بە مەبەستى گەیاندنى دوایین پێشهاتە سیاسى و تەناهى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یاوەرى خاتوو بەیان سامى و شاندى یاوەرى سەردانى زانکۆى تۆرنتۆى کرد لە کەنەدا.
لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشدا کە ژمارەیەک قوتابى زانکۆى ناوبراو ئامادەى بوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى سەبارەت بە بارو دۆخى هەنووکەیی سیاسى و تەناهى عێراق و ناوچەکە و شەرى دژى تیرۆر پێشکەش بە ئامادە بووان کرد کە بۆتە هۆى ئاوارە بوونى نزیکەى (١.٨) ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس بۆ هەرێمى کوردستان.
لە دوایدا بەڕێزیان ئاماژەى بە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى رێکخراوى داعش و کاریگەریەکانى لەسەر ئاسایشى ناوچەکەدا لەگەڵ رووبەروو بوونەوەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و پاراستنى ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان ووتى '' چەکدارانى داعش هەرەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان و هیچ ووڵاتێکیش بەدەر نیە لە هەرەشەکانى ڕێکخراویى داعش''.
لەم بارەیەوە، هێزى پێشمەرگەی کوردستان ڕۆلێکى کاریگەریان هەبوو لە بەرەنگار بوونەوەى چەکدارانى داعش بۆیە ئەوان نیشانى هەموو جیهانیاندا کە هێزێکى نەبەردن لە روو بەروو بوونەوەى زەمینى داعش کە شایستەى هەموو هاوکاریەکى نێودەوڵەتین''.
هاوکات، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ئاماژەى بە رەوشى ژیانى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان دا کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت بەردەوام بێت لە یارمەتى دانیان بەبێ وەرگرتنى هاوکارى مرۆیی نێودەوڵەتى، بۆیە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێویستە هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەر بۆ یارمەتى دانى حکومەتى هەرێم لە دابینکردنى پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆیان.
لە کۆتاییدا، ناوبراو بوارى بە بەشداربووان دا بۆ ئاراستەکردنى پرسیارەکانیان سەبارەت بە پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان و بەغدا و دۆخى هەنووکەیی سوریا و بارو دۆخى سیاسى و تەناهى ناوچەکە.