سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30/9/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له یه‌كێك له بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن له هه‌ولێر، به‌شداری له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
دوای پرۆسه‌ی ده‌نگدان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێزیان له وته‌یه‌كدا گوتی "ده‌نگدان مافی هه‌ر كه‌س و تاكێكه له‌م وڵاته‌دا و هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه به ئارامی و به شێوه‌یه‌كی ئارام به‌ڕێوه بچن و ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كوردستان بچنه سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆیان له په‌رله‌مانی كوردستاندا. داوا له هه‌موو هاووڵاتیان و ده‌زگاكانی ئه‌منی و ئاسایش ده‌كه‌م هێمنی بپارێزن و زۆر گرنگه ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی هێمنانه و ڕێك‌وپێك به‌ڕێوه بچێت. ئه‌م هه‌ڵبژارنه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه و بۆ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی كه براوه‌یه خه‌ڵكی كوردستانه. ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه ده‌یه‌وه‌ێ له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا له‌م وڵاته نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن. بێگومان ده‌بێت هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین په‌نا به خوا كوردستان له قۆناغێكه‌وه به‌ره‌و قۆناغێكی باشتر ببه‌ین".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به قسه‌ی به‌ڕێزیان بۆ پارت و لایه‌نه‌كانی دیكه و ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی كه له ده‌نگدانی تایبه‌ت به گشتی دروست بوون، به‌ڕێزیان گوتی "له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا هه‌ندێك جار هه‌ندێك كێشه دروست ده‌بن و دوور نین له كێشه، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه نابینین كێشه‌یه‌كی گه‌وره هاتنبێته پێشه‌وه، ته‌نانه‌ت له پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تیشدا به شێوه‌یه‌كی ئارام به‌ڕێوه چوو و هه‌ندێك كێشه هه‌بوو و ئه‌م كێشانه هه‌م كۆمسیۆن له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت كه كاری خۆیانه و نامه‌وێ ده‌ست بخه‌مه ناو كاروباره‌كانیان و هه‌میش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌كه به هێمنی دوور له كێشه به‌ڕێوه‌بچێت".
ده‌رباره‌ی ئه‌و زمانه تونده‌ی كه له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هه‌ڵبژاردن به‌كارهێنرا و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دروستبوونی شه‌ڕ و ناكۆكی، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاشكرای كرد "هیچ ئه‌گه‌رێكی دروستبوونی شه‌ڕ له‌نێوان ئێمه و یه‌كێتیدا نییه و خۆی سروشتی هه‌ڵبژاردن وایه كه كه‌مپه‌ین له هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت لایه‌ن و كاندیده‌كان قسه به یه‌كتری ده‌ڵێن و ده‌یانه‌وێ خۆیان باشتر پیشان بده‌ن و پرۆگرامی خۆیان باشتر بخه‌نه ڕوو. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌موو شته‌كان زۆر زۆر ئاساییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه گرژییه‌كی گه‌وره له‌نێوان لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی هه‌بێت، من وه‌ك شه‌خسی خۆم ئه‌وه نابینم و پێشم وایه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌رچۆنێك بێت، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن كه نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌كانی تێدایه، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌دات. له كۆتاییدا ئه‌مه وڵاتی ئێمه‌یه و ده‌بێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی به‌رین".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه لایه‌نه كوردییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك پاڵێوراو بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراقی فیدرال ڕێكده‌كه‌ون یان هه‌ریه‌كه و به پاڵێوراوی خۆیه‌وه ده‌چێته ناو پرۆسه‌كه‌وه، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار په‌یوه‌ندی به پێكهاته‌ی كورد و كوردستانییه‌كانه‌وه هه‌یه، براده‌رانی یه‌كێتی پاڵێوراوی خۆیان به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح ناردووه و پارتیش به‌ڕێز د. فوئاد حوسێنی پاڵاوتووه، لێره‌دا كام یه‌ك له‌م به‌ڕێزانه ده‌بن به نوێنه‌ری كورد یان ئه‌وانی دیكه، چونكه خه‌ڵكی دیكه‌ش خۆیان هه‌ڵبژاردووه. ئێمه بۆ ده‌رچوون له‌و كێشه‌یه پێشنیارمان كردووه هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له په‌رله‌مانی عێراق كۆببنه‌وه و له‌ناو خۆیاندا یه‌ك كه‌س ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به كاندیدی كورد. ئێمه پێمان باشتره و دروستریش ئه‌وه‌یه كه كورده‌كان خۆیان و كوتله كوردییه‌كان خۆیان ڕێككه‌ون و یه‌ك كاندید دیاری بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و كاندیده نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بكات به شێوه‌یه‌كی گشتی. له گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه قبووڵ بكه‌ن و هیوادارم قبووڵی بكه‌ن. پێویست به‌وه ده‌كات كورد به یه‌ك كاندید بچێته ناو په‌رله‌مان و یه‌ك كاندید ده‌ستنیشان بكات، ئه‌گه‌ر بۆ په‌رله‌مانی جێبهێڵین و سه‌یری بكه‌ین سوننه‌كان خۆیان كاندیدی خۆیان هه‌ڵبژارد و بوو به سه‌رۆكی په‌رله‌مان، برایانی شیعه خه‌ریكن یه‌ك كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده ده‌كه‌ن و ببێته كاندیدیان، بۆ ئێمه‌ی كورد و بۆ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه دروستتره و هیوادارم له‌مباره‌یه‌یه‌وه بگه‌ینه لێكتێگه‌یشتن".
ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كانی دوێنێ شه‌وی كۆمسیۆن و ناڕازیبوونی هه‌ندێك لایه‌ن به تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڕێیان ڕایگه‌یاند "هیوادارم نه‌گاته ئه‌وه، بێگومان وه‌ك باسم كرد كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆیه و چۆن ئێوه ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنتان له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن بیستووه، منیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بیستوومه، ئێمه نه ته‌ده‌خولمان كردووه و نه ویستوومانه به هیچ لایه‌كدا بڕوات و كۆمسیۆن خۆی به‌پێی ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته پێش هه‌ندێك بڕیاریان ده‌ركردووه و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش تێیدا به‌شدارن بوون. پێموایه ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه ده‌ریانكردووه، ته‌نیا بۆ لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو لایه‌ن و حزب و ئه‌و پێكهاتانه‌یه كه به‌شدارن له‌و پرۆسه‌یه‌دا و ڕاستی و دروستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئێمه ڕێزی ئه‌و بڕیارانه بگرین، چونكه بابه‌تێكی ته‌كنیكییه و هیچ بابه‌تێكی سیاسی تێدا نییه كه بڵێی ئه‌م بڕیارانه به هۆكارێكی سیاسی دراون. ئه‌م بڕیارانه بڕیاری ته‌كنیكین و له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌كه كردووه و بڕیاره‌كه‌یان داوه و هیوادارم ئه‌مه نه‌بێته كێشه‌یه‌ك".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی پێكهێنانه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و گفتوگۆكانی له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "پێموایه با جارێ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واو ببێت و ئه‌نجامه‌كان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌وكات به‌رچاوی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان زیاتر ڕوون ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تی داهاتوو به چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت".
ده‌رباره‌ی په‌یامی سه‌رۆك حكوومه‌ت بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان به مه‌به‌ستی پاراستنی ئارامبی ده‌نگدان و پرسی پۆستی سه‌ركۆماری عێراق ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه هیچ ڕێككه‌وتنێك، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "پێشتر په‌یامم به ده‌زگاكانی ئه‌منی داوه و ڕێنمایی پێویستیشم پێیان داوه كه هه‌رچییه‌ك پێویست بێت بۆ هاوكارییكردنی كۆمسیۆن ئه‌نجامی بده‌ن له هه‌موو كوردستان و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌وه‌ی كه له هه‌ر شوێنێك پێویست بكات، كۆمسیۆن داوای هاوكاربی ئێمه و هێزه ئه‌منییه‌كان بكات، ئێمه له خزمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بین و له خزمه‌تی ئه‌وه‌داین كه به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك پرۆسه‌كه به‌ئه‌نجام بگات. سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌ركۆماریش به‌رژوه‌ندی له‌وه‌دا نییه ئێمه به دوو كاندیدی سه‌ركۆماره‌وه بچینه ناو په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و ده‌رفه‌ته كراوه بێت بۆ خه‌ڵكی دیكه ده‌نگ به پۆستێك بده‌ن كه هی حزب و لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه. ڕێگه‌ی دروستی ئه‌م باسه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بابه‌ته له‌ناو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كاندا یه‌كلایی بكرێته‌وه، ئه‌وان كۆببنه‌وه و به‌ڕێزێك یه‌كلا بكه‌نه و به لایه‌نه‌كانی دیكه بڵێن كه كاندیدی ئێمه ئه‌وه‌یه. ئه‌وه باش نییه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بچینه ناو په‌رله‌مان، چونكه یه‌ك حزبه داوای ئه‌و شته ده‌كات و گه‌ر به‌و شێوه‌یه بچین ئه‌و كات لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌ست ناكه‌ن كه ئه‌مه نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌وان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه و لایه‌نه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆببنه‌وه و له‌سه‌ر یه‌ك كاندید ڕێككه‌ون، ئه‌و كاندیده كاندیدی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت".
ده‌رباره‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنانی كاندیدى پۆستی سه‌ركۆمار بۆ ده‌نگی پێویست له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هه‌ڵبژاردن هه‌مووی ڕیسكه كه‌س له ئه‌نجامی سه‌ت له سه‌دت هیچ هه‌ڵبژاردنێك دڵنیا نییه تا بزانێت چۆن ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان پێمانخۆش نییه بگاته ئه‌وه‌ی ئێمه به كێبڕكێوه بچینه ناو په‌رله‌مانی عێراق. حه‌ز ناكه‌ین وابێت، جوان نییه، بۆ كورد ناشرینه و ده‌مانه‌وێ به‌ر له‌وه‌ی بچینه ناو په‌رله‌مان هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان دانیشین و له‌سه‌ر یه‌ك كاندید ڕێكبكه‌وین و بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق كاندیدى بكه‌ین. ئێمه وه‌ك پارتی له‌خۆمان پشتڕاستین و له‌وه ناترسین به كاندیدی خۆمانه‌وه بچینه ناو په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام ئه‌مه باش نییه و ناشرینه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به ماوه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و كه ئایا ئه‌وه‌نده‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌خایه‌نێت، به‌ڕێزیان گوتی "نا په‌نا به‌خوا ئه‌وه‌نده ناخایه‌نێت، با ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌ربچێت دوای ئه‌وه هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌وه ده‌بێت به زووترین كات حكوومه‌ت پێكبهێنرێت."