جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتاریەت و لێپرسراوی لقەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستانی کرد لە خزمەتکردن بە نیشتمانەکەیان و پێگەیاندنی نەوەکانمان و داواکانیان لە ئێستادا ڕەوایە، بەڵام خۆپیشاندان و بایکۆتکردن چارەسەری گرفتەکانیان ناکات.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕاگەیاند، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان تەنها مامۆستایانی بەڕێزی نەگرتووەتەوە بەڵکو هەرێمی کوردستانی بە گشتی گرتووەتەوە، کەواتە دەبێت هەموومان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستاندا بکەین و نابێت قەیرانەکان تێکەڵ بە پرسە سیاسیەکان بکرێت و کوردستان بەرەو ئاقارێکی ناجێگیردا ببرێت.
ئاماژەی بەوەدا وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران بە گشتی و موچەی مامۆستایان بەتایبەتی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری پەروەردە و وتەبێژی حکومەتی هەرێم و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران تێیدا ئامادە بوون، قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ڕوونی خرایە ڕوو و هەموو لایەك بەگرنگیان زانی کە هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و داواش کرا ڕاگەیاندن و کەسانی بەرپرس ڕەچاوی دۆخی ئێستای کوردستان بکەن و خۆیان لە چەواشەکاری و موزایەدە بپارێزن.