سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری دەكات

  • دوو شەممە, 11 نیسان 2016

ڕۆژی دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مەهدی ئەكەر جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە حوسێن ئاكسوی پارێزگاری دیاربەكر و ژمارەیەك پارلەمانتاری كورد لە پارلەمانی توركیا.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سڵاوی سەرۆك وەزیرانی توركیای گەیاندە سەرۆك بارزانی و باسیشی لە كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیاربەكر كرد و بە هەنگاوێكی گرنگی لە قەڵەمدا بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی ئابووری و بوارەكانی تر لە نێوان هەردوولا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەدا شاندی میوان باسی بارودۆخی شاری دیاربەكریان كرد و نیگەرانیی خۆیان لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە نیشاندا و جەختیان لە پێویستیی ئارامی و سەقامگیری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ ژیانی سرووشتی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوانی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و دیاربەكر. لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دۆزی ڕەوای كورد كرد و ئاماژەیشی بەو بەهایانەدا كە گەلی كوردستان لە خەباتی چەكداری و قۆناغەكانی تر و لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵكی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەكان پابەندی بووە. سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی كوردستانی توركیا ئەوەی دووپات كردەوە كە دە ساڵ چاوەڕێكردنی ئاشتی زۆر باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ و هیوایشی خواست كە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە و كۆتایی بە گرژی و كێشەكان بهێندرێت.

 

Read کد خبر: 1838

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی