سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 3/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان كۆبیش نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز كۆبیش ئاماژەی بەوە دا كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی تەواوی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەموو عێراقدا بێت و هیوای خواست لە داهاتوودا كۆبوونەوە و دانوستانی نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێن.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داعش و هەوڵەكانی بنەبڕكردنی ترس و هەڕەشەی تیرۆری كرد و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵ و نەبەردی و ئازایەتیی پێشمەرگەی بەرز نرخاند كە توانیویەتی ئەو هەڕەشەیە دوور بخاتەوە و بەسەر تیرۆردا زاڵ بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای خواست ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ڕابردوو و ئێستادا هەیبووە، بەردەوام بێت بەتایبەتی بۆ دانوستان و لێكگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەك پوختەیەكی دەربارەی دوا پێشهاتەكان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داش پێشكەش كرد.
تاوتوێكردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر چەند بابەت و تەوەرێك، لایەنێكی دیكەی دیدارەكەبوو.