ە چوارچێوەى بەشدارى کردنى لە کۆبوونەوەیەکى باڵا لە میانى بەڕێوەچوونى کارەکانى کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت داواى لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد کە هاوکارى زیاترى هەرێمى کوردستان بکەن کە ئێستا دووچارى چەندین رووبەڕووبوونەوە بۆتەوە وەک شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش و لەخۆگرتنى نزیکەى دوو ملیۆن ئاوارەو پەنابەر.
کۆبوونەوەکە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و رێکخراوى هاوکارى ئیسلامى و کۆمیتەى نێودەوڵەتى خاچى سوورى نێودەوڵەتى رێکخرابوو. فەلاح مستەفا گووتى ئێمە پشتگیرى لە هەوڵەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە لەگەڵمان کاردەکەن. پێویستى زۆرمان بە شوێنى نیشتەجێ و پێداویستیەکانى خۆراک و دەرمان پەروەردە و دڵنیایى هەیە بۆ ئاوارەو پەنابەران، ئەگینا ئەرکى حکومەتى هەرێم لەوەى ئێستاش قورستر دەبێ. چونکە بەهۆى بارودۆخى نالەبارى دارایى مووچەى پێشمەرگەو فەرمانبەران ٣ مانگ دواکەوتووە.
هەروەها گووتى کاتى ئەوەیە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە کردەنى یارمەتیەکانى بۆ ئاوارەو پەنابەرانى هەرێم زیاتر بکات ئەگینا گوزەرانى ژیانیان ئاڵۆزتر دەبێت. جەختى کردەوە هەر کەمتەرخەمیەک لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ئاوارەکان ناچار دەکات پەنا بۆ وڵاتانى رۆژئاوا ببەن و گوشار لەسەر ئەوروپاو دروست بکەن وەک ئەوەى ئێستا بەچاوى خۆمان دەیبینین.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو سارا سیواڵ بریکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ ئاسایشى مەدەنى و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ گووتى: ئاوارەکان کێشەیان زۆرە چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە دابین بکات کە ئاوارەکان لە کوردستان و عیراق پێویستیان پێى هەیە. قەبارەى کێشەکە دەخوازێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هاوکارى زیاتر پێشکەش بکەن بە تایبەت کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەو پەنابەریان لەخۆ گرتووە.
بەرێزیان گووتى لە بڕى پارەى پێویست بۆ ئاوارەو پەنابەران لە عیراق بە گشتى تەنها بڕى ٣٩% دابینکراوە کە ئەمەش ناتوانێ پێداویستیەکانیان دابین بکات. سەبارەت بە یارمەتیەکانى حکومەتى ئەمەریکا گووتى ئەمەریکا ٥٦ ملێۆن دۆلارى تر بۆ یارمەتى مرۆیى بۆ تەواوى عیراق دابین دەکات. بەمەش بڕى تەواوى یارمەتیە مرۆییەکانى ئەمەریکا دەگاتە ٥٤٠ ملیۆن دۆلار.
پاشان جاسم جاف وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عیراق سوپاسى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد و جەختى لەوە کردەوە کە کێشەى ئاوارەو پەنابەران بە هۆى ناسەقامگیرى ئاسایش و هێرشى تیرۆرستانى داعش لە عیراق و سوریا بەردەوامە.
جێگرى نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق خاتوو لیسا گراندێ ستایشى رۆلى حکومەتى هەرێم و گەلى کوردستانى کرد بۆ دەرگا کردنەوە بە ڕووى لێقەوماوان و یارمەتیدانى ئاوارەو پنابەران. هەروا گووتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەرگاى خۆى کردەوە بۆ ئاوارەکان بە شێوەیەک کە ژمارەى دانیشتوانى بە رێژەى ٣٠% زیادى کردو ئاستى هەژاریش ٥٠% زیادى کردووە.
هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان و عیراق ئەوەى لە توانایان بوو کردیان، بەڵام ئیستا دووچارى قەیرانى دارایى هاتوون، بۆیە ئەرکى ئێمەیە وەک پیویست یارمەتى و کۆمەک پێشکەش بکەین.
