لە دیدارەكەدا باڵیۆز حەزوری پیرۆزبایی خۆی پێشكەشی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەبۆنی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری فراوانی خەڵكی هەرێمی لەو پرۆسەیەدا نیشاندا كە لەكەش و هەوایەكی دیموكراسیانە بەڕێوەچوو و بە شایەدی چاودێران لە ئاستێكی بەرزدا بوو ، لەلایەكی دیكەشەوە بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیە ترسنۆكانەی كرد كە لە هەولێر ئەنجامدرا و ستایشی هەوڵ و ماندوبوونی دەزگاكانی ئاسایشی كرد كە بە زووترین كات تاوانبارەكانیان ئاشكراكرد.
لە تەوەرێكی دیكەشدا باڵیۆز حەزوری ستایش و دەستخۆشی لە رۆڵ و كاری فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە كرد بۆ قووڵتركردنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و دەسەڵاتدارێتی فەلەستینی و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پالپشتی بەردەوامی بۆ خەباتی گەلی فەلەستین و گێڕانی ئاهەنگی یەكەمین ساڵیادی قبووڵكردنی فەلەستین بە سیفتەی چاودێر لە نەتەوە یەكگرتوەكان.
لەلای خۆشیەوە فەلاح مستەفا دووپاتی لەسەر پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو گەل كرد و هیوای خواست بەرەوپێشتر بچێت و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ دەسەڵات و گەلی فەلەستین نیشاندا بۆ هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی فەلەستین و چالاكیە ئابوریەكان لە داهاتوودا.