سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەمیری كوەیت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆبۆوە

  • یەک شەممە, 14 حوزەیران 2015

لە چوارچێوەی سەردانی فەرمیی سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی بۆ وڵاتی كوەیت ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 6ـی 2015 شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیت لە كۆشكی ئەلسەیف پێشوازی لە بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمیری كوەیت خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی نیشاندا و بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن. لەدوای ئەوە سەرۆك بارزانی و ئەمیری كوەیت كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیان ئەنجامدا و تێیدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە تاوتوێ كرا.


هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی لە شوێنی مانەوەی خۆی پێشوازی لە شێخ ناسر سەباح ئەلئەحمەد ئەلسەباح كرد و لە دانیشتنێكدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوەیت خرایە بەر باس.

لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی لە شوێنی مانەوەی خۆی پێشوازی لە شێخ جابر ئەلموبارەك ئەلحەمەد ئەلسەباح سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوەیتی كرد. لە دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوەیت و چۆنییەتی فراوانكردنی پەیوەندییەكان كرا بە تایبەت لەبواری ئابووری و وەبەرهێنان و هاندانی وەبەرهێنەرە كوەیتییەكان بۆ وەبەرهێنانیان لە كوردستان. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بە مەبەستی فراوانتركردنی پەیوەندییەكان كردنەوەی هێڵی ڕاستەوخۆی فڕۆكەوانی لەنێوان هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و شاری كوەیت تاوتوێ كرا.

نیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 6ـی 2015 لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی نیوەڕۆخوانێك لە لایەن شێخ نواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح وەلی عەهدی كوەیت بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری ساز كرا كە سەرۆك وەزیرانی كوەیتی و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و بەرپرسانی دەوڵەتی كوەیت ئامادەی بوون.

سەرۆك بارزانی لە دوایین وێستگەی سەردانی خۆی بۆ دەوڵەتی كوەیت سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری كوەیت كرد و لە لەلایەن محەمەد حوسێن بەحرلعلوم باڵیۆزی عێراق لە كوەیت و بەرپرسانی باڵوێزخانەی عێراق پێشوازی كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدار و چاوپێكەوتنانە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1391

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی