لە درێژەى سەردانەکەى بۆ کۆمارى چینى میللى فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى سەردانى شارى شەنگهایان کردو لەلایەن بەڕێز فو جیهۆنگ جێگرى بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى شارى شەنگهاى پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەڕێز فو جیهۆنگ وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان پیرۆزبایى جەژنى نەورۆز و سەرى ساڵى کوردى لێکردن و گووتى سەردانى شاندى حکومەتى هەرێم لە ڕۆژى نەورۆز بۆ شارى شەنگهاى بایەخى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا دەردەخات بۆ هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لە داهاتوودا.
لە بەرامبەردا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى کردو گووتى سەردانى شارى شەنگهاى لە ڕۆژى نەورۆزدا ویستى ئێمە دەردەخات بۆ پتەوکردنى زیاترى پەیوەندیەکان. هەروەها ئامانجى ئەم سەردانەکەى روونکردەوە کە بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانە لە پێناو بەرژەوەندى هاوبەش و کارکردن بەیەکەوە لە داهاتوودا.
بەڕێز فو جیهۆنگ ئەوەى خستەڕوو کە پەیوەندى لە پێشینە لە نێوان شەنگهاى و هەرێمى کوردستان هەیە ئەویش لە ڕێگاى ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن لەوانە کۆمپانیاى هواوى چینى لە بوارى پەیوەندیەکان و تێلیکۆم و هیوادارین لە داهاتوودا پەیوەندیە ئابورى و بازرگانیەکان هەموو کەرتەکان بگرێتەوە لە گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانى و گەشتو گوزار و کۆڕبەندى ئابورى و بازرگانى . هەروەها دووپاتى کردەوە کە لە بوارى مەشق و راهێنان و پەرەپێدان و پلانى بەڕێوەبردن دەتوانن هاوکاربن.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئاماژەیکرد کە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى ئارام و سەقامگیرە بۆ کارى وەبەرهێنان و چالاکى ئابورى و لە کاتى ئێستا پێویستیمان بە ڕۆڵى کەرتى تایبەت هەیە لە دابین کردنى هەڵى کار و پشتگیرى دارایى بۆ ئەو پڕۆژانەى بەهۆى قەیرانى دارایى بە تەواونەکراوى ماونەتەوە. هەروەها هیوادارین بتوانین سوود لە ئەزموونى پێشکەوتووى شەنگهاى وەربگرین لە ڕووى پەرەپێدان و بەڕێوەبردن و نەخشەى ئاوەدانى شارو ڕۆڵى کەرتى تایبەت. هیوادارین کە کۆمپانیاکان بتوانن بەشداربن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانى هەرێمى کوردستان کە ساڵانە لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک ئەنجام دەدرێت. هەروەها کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بەشداربن لەو پێشانگایانەى کە لە شەنگهاى سازدەکرێن.
هەر لە درێژەى کۆبوونەوەکان لە شارى شەنگهاى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە یاوەرى شاندى یاوەرى سەردانى کۆمپانیاى هواوى تێلیکۆمى کرد کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان لقى کۆمپانیاکەیان کردۆتەوە لەلایەن جاکى لی جێگرى بەڕێوەبەرى پەیوەندیە گشتیەکان و کاروبارى حکومەت و جاک لێنگ بەڕێوەبەرى گشتى لقى کۆمپانیاى هواوى لە هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسانى ترى کۆمپانیاکە پێشوازیان لێکرا.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا جاکى لی بەناوى کۆمپانیاى هواوى بەخێرهاتنى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى کرد و خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بەو سەردانە و پیرۆزبایى جەژنى نەورۆزیان ئاڕاستەى شاندى حکومەتى هەرێم کرد. دواتر پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى مێژووى دروستبوونى کۆمپانیاکە و کاروچالاکیەکانیان لەسەر ئاستى جیهان و بەرنامە و پلانیان بۆ داهاتوو.
هەروەها جاک لێنگ بەڕێوەبەرى گشتى لقى کۆمپانیاى هواوى لە هەرێمى کوردستان پوختەیەکى دەربارەى کاروپڕۆژەى کۆمپانیاکە لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد و ئەوەى خستەڕوو کە ئەوان خۆشحاڵ بوون بە کردنەوەى لقى کۆمپانیاکەیان و تاوەکو ئێستا توانیوویانە چەندین کاروچالاکى ئەنجام بدەن لەگەڵ کردنەوەى خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ قوتابیانى بەشى کۆمپیوتەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى زیاتر پەرە بە تواناکانیان بدەن و زانیارى نوێ وەربگرن.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى کۆمپانیاى هواوى کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و هیواى خواست کە بەردەوام بن لە کاروچالاکیەکانیان لە هەرێمى کوردستان ئەویش لە ڕێگاى زیاتر خزمەتکردن بە دانیشتووانى هەرێم لە ڕێگاى پرۆژە و بەرنامەکانیان. هەروەها داوایکرد کە بەرنامەى مەشق زیاتر فراوان بکرێت بۆ ئەوەى بتوانرێت رێژەیەکى زۆر لە قوتابیان و خوێندکارانى بوارى پرۆگرامسازى سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە لە داهاتوودا دەبنە سەرمایەیەک بۆ هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى هواوى.
لە دوا وێستگەى سەردانەکەیدا بۆ کۆمارى چینى میللى، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سەردانى سەنتەرى دیراساتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى لە زانکۆى دیراساتى نێودەوڵەتى شارى شەنگهاى کرد و لەلایەن پرۆفسیۆر ژوو وێیلى سەرۆکى فەخرى سەنتەرەکە و ژمارەیەک لە پرۆفسیۆر و لێکۆلەرانى سەنتەرەکە پێشوازى لێکرا.
لەسەرەتادا پرۆفسیۆر ژوو وێیلى بەناوى ئامادەبووانەوە بە گەرمى بەخێرهاتنى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و شاندى یاوەرى کرد و خۆشحاڵ بوون کە بۆ یەکەمجار پێشوازى لە بەرپرسێکى حکومەتى هەرێم بکەن بۆ ئەوەى لە نزیکەوە گوێبگرن لە ڕاوبۆچوونى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم دەربارەى ئەو پرس و پێشهاتانەى کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات لەگەڵ ئاییندەى هەرێمى کوردستان.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پوختەیەکى دەربارەى مێژووى گەلى کورد و قۆناغى شۆڕشەکان و ڕاپەڕین و دروستبوونى پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پرۆسەى ئازادى عێراق و ڕۆڵى کورد لە دروستکردنى حکومەتى نوێى عێراق و نووسینەوەى دەستور و جەخت کردنەوە لە چەسپاندنى مافى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان. هەروەها پەیوەندیەکانى بەغدا و هەولێر و هاتنى گروپى تیرۆریستى داعش و بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و بەرنامەسازى بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بەشێکى ترى قسەکانى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بوو.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا ئامادەبووان ژمارەیەک پرسیار و سەرنج و ڕوونکردنەوەیان خستەڕوو کە لەلایەن بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە وەڵامدرانەوە و گفتوگۆى ووردیان لەبارەوە کرا.
شێرزاد ئازاد بەرپرسى پرۆتۆکۆلى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و تۆفیق رەحمان بەڕێوەبەرى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە یاوەرى بەڕێز بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بوون بۆ کۆمارى چینى میللى.