو بنەمایانەن و بەردەوام لەبەرچاوی گرتوون.
لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران بارودۆخی سیاسیی عێراق و بەرەكانی شەڕ و بە تایبەت ڕەوشی شاری مووسڵی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پاراستنی ئەو ناوچانەی كە ئازادی كردوون و ههموو هاوكارییەكیش بۆ نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر پێشكەش دەكات.
لە كۆتایی دیدارەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و لەم بارەیەشەوە چەندین بیروڕا لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ كران.