سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیك دەكات

  • دوو شەممە, 11 ک دووەم 2016

ڕۆژی دووشەممە 11ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیك بە سەرۆكایەتی جاكوب لاندۆڤێسكی جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك بۆ كاروباری سیاسی و ستراتیژی كرد.


لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان نیشاندا كە بە ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هاتووەتە دی و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی بۆ پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بۆ شەڕی تیرۆریستان و بە شەڕێكی پیرۆزی وەسف كرد و وڵاتەكەیشی بە هاوبەشی گەلی كوردستان لەم شەڕە لە قەڵەم دا. جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاساییشی جیهان ئەوە خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە بە قارەمانێتی و ئازایەتیی خۆی ڕێگەی لەوە گرت كە تیرۆریستان پلانەكانیان بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری جیهان پیادە بكەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری چیكی كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەن و پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد لە بوارە جیاجیاكاندا. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی هۆكارەكانی دەركەوتنی توندڕۆیی و تیرۆر كرد و بوونی ململانێی تاییفی بە هۆكارێكی سەرەكیی گەشەی تیرۆریستان لەقەڵەم دا و ئەوەیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەییە و هیچ كاتێك نابێتە بەشێك لە ململانێی تاییفی.

هەر لەم دیدارەدا ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لەتەك شەڕی سەربازیی، شەڕی ئایدیۆلۆژی و ئابووریی تیرۆریستان بكرێت.

بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكانی هەردوولا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1759

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی