سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز مایكل فالۆن وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە توانیویانە بوێرانە بەرگریی لە هەموو پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان و بنەما و پرەنسیپەكانی مرۆڤایەتی بكەن و هێرش و پلانەكانی تیرۆرستان شكست پێ بهێنن. باسیشیان لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر كرد و جەختیان لەوە كردەوە كە پێشمەرگە دەتوانێت ڕۆڵێكی كاریگەری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەبێت بە هەماهەنگیی حكوومەتی عێراقی فیدرال و هاوپەیمانان. بە پێویستیشیان زانی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتیەوە گفتوگۆی چڕ بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدرێت.
شاندی میوان ئاماژەیان بەوەش دا كە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و ناردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و لەمبارەیەشەوە هەماهەنگییەكی تەواو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا هەیە، هەروەها ئاشكرایانكرد كە ئەوان دەزانن بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان، بارگرانییەكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێم دروست بووە و پێشبینیش دەكرێت لە كاتی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ دا ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر ببێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاگاداری ئەم پرسەیە، بۆیە ئەوان هەوڵ دەدەن لەم ڕووەوە هاوكار بن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی بەریتانیای كرد كە درێغی نەكردووە لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سوپاسی بەردەوامیی ناردنی شاندی ئاست بەرزی بەریتانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و خوازیاری ئەوە بوو بەریتانیا ڕۆڵێكی بەرچاو لە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان ببینێت بە مەبەستی داڕشتنی پلانی قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و پاراستنی سەر و ماڵی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەش دا كە لەم دواییەدا پەیوەندییەكی باشتر و تۆكمەتر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە و چەندین كۆبوونەوەی ئاست بەرزی سەربازی لەنێوان هەردوولادا هەبووە بە مەبەستی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ بە هەماهەنگیی هاوپەیمانان. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرچەندە لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هاوكاریی ئاوارەكان كراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری خەڵكی سڤیل ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەمە بێت و هەنگاوی زیاتر بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان بهاوێژێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بە پەوەندییە دێرین و پتەوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەوە لە بەریتانیا چاوەڕێ دەكەن لە هەموو ڕوویەكەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە تایبەت كە ئێستا هەرێم ڕووبەڕووی ژمارەیەك قەیران بووەتەوە.