سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی میدیاکارانی کوەیت کرد

  • سێ شەممە, 09 حوزەیران 2015

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی6ـی2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ‏شاندێکی میدیاکارانی وڵاتی کوەیت کرد کە بەیاوەریی جێگری باڵیۆزی کوەیت لە عێراق و کونسوڵی گشتی کوەیت لەهەولێر، تەشریفیان هێنابوو.


لە دیدارێکدا سەرەتا شاندی میوان سڵاو و ڕێزی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئةلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیتیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون تا تەئکید لەسەر پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی گەل و وڵاتەکەیان لەگەڵ کوردستان بکەنەوە و ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونیی پێویست لەبارەی دۆخی ئێستا لە سەرۆک بارزانی وەربگرن.

هەروەها ئەندامانی شاندەکە کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەی ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کوەیت و شەڕی تیرۆر خستەڕوو.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کوەیت کردەوە و بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرینگی لای گەلی کوردستان هەیە.

دواتر سەرۆک بارزانی بە وردی هۆکارەکانی گەشەکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و شەڕی تیرۆر و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و جەختیشی کردەوە کە تیرۆریستان هیچ داهاتوویەکیان نییە و کوردستانیش بە ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە و داهاتوویەکی گەشی دەبێت.

دواتر سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیارەکانی شاندی میدیاکارانی کوەیتی دایەوە و هیوای خواست ئەو ماوەیەی لە کوردستانن وێنەی ئارامی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنی کوردستان تۆمار بکەن و بۆ ڕای گشتیی عەرەبی بگوازنەوە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1385

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی