ناس کورد- شەهرام عەزیز // نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە لەئێستادا کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردانى ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەڕێوەچوونی مەراسیمی هاوشێوەی کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لە ئێران، بە هۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر بەرەو ئاشتەوایی ڕۆشتن، بەڵام بەرپرسى حیزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕایەکى پێچەوانەى هەیە.
.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2019، لە شاری سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناوداری کورد بەڕێوەچوو.
.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیە زیاتر کۆنگرەیەکی فەرهەنگییە وەک لەوەی سیاسی بێت، وتیشی: “لە ئێستادا هەموو بابەتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنگرانەش، دەکرێت ببنەهۆی زیاتر چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێوان حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران”.
.
“ئامادەبوونی نوێنەری ڕابەڕی شۆڕشی ئێران و جێگری دووەمی حەسەن ڕۆحانی، هاوکات ‘مامۆستا مەزهەری خالقی’ خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە بۆ پەیوەندی هەردوو نەتەوەکە لە ئێراندا”، نازم دەباغ واى وت.
.
ئاماژەی بەوەشکرد: “دۆزی کورد لە ئێراندا تەنها بە ئاشتی چارەسەر دەبێت و لەئێستاشدا بە خەباتی چەکداری هیچ نەتەوەیەک ناگات بە مافەکانی، بەڵکو پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵبدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.
.
ئەو بەپرسەى حکومەتى هەرێم لە تاران، بە پێویستیشی زانى، لە هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور چاو لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت، ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستیان بە خەباتى چەکداریی نییە و پێویستە بە گفتوگۆ هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن.
کۆنگرەی ناودارانی کورد، بۆ یەکەمجارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و تیایدا 30 کەسایەتی و ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، کە دیارترینیان هونەرمەند مەزهەری خالقییە، کە دوای نزیکەی 38 ساڵ دووبارە گەڕایەوە ئێران و لە کۆنگرەکەدا بەشدارە.