نازم دەباغ : ئێران دەستپێشخەر نابێت لە داخستنی سنوورییەكانی بەسەر هەرێم

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، ڕای گەیاند ئێران چاوەڕوانی چۆنیەتیی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ دەرەنجامی ڕیفراندۆمدا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پێویستە  سەركردایەتیی سیاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەڕەشەکان لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە جدی وەربگرن."

وتیشی: "نابێت دەستبەجێ وا بیر بكەینەوە كە ئەو وڵاتانەی هەڕەشەیان كردووە و لە یەكەم ڕۆژی ڕیفراندۆمدا هیچیان نەكرد، دواتر هیچ كاردانەوەیان نابێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن، نەك لە چوارچێوەی تەسکدا بیهێڵنەوە، دیارە لەو بابەتە ئێران بەتەنیا نییە، لایەنی دیكەی وەك ئەمریكا، ئەورووپا و وڵاتانی دیكە، پێیان ڕاگەیاندین كە ڕیفراندۆم نەكەین، بەڵام كە كرا ئەبێ ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرین".

نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، دەڵێت: "ئەو خوێندنەوەیەی كە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەمە، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە ئێران لە داخستنی خاڵە سنوورییەكانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا پێش توركیا و عێراق دەستپێشخەر نابێت."

ڕاشیگەیاند:" هەروەها خاڵێكی دیكە هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەو بژاردەكانی خۆی بەپێی قۆناغەكان بەكار دێنێت، ڕێی تێدەچێت داخستنی خاڵە سنوورییەكان بێت و بە قۆناغ جێبەجێی بكات، بەڵام لەوانەشە نەیكات".

نازم دەباغ، ئەوەشی خستەڕوو، كە تا ئەم ساتەوەختە ئێران نایەوێت كوردانی هەرێمی كوردستان لە هەندێ هەڵوێست وەرگرتن زرەرمەند بن، ئێستا زیاتر خوێندنەوە و بۆچونەكانیان لەسەر سەركردایەتیی سیاسیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسەدا.

 نوێنەری حكوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: "وەك نوێنەرانی كورد و حكوومەت لە دەرەوە دەبێت تێگەیشتن و خوێندنەوەمان بۆ ڕووداوەكانی ئایندە هەبێت، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی دوێنێی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەندێك بابەت خرایە ڕوو، ئەوانەش دەكرێت وەك هۆكارێك بۆ ئارامكردنەوە، یان كەمتر زەرەركردن لەم قۆناغەی ئێستادا تا لە گفتوگۆدا دەگەینە ئەنجامێكی باش دابنێین."

Read کد خبر: 1984

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی