لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ مانوێڵ ساگەر، وەزیری دەوڵەت و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی سویسرا بۆ گەشەسەندن و هەماهەنگی كۆبووەوەو جەختی لەسەر پێداویستی مرۆیی بەپەلە بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت زانیاری تەواوی لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و باسى لە دوا پێشهاتە مرۆیی و سیاسی و ئابوریەكانی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كرد.
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەو قەیرانە داراییە كرد كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەریەكانی هاتنی (1.8) ملیۆن ئاوارەى ناوخۆو پەنابەری سوری بۆ هەرێمی كوردستان.
بەڕێزیان داوای كرد پشتگیرى سیاسى و هاوكاریە مرۆیی و سەربازیەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوامیان هەبێت و هەروەها جەختى لەسەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەی كە لە سەر دەستی تیرۆرستانی داعش دەرهەق بە كوردانی ئێزیدی ئەنجام درا.
لەلای خۆشیەوە بەڕێز مانوێل ساگەر ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دۆستی هەیە و خۆشحاڵی خۆشی بۆ سیاسەتی حكومەتی هەرێم دەربڕی بۆ كرانەوەی دەرگا بەڕووی ئاوارە و پەنابەران و ئەوەی دووپاتكردەوە كە سویسرا هاوكاری لەبواری مرۆیی پێشكەش بە حكومەتی هەرێم دەكات بەتایبەتیش لەڕێگەی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و خاچى سوری نێودەوڵەتی.
لە كۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوانیان كردەوە.