لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی ئەمەریكا زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بە دەرفەتیشی زانی كە سوپاسی تایبەتی خۆی ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی بكات بە بۆنەی ئەو یارمەتییانەی حكوومەت و گەلی كوردستان پێشكەشی ئاوارەكانی سووریایان كردووە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و، هەروەها سوپاس و پێزانینیشی هەبوو بۆ یارمەتیدانی هەرێم بۆ هاوكاری و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكەی عێراق و ئەو هاوكاریانەی كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زار لە پارێزگای مووسڵ لە لایەن هەرێمەوە دەدرێتە ئێزیدی و مەسیحی و شەبەك و كەمایەتییەكانی دیكە. هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئەمەریكا بە ناوی حكوومەتی ئەمەریكا زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد بۆ ئەو بەدواداچوونە جدییەی كە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی كەیسی كوشتنی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە ئارادایە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی ئەمەریكا و شاندی هاوڕێی، ئاماژەی بەوەدا كە هەر چەندە ژمارەی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێم لە سنووری تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە بەڵام یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان بە ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤانە دەزانین و بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنیان و، سەبارەت بە یارمەتیدانی نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكەی عێراق سەرۆك بارزانی پابەندبوونی گەلی كوردستانی بە بنەماكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی دووپات كردەوە. پەیوەست بە تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، سەرۆك بارزانی گوتی: " ئەو تیرۆرە ڕووداوێكی زۆر دڵتەزێن بوو. كاوە گەرمیانی و كەسوكاری ئەو خۆیان قوربانیی ئەنفال بوون و تیرۆربوونی جێگەی داخێكی زۆرە بۆ ئێمە و هەموومانیش پابەند دەبین كە ئازادیی بیروڕا بپارێزین و گەشەشی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین كارەساتی لەمشێوەیە دووبارە لە كوردستاندا ڕوو بدات".
بارودۆخی سووریا و كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 و ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەو تەوەرانە بوون كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق قسەی لەسەر كرا.