ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کوردستان (شاڵاوی بهدناوى ئەنفالەکان)دا لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت. شاڵاوێك کە بۆ سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییى كورد، مرۆڤ و خاک و ژینگەی کوردستانی پێکەوە کردە ئامانج و جگە لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل، بووە هۆی خاپوورکردنی هەزاران گوند و شێواندنی ژینگە و بەسووتماککردنی خاکی کوردستانیش.
لە کاتێکدا یادی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالەکان، بەرز ڕاگرتن و ڕێزلێنانە لەو خوێن و قوربانیەی کە بە درێژاییی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی ئەم گەلە پێشکەشی کردووە، هاوکات بۆ پەند و وانە وەرگرتنە لە مێژوو بە جۆرێک کە بە بیر و کردار هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بین وێڕای ڕێگری لەهەر شاڵاوێكى هاوشێوەی ئەنفالە بەدناوەکان، شوێنهواره دەروونی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی ئەو شاڵاوه نامرۆڤانەیەش بسڕینەوە.
ئەم ئەرکانە لەمێژە خەمێکی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لە هەوڵی بەردەوامی بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفالەکان، ئاوەدانکردنەوەی گوند و ژینگە خاپوورکراو و شێوێندراوەکانی کوردستان و هاوکاریکردن و باشترکردنی گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە توانادا بووبێت کاری بۆ کراوە و هەڵبەتە کاری زۆریش ماوە کە دەبێ بکرێت و حکوومەتی هەرێم بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و کەمتەرخەم نابێت.
لە ئاستی دەرەوەدا ناساندنی ئەم شاڵاوە دڕندانەیە بە جینۆساید کارێکی جددیی حکوومەت بووە، له عێراقیش دادگای تاوانەکان بەر لە هەر لایەنێک ئەم شاڵاوهى بە جینۆساید ناسیوە و هیوادارین لە ڕووی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و گەل و خاکی کوردستانەوە، حکوومەتی عێراق وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی، هەنگاوی جددی و کردەیی بنێت.
کوردستانییانی خۆشەویست..
تاقه گهرهنتى و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر شاڵاوێکی شەڕانگێزانەی ناحەزانی گەلەکەمان هاوشێوهى ئهنفال و ئهو كارهساتهى بهسهر خوشك و برایانى ئێزدیماندا هات، یەکڕیزی و یەکێتیی لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانە، وهك چۆن یەکڕیزیمان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا فاکتەری سەرەکیی سەرخستنی دۆزی ڕەوا و هێنانەدیی ئامانجەکانمانە بۆ ئایندەیەکی گەشى نەوەکانمان و کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لە سایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.
گەلی کوردستان هەمیشە شانازی بە کولتووری لێبوردەییی خۆیەوە دەکات، بەڵام هەرگیز ئەو زام و ئازارانە لەیاد ناکات کە دەستی غەدری ئەوانی دیكه لە جەستە و ویژدان و یادەوەریی نەتەوەییدا دروستیان کردوون، وەک چۆن هەرگیز ئەو دەستی هاوسۆزی و دڵسۆزانەیەش لە یاد ناکات کە لە لایەن دڵسۆزان و دۆستانی مرۆڤایەتی و ژیانەوە بۆی درێژکراون.
سڵاو بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.
ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
١٤/٤/٢٠١٨