سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقوڵانی موسڵمانی دەڤەری شنگال كۆبۆوە

  • چوار شەممە, 16 ک یەکەم 2015

ڕۆژی چوارشەممە 16ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی خەڵكی شنگال و داواكارییەكانیان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون لەبارەی ئاوەدانكردنەوە و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و ئاییندەی شنگال لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و ڕیشسپی و پیاوماقووڵانی موسڵمانی دەڤەری شنگال كۆبۆیەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەشكرد و تێیدا باسی لە بایەخی سیاسی و نەتەوەیی و جیۆگرافی و كۆمەڵایەتیی شنگال بۆ گەلی كوردستان كرد كە بە درێژایی مێژوو نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی پێكهاتە جیاوازەكان بووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە ئەو فەرهەنگەی پێكەوەژیان قووڵتر و دەوڵەمەندتر بكرێت لە دەڤەری شنگال و هەموو كوردستان و ڕێگە نەدرێت كە بە هیچ شێوەیەك زیان لە ئاسوودەیی خەڵك و فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانیان و خەڵكی شنگال بدرێت و لەم ڕووەشەوە ئەركی مامۆستایانی ئایینی و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتی و پیاماقوڵانی بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد.

سەرۆك بارزانی باسی لە وەحشیگەری و بێویژدانی تیرۆریستانی داعش كرد كە بە درێژایی مێژوو هیچ دوژمنێك وەك داعش تاوانی قێزەوەن و دژەمرۆیی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام نەداوە و ئەو تاوانانەی داعش لەدژی هەموو خەڵكی كوردستان بوون و برینی خوشك و برا ئێزیدییەكان برینی هەموو تاكێكی كوردە و ئەوەی بەرانبەر خوشك و برا ئێزیدییەكان كراوە بەرانبەر هەموو گەلی كوردستان كراوە و باسی ئەوەیشی كرد كە خوشك و برا ئێزییدییەكان دووجار و بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایینەكەیشیان زوڵمیان لێكراوە و تاوانیان دەرهەق كراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە داعش لەڕووی سەربازییەوە لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتووە بەڵام نابێ ڕێگە بدەین ئامانجەكانی داعش لە تێكدانی برایەتی و پێكەوەژیان بهێنەدی و دەست بەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی پێكەوەژیانە بگرین كە بەهۆیەوە پێگە و ناوبانگی گەلی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا بەرز و شاییستەیە و جەختی لەوە كردەوە كە لەدەستدانی پێكەوەژیان بۆ گەلی ئێمە سەرەتایەك دەبێ بۆ نەمان و كارەسات. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پێویستیی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و بایەخدان بە باری ئابووری و گوزەرانی خەڵكی ئەم دەڤەرە كرد و بۆ ئەم مەبەستەیش داوای كرد كە خەڵكی شنگال بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم كار بۆ ئەوە بكەن كە شنگال بە باشترین شێوە ئاوەدان بكرێت و هەروەها كاریش بۆ ئەوە بكرێت كە لەڕووی ئیدارییەوە ناوچەی شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و بكرێتە پارێزگا.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بەشداربووانی سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە بەڵێنەكەی خۆی بەجێ گەیاند و دەڤەری شنگالی لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگاركرد و ستاییشی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیان كرد كە قارەمانانە بە خوێنی خۆیان چیای شنگال و شاری شنگالیان ڕزگار كرد و ئەو بەڵێنەیشیان بە سەرۆك بارزانیدا كە پارێزەری برایەتی و پێكەوەژیان بن لە ناوچەكەیان و ئەو پێكەوەژیانە دەوڵەمەندتر و قووڵتر بكەن. دواتر پرسیار و تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان لەمەڕ ئاییندەی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبووان سەرۆك بارزانی سوپاسی پابەندبوونی خەڵكی شنگالی كرد بە بنەماكانی برایەتی و پێكەوەژیان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەموومان برا و كەسوكاری یەكترین و هیچ جیاوازییەكمان نییە و هەر كەس ئازادە تەعبیر لە بیروبۆچوون و دینداریی خۆی بكات بێ ئەوەی باوەڕی خۆی بەسەر كەسێكی تردا بسەپێنێت. سەرۆك بارزانی سوپاسی خەڵكی پارێزگای دهۆك و هەموو گەلی كوردستانی كرد كە مەردانە و برایانە لەم شەڕەدا هاتنە دەست و بە خوێن و بە قوربانیدان دوژمنیان شكاند و بە دڵفراوانی و هەستێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی یارمەتیی ئاوارە و لێقەوماوانیان دا.

لە كۆتایی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خەڵكی شنگال بڕیار لەسەر ژیان و دواڕۆژی خۆیان بدەن و هیوای خواست كە شنگال بۆ هەموو پێكهاتەكانی ببێتە نموونەی ئاوەدانی و بەختەوەریی هاووڵاتیان.

Read کد خبر: 1742

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی