سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، داوایلێکردووە سەردانی هەولێر بکات و ئەویش قبوڵیکردووە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، دەمانەوێت پەیوەندی سیاسی و ئابووریمان لەگەڵ فەرەنسا زیاتر پەرە پێبدەین.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ پاریس گوتی: "دوای ئەوەی کە من بوومە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیسانەوە بە فەرمی لەلایەن ئیلیزێوە بانگهێشتکراین و کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو. سوپاسی رۆڵی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسامان کرد لەوەی یارمەتی ئێمەیان دا لە پەیوەندی نێوان ئێمە و بەغدا، ئەوە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە بوو. هەروەها چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و پاریس هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە باسکرا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ رۆڵی گرنگیان لە پرسی شەڕی داعش کە هاوکاری پێشمەرگە بوون، سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کردوویەتی بۆ ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. بڕیاریشماندا هەوڵبدەین پەیوەندی سیاسی و ئابووری خۆمان پەرەپێبدەین".
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد: "لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق، ئەمڕۆ بانگهێشتمانکرد سەردانی هەولێریش بکات، بە سوپاسەوە قبوڵیکرد و هیوادارین لە چوارچێوەی سەردانی بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ماکرۆن زۆر خۆشحاڵبوو ئەمڕۆ گوێبیستی ئەو هەواڵە بوو کە کابینەی نوێەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە. هیوای خواست کە بتوانێ ئەم کابینەیە سەرکەوتوو بێت لە کارەکەیدا".
لە راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەکەش هاتووە: "له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ردوولا دوايين پێشهاته ئه‌منى و سياسييه‌كانى ناوچه‌كه، په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق، دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى هاوكاريكردنى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ ناوچه‌كانيان، تاوتوێ كرد".
هەروەها لە دیدارەکەدا "ماكرۆن، سوپاس و پێزانينى فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى له رووبه‌ڕووبوونه‌وه و شكاندنى تيرۆر و پێشوازيكردنى ئاواره و په‌نابه‌ران و پاراستنى پێكهاته ئایينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه فه‌ره‌نسا له چوارچێوه‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپا و له نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كانيش له پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".