له كۆبونهوهیهكدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردن و پەرەپێدانی پرۆگرامى راهێنانى تواناکان و سەنتەرەکانی هەلی کار لە زانکۆکان تاوتوێ کرد.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاڵپشتی کردنیان لە برەودان و بە گەڕخستنی سەنتەرەکانی هەلی کار لە رێگای پرۆگرامی راهێنانی تواناکانەوە، کە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کار و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا.
پرۆگرامی راهێنانی تواناکان و رەخساندنی هەلی کار، لە ماوەی رابردوودا لە لایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کاری تێداکراوە، بەمەبەستی راهێنان و رەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکار و قوتابیانی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ کار کردن لە کەرتی تایبەت.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد كه ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستان پێیدا گوزەر دەکات دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە کۆی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان و بە تایبەت کەرتی خوێندنی باڵا و بازاڕی کاردا بچینەوە و ئەنجومەنى وەزیرانیش هاوکار و پشتیوان دەبێت بۆ هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێك.
کۆبونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وبە بەشداری وەزیری خوندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەتی هەرێم وسەرۆکی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هەموولایەك پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دەربڕی.