ستیفن ئۆبراین یاریدەدەرى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى مرۆیى و هاوکارى هەنووکەیى کە هاوکات بەڕێوەبەرى دانیشتنەکەبوو گووتى دەمەوێ سوپاس و پێزانینى خۆمان ئاراستەى هەموو ئەو وڵات و ناوچانە بکەین کە دەرگایان بەڕووى ئاوارەو پەنابەران کردەوە بە تایبەت حکومەتى عیراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکە نوێنەرى ئیتاڵیا تیشکى خستە سەر بارودۆخى ناهەمووارو ئەو کارەساتەى بەسەر کچان و ژنانى ئێزیدى داهات لەسەر دەستى تیرۆرستانى داعش. لەم بارەیەوە گووتى ئیتاڵیا هەموو هەوڵێکى دەخاتە گەر بۆ یارمەتیدانى حکومەتى هەرێم و عیراق. ئەو تاوانانەى بەرامبەر کچان و ژنانى ئێزدى ئەنجامدرا دەچێتە خانى تاوان دژى مرۆڤایەتى.
هەروا نوێنەرى بەریتانیا پابەندبوونى وڵاتەکەى بۆ یارمەتیدانى گەلانى عیراق و هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عیراق دووپاتکردەوە، گووتى بەریتانیا ٣٠ ملیۆن دۆلارى ترى تەرخان کرد بۆ ئاوارەو پەنابەران، بەمەش رێژەى یارمەتیەکانى حکومەتى بەریتانیان لە پارساڵەوە تا ئەمڕۆ دەگاتە ١٢٠ ملیۆن دۆلار.
زەینەب بەنگۆڕا نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستدرێژى بۆ سەر ئافرەتان لەناوچەى ململانێکان گووتى: عیراق پێویستى بە وەڵامدانەوەیەکى سیاسى و یاسایى و ئەمنى هەیە بۆ ئەو قەیرانەى ئێستا هەیە، چونکە دەستدرێژى بۆ سەر ئافرەتان بە شێوەیەکى رێکخراو ئەنجام دەدرێ.
هەروا گووتى هەزاران ئافرەت رفێندران و وەک کۆیلە لە بازاڕەکان بازرگانیان پێوەکراو داواى سەرانەش لەکەس و کاریان کراوە. ئەو گووتى من چاوم بە نوێنەرى ئێزیدیان کەوت و گووتیان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئازادکردنى ئەو ٣٠٠٠ کچ و ژن و هاوڵاتیە ئێزیدیەى لەلایەن تیرۆرستانى داعشەوە دەستگیر کراون.
هەر لە کۆبوونەوەکە بەرپرسى کۆمسیۆنى ئەوڕوپا بۆ هاوکارى مرۆیى و بەڕێوەبردنى قەیرانەکان جەختى کردەوە کە پێویستە یارمەتى دارایى بە پەلە بۆ هاوکارى کردنى ئاوارەو پەنابەران لە عیراق و کوردستان دابینبکرێت.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکە جارێکى تر فەلاح مستەفا سوپاسى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاو نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو حکومەت و ئاژانسانەى کرد کە یارمەتى ئاوارەکانیان داوەو گووتى هیوادارین ئەو بیرو بۆچوونانەى لەم کۆبوونەوەیە سەبارەت بە یارمەتى دارایى و کۆمەکى ئاوارەکان خرایە ڕوو پراکتیزە بکرێت و جێبەجێ بکرێت، چونکە بارودۆخى ئاوارەکان زۆر نالەبارەو مەترسى ئەوەى لێدەکرێت بپەڕێتەوە دەرەوەى سنوورەکان.
جێگەى باسە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە مەبەستى ئەنجامدانى چەند دیدارو کۆبوونەوەیەک و گەیاندنى پەیامى حکومەت و ئاگادارکردنەوەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە رەوشى ئاوارەکان و بەدەستهێنانى پشتگیرى بۆ بەجینۆساید ناساندنى ئەو تاوانەى دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتەکانى تر ئەنجامدرا.