سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

ڕۆژی هەینی 23ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ جوزێف ڤۆتێڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم ئامادە بوون، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەرباس و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونەکان لەوبارەیەوە ڕاگەیاند و بە ناوی خۆی و وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە تێڕوانین و ڕای سەرۆک بارزانی بۆ ئەوان زۆر بە سوودە و دەیانەوێ سەرنجی بەڕێزیان لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و شەڕی دژی تیرۆریستان سووریا بزانن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسی قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵ و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ هاوشان لەگەڵ ڕێککەوتن و پلانی سەربازی بۆ ئازادکردنی موسڵ، ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت تا سەقامگیری و ئاساییش لەو ناوچانە بەرقەرار بێت و ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پارێزراو بێت و جارێکی دیکە سەر و ماڵیان نەکەوێتەوە بەر هەڕەشە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە سوریا کرا و سەرۆک بارزانی ڕا و سەرنجی خۆی لەبارەی ڕەوشی سوریا خستەڕوو و نیگەرانیی خۆی لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سووریا و داهاتووی خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە بەگشتی و چارەنووسی کوردی ڕۆژئاوا خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هاوپەیمانان دەبێ زۆر بە دیقەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و هەماهەنگیی هەردوولا کرایەوە.

Read کد خبر: 1892

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی