ڕۆژی دووشەممە 21ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد بن محەمەد ئەلجەروان سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و پیرۆزبایی سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ستاییشی ڕۆڵ و قارەمانێتی و خەباتی گەلی كوردستانی كرد لە پاراستنی مرۆڤایەتیدا. هەروەها پێزانینیشی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی لێقەوماوان و هاتنی خەڵك بۆ هەرێم لەبەر كەرامەت و مەزنیی و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانە.
سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردەوە و ڕایانگەیاند كە جیهان دەبێ پشتیوانی گەلی كوردستان بێت و وەك پارلەمانی عەرەبی ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەوانی كرد و هەروەها دەستخۆشی لەو وڵاتانە كرد كە یارمەتییان پێشكەشی ئاوارەكان كردووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی دا كە لە كاتی تەنگانە و سەختدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێمیان داوە بۆ هاوكاریكردنی پەنابەر و ئاوارەكان. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە وەحشیگەریی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی بەرەكانی شەڕ كرد و پەیوەست بە ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و یارمەتی بدرێن